http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر
  
 
www.muslimguide.se {{قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللَّـهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعًا الَّذِي لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۖ لَا إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ يُحْيِي وَيُمِيتُ ۖ فَآمِنُوا بِاللَّـهِ وَرَسُولِهِ النَّبِيِّ الْأُمِّيِّ الَّذِي يُؤْمِنُ بِاللَّـهِ وَكَلِمَاتِهِ وَاتَّبِعُوهُ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ ﴿١٥٨﴾}} ألأعراف    {{مَّن يُطِعِ الرَّسُولَ فَقَدْ أَطَاعَ اللَّـهَ ۖ وَمَن تَوَلَّىٰ فَمَا أَرْسَلْنَاكَ عَلَيْهِمْ حَفِيظًا ﴿٨٠﴾}} ألنِّساء.  
 


 
 

www.muslimguide.se

مۆڵەتی جەنگ‌و جیهاد هاتە خوارێ، لەو بارودۆخەدا کە (قوڕەیش) بە دەسەڵات‌و هێزی خۆیدا زۆری دەنازی، پێویست بوو لەسەر موسڵمانان کە دەست بگرن بەسەر ڕێگەی بازرگانیی (مەککە)و (شام)دا، بۆیە پێغەمبەر بۆ ئەو دەست بەسەردا گرتنە دوو نەخشەی دانا:

١ــــ بەستنی پەیماننامەی هاوپەیمانێتی یان دەست‌درێژی نەکردن لەگەڵ هۆزەکانی نزیک ئەو ڕێگەیەدا، یان لەگەڵ ئەو هۆزانەی کە لە نێوان ئەو ڕێگەیەو (مدينة)دا نیشتەجێ ببوون، پێشتر باسی پەیماننامەیەکمان کرد لەگەڵ جولکەدا، هەروەها پەیماننامەی هاوپەیمانەی یان دەستدرێژی نەکردنی بەست لەگەڵ خێڵی (جُهَيْنَة)دا پێش دەستپێکردنی چالاکی سەربازیی، ئەو ماڵانە جێگەو ماڵەکانیان بە سێ قۆناغ لە (مدينة)وە دوور بوون، لە کاتی ناردنی مەفرەزە سەربازیەکاندا پەیماننامەی لەگەڵ ئەوانەدا بەست.
٢ــــ ناردنی چاودێریی یەک لەدوای یەک بۆ سەر ئەو ڕێگەیە.

بۆ جێ‌بەجێ کردنی ئەو دوو نەخشەیە، موسڵمانەکان دەستیان کرد بە چەند جووڵانەوەیەکی سەربازیی وەک دەوریەی چاودێری کردن، ئەو دەوریانە کاریان بریتی بوو لە دۆزینەوەو زانینی ڕیگەکانی دەورووبەری (مدينة)و، ئەو تولە ڕێگانەی کە دەچوونەوە سەر (مەککە)و، بەستنی پەیماننامە لەگەڵ ئەو هۆزانەی لەسەر ئەو ڕێگەیە بوون‌و، خۆ دەرخستن بەڕووی موشریکانی (مدينة)و جولەکەکانی‌و عەرەبە دەشتەکی‌یەکانی دەورووبەریدا، کە موسڵمانەکان بەهێزن‌و وەکو جاران کەم دەست‌و لاواز نین‌و پەیامێکی ئاگادار کردنەوەش بێت بۆ (قوڕەیش)، لەسەر ئەو ملهوڕیەی هەیەتی، تا بەئاگا بێتەوە لەو بێ‌باکی‌و لەخۆبایی بونەی خۆی‌و هەست بکات بە گەورەبوونی ئەو مەترسیەی ڕووی کردۆتە ئابووریەکەی‌و شێوازی گوزەرانی‌و مل بدات بۆ ئاشتی‌و واز بهێنێت لە شەڕ فرۆشتن بە موسڵمانەکان لەناو خانەو لانەی خۆیانداو، واز بهێنێت لە دژایەتیی کردنی ئاینی خواو، ئەشکەنجەدانی ئیماندارانی ناو (مەککە)، بۆ ئەوەش موسڵمانەکان ئازاد بن لە گەیاندنی پەیامی خودای گەورە بە هەموولایەکی دوورگەی عەرەبیدا.

قوڕەیشی‌یەکان عادەتیان وابوو کە لە کاری بازرگانی‌دا هەموو داهاتێکی کشتوکاڵی‌و کەرەستە دەستکردەکانیان لەگاڵ (شام)دا ئاڵوگۆڕ بکەن، هاتوچۆشیان بۆ (شام) هەر لە ڕێگەی (مدينة)وەبوو، پێغەمبەریش وای بە چاک زانی کە یەکێك لە ئامڕازەکانی بەرەنگاربوونەوەی کافران ئەوەیە ڕێگەی بازرگانیی دەرەک‌یان لێ‌بگرێت‌و دەست بگرێت بەسەر بازرگانی‌یەکاندا، تا بەم ڕەنگە سزایان بداتەوەو هێزی داراییشیان کەم کاتەوەو ئەویش ببێتە هۆیەکی تێکشکانیان لەبوارەکانی دیکەدا.

سەریەکان و غەزاکان پێش جەنگی (بدر)ی گەورە (ألغَزْوَات والسَّرَايا قَبْلَ غَزْوَة بَدرٍ الكُبْرى) . . . . . . .

پێغەمبەر لە ماوەی ساڵێک مانەوەو نیشتەجێ بوونی لە (مدينة)دا ئیش‌و کاروبارە ئیداریی‌و سیاسیی‌و کۆمەڵایەتییەکانی ڕێکخستن‌و تەواو کردن، بە تایبەت دروستکردنی مزگەوت‌و، برایەتی نێوان کۆچکەران‌و پشتیوانان‌و، نووسینی دەستوور( ألصَّحيفة) بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی‌و هەڵسوکەوتی موسڵمانان‌و جولەکەکان‌و، شاری (مدينة)ی خستە قۆناغ‌و بارودۆخێکی تایبەتی‌یەوە، بۆیە دوای ئەوانە پێغەمبەر دەستی کرد بە چالاکیی سەربازی لە دژی نەیارەکانی، کە هەر لە پێش کۆچکردنیشەوە بۆ (مدينة) گرفت‌و کیشەو سەرئێشەی زۆریان بۆ دروست کردبوو، وەک ئاژاوە نانەوە لە شاری (مدينة)داو ـــــ وەکو چۆن پێشتر باسمان کرد ـــــ ڕێگرتن لە دانیشتوانەکەی کە بە مەبەستی (حەج‌و عومرە) سەردانی ماڵی خوا بکەن لە (مەککە).

چالاکی‌یە سەربازی‌یەکانی پێغەمبەر یش پێش جەنگی بەدری گەورە (غزوة بدر الكبرى) بریتی بوون لە ناردنی سریەکان‌و خۆیشی سەرکردایەتیی غەزاکانی دەکرد (1)، لێرەدا بەکورتی باسیان دەکەین:

ـــــ سەریەی سیف البحر: لە ڕەمەزانی سالی (١)ی کۆچیدا، پێغەمبەر (٣٠) سوار لە موسڵمانی کۆچکەری ناردوە بۆ کەناری دەریای سوور، بە سەرکردایەتیی حَمْزة ، دوژمن ژمارەی (٣٠٠) سوار بووە لە ئەهلی (مەککە) بە سەرکردایەتی (أبو جَهْل)، بەڵام (مجدي بن عمرو الجهني) کە هاوپەیمانی هەردوو لایان بوو کەوتۆتە نێوان‌و کوشتار ڕووی نەداوە.

ـــــ سەریەی (رابغ)(2): لە شەوالی ساڵی (١)ی کۆچیدا، پێغەمبەر (عبيدة بن الحارث)ی نارد بە (٦٠ تا ٨٠) سواری کۆچکەرانەوە، دوژمنیش لە هۆزی (قوڕەیش) بوو، کە ژمارەیان (٢٠٠) سوارو پیادە زیاتر بوو، بە سەرپەرشتی (أبو سفيان)، لە ناو (ڕابغ) دا هەردوو سوپاکە بەیەکگەیشتن، دەستیان کرد بە شەڕەتیر، بەڵام جەنگی ڕووبەڕوو بوونەوە ڕووی نەدا، وە لەو (سَرِيَّة)دا دوو پیاو لە لەشکری ئەوان هاتنە نێو لەشکری ئیسلامەوە، کە پێشتر لە (مەککە) ئیمانیان هێنابوو، بەڵام لەگەڵ لەشکری ئەوان هاتبوون، بۆ ئەوەی پەیوەندی بکەن بە لەشکری مسوڵمانانەوە، ئەوانیش بریتی بوون لە (ألمقداد بن عمرو البهراني) و (عتبة بن غزوان المازني).

ـــــ سەریەی (ألخرّار)، پێغەمبەر (سعد بن أبي وقاص)ی نارد لەگەڵ (٢٠) سواردا، بۆ ڕێ‌گرتن لە کاروانێکی (قوڕەیش)، کەوتنە ڕێ تا گەیشتنە (ألخرّار)، بەڵام کاروانەکە ڕۆژێک پێش ئەوان دەرچووبوو، بۆیە هیچ کوشتار ڕووی نەداو گەڕانەوە.

ـــــ غَزوة (ألأبواء) يان (ودَّان)(3)، کە ئەمە یەکەمین غەزا بووە پێغەمبەر پێ‌ی هەستاوەو، لە (صَفَر)ی ساڵی (٢)ی کۆچیدا بووە، پێغەمبەر (سعد بن عَبادة)ی کرد بە جێنشین لە (مدينة)داو خۆی چوو بۆ ڕێگەی کاروانێکی (قوڕەیش) بەرەو (أبواء) ڕۆیشتن هەتا گەیشتنە (ودَّان)، بەڵام کاروانەکە تێپەڕیبوو، لەوێدا پەیمانی (موادعة)ی لەگەڵ (بني ضَمرة)دا کردوە، (موادعة)ش واتە: واز لەیەکدیهێنان‌و بێ لایەنبوون.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەتەکە، تکایە بڕۆ بۆ لاپەڕی "٢" . . .





  1. (غَزْوَة): بەو جەنگانە دەگوترێ کە پێغەمبەر بەشداریی تێدا کردوون‌و سەرپەرشتی کردوون وکو: بَدْر و أُحُد و حُنَيْن و تَبوك.
    (سَرِيَّة): بەو چالاکی‌یە سەربازی‌یانە دەگوترێ، کە پێغەمبەر بەشداریی تێدا نەکردوون، ئەگەرچی گەورەش بووبن‌و جەنگیان تێیدا ڕوودابێت، جگە لە جەنگی (مُؤتَة)، کە مێژوو نووسان ناویان لێناوە (غَزْوَة مُؤتَة)، جونکە هێزێکی زۆر لە موسڵمانان بەشداریی تێدا کردوە، کە ژمارەی (٣٠٠٠) جەنگاوەر بووەو، سێ لەسەرکردەکانی جەنگی موسڵمانانیشی تێدا شەهید کراون (زَيد بن حارِثَة و جَعفَر بن أَبي طالِب و عبدالله بن رَواحَة) خوا لێ‌یان ڕازی بێت.
  2. بڕوانە: (ألسيرة النبوية لابن هشام)، ج٢، ص ٣١٩
  3. هەمان سەچاوەو بەرگ‌و لاپەڕە.

    بۆ سەرەوە
 
 

www.muslimguide.se
      خەلیفەکانی ڕاشیدین

عومەری کوڕی عبدالعزیز

ژیاننامەی پێغەمبەران peghambar.muslimguide.se

 

M U S L I M G U I D E . S E ©

پەیوەندی:   tajweed.kurdi@gmail.com