http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر
  
 
www.muslimguide.se {{قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللَّـهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعًا الَّذِي لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۖ لَا إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ يُحْيِي وَيُمِيتُ ۖ فَآمِنُوا بِاللَّـهِ وَرَسُولِهِ النَّبِيِّ الْأُمِّيِّ الَّذِي يُؤْمِنُ بِاللَّـهِ وَكَلِمَاتِهِ وَاتَّبِعُوهُ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ ﴿١٥٨﴾}} ألأعراف    {{مَّن يُطِعِ الرَّسُولَ فَقَدْ أَطَاعَ اللَّـهَ ۖ وَمَن تَوَلَّىٰ فَمَا أَرْسَلْنَاكَ عَلَيْهِمْ حَفِيظًا ﴿٨٠﴾}} ألنِّساء.  
 


 
 

www.muslimguide.se

بێ‌باوەڕان کاتێک دیتیان ئەوا موسڵمانان ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەیان زیاد دەکات، دەستیان کرد بە کاری خراپە لە دژی پێغەمبەر ()، بۆ ئەوەی پەرچ‌و لەمپەر بخەنە بەردەم بانگەوازەکەی‌و دەستی پێ‌هەڵبگرن لەو پەیام‌و بەرنامەو بانگەوازەی کە خوای پەروەردگار پێ‌یدا ناردوەو، فەرمانی پێ‌کردوە کە ڕایبگەیەنێ.
ئەوەبوو کەسانی بەدکارو شەڕەنگێژیان دەنارد بۆ سووکایەتی پێ‌کردن بەخۆی‌و ئەو باوەڕدارانەی لە گەڵی‌دابوون تاکو زیانێکی زۆریان پێ‌بگەیەنن.

ئازاردانی دەروونی‌و جەستەیی پێغەمبەر () . . . . . . .

دەربارەی ئەو هەموو ئازاردان‌و بەدکاری‌یانە پێغەمبەر () فەرموویەتی:
عَنْ أَنَسٍ () قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ (): «لَقَدْ أُخِفْتُ فِي اللَّهِ وَمَا يُخَافُ أَحَدٌ وَلَقَدْ أُوذِيتُ فِي اللَّهِ وَمَا يُؤْذَى أَحَدٌ وَلَقَدْ أَتَتْ عَلَيَّ ثَلَاثُونَ مِنْ بَيْنِ يَوْمٍ وَلَيْلَةٍ وَمَا لِي وَلِبِلَالٍ طَعَامٌ يَأْكُلُهُ ذُو كَبِدٍ إِلَّا شَيْءٌ يُوَارِيهِ إِبْطُ بِلَالٍ» (1).
واتە: بەڕاستی لەپێناوی دینی خوادا ئازارێکی وەها دراوم کە هیچ کەسێک ئاوا ئازار نەدراوە، هەروەها بە شێوەیەک لەو پێناوەدا تۆقینراوم کە هیچ کەسێک ئاوا نەترسێنراوە، هەروەکا ماوەی وەهام بەسەردا تێ‌پەڕیوەو کە سی شەوو سی ڕۆژ من و (بیلال) خۆراکێکی وامان لا نەبووە کە بەشی زیندەوەرێک بکات تەنها ئەوەندە نەبیت کە (بیلال) بۆ هاتوچۆو سەفەر لەبن دەستی نابێت‌و بەشێکی پێویستیی خۆی پێ مەیسەر‌کردبێت(2).

لەناو قورەیش (أبوجهل)(3) کە یەکێک بوو لە گەورە پیاوانیان، لە هەموویان زیاتر ئازاری پێغەمبەری () دا، بۆ نموونە لەو ئازارانەی کە بە پێغەمبەر
() گەیشتووە:
ڕۆژێک پێغەمبەر () لە (کەعبە) نوێژی دەکرد و (ئەبو جەهل) ئەمری کرد کە پیسایی‌و ڕیخۆلەی حوشتر بێنن‌و لەکاتی سەجدەدا بیکەن بەسەری‌دا، (عقبة بن أبي معيط) کە لەهەموویان خراپترو بەدبەختتر بوو چوو هێنای‌و خستی‌یە سەر شان‌و ملی پێغەمبەر () کاتێک ئەو کارە ناشیاوو ناڕەوایەیان ئەنجام دا، (ئەبو جەهل)و پیاوانی (قورەیش) سەیری یەکدی‌یان دەکردو پێدەکەنین‌و‌ دڵخۆش بوون بەو کارە ناشیرینەیان، کەس‌ نەیدەوێرا لای ببات هەتا فاطمة ()ی کچی هات‌و پیسای‌یەکەی لابرد‌و پاکی کردەوەو، پێغەمبەریش () سەری بەرز کردەوەو فەرمووی: خوایە تۆڵە لە (قورەیش) بستێنی، سێ جاران ئەوەی دووبارە کردەوە کە ئەوە لەسەریان ناخۆش بوو، وە دیانزانی ئەو دووعایەی پێغەمبەر () لەم شوێنەدا گیرا دەبێ، دوایی ناوی هێندێکیانی هێناو گوتی: خوایە تۆڵە بستێنی لە ئەبو جەهل، خوایە تۆڵە لە (عتبة وشيبة و وليد و أمية و عقبة) بستێنی، إبن مسعود () دەڵی: سوێند بەو کەسەی نەفسی منی بەدەستە، ئەوانەی پێغەمبەر () دووعای لێ‌کردن لە غەزای (بدر)دا هەموویان لەنێو چوون‌و فڕێدرانە نێو چاڵیکەوە لە (بدر) کە پێ‌یان دەگوت (قلیب بدر) (4).

هەروەها (نضر بن الحارث) یەکێکی دی بوو کە زۆر ئازاری پێغەمبەری ()و دوژمنایەتی‌یەکەی لەگەڵدا خەست کردبۆوە، وە چوو بوو بۆ حيرة (پایتەختی دەوڵەتی غەساسینەکانی ڕۆم لە نزیک شام) جا لەوێ هێندێک شت لە بەسەرهاتی پادشاکانی فارس وەکو ڕۆستەم‌و ئەسبەندیار . . . هتد، فێرببوو، کاتێک کە پێغەمبەر () دادەنیشت باسی خوای بۆ خەڵکی دەکرد وە باسی بەسەرهاتی میللەتانی پێشووی بۆ دەکردن، کە خوا چی بەسەر هێناون‌و ئەگەر ئیمان نەهێنن هەمان چارەنووس چاوەڕێ‌یان دەکات، (نضر بن الحارث) لەدوای پێغەمبەر () دەچوو بۆ هەمان کۆڕو مەجلیس دادەنیشت‌و لەدژی پێغەمبەر () قسەی دەکردو بەرپەرچی قسەکانی دەدایەوەو دەیگوت: وەرن ئەی کۆمەڵی قورەیش، من قسەی باشترم لایەو بەسەرهاتی باشترتان بۆ دەخوێنمەوەو، بەسەرهاتی پادشاکانی فارس‌و حیکایەتی ڕۆستەم‌و ئەسبەندیاری بۆ دەخوێندنەوە، دوایی دەیگوت: بەچی حیکایەت‌و بەسەرهاتی موحەممەد لەهی من خۆشترن؟! . . .

(أبو لَهَب) ناوی (عبدالعُزَّى) بووە، وەهەتا بڵێ‌ی پیاوێکی بەدفەڕو خراپ بووە، خێزانەکەی ناوی (أم جميل) بوو و خوشکی (أبو سفيان) بوو کە ئەویش ئافرەتێکی بەدڕەفتارو دوژمنی پێغەمبەر () بوو، زۆر جار دڕك‌و داڵی هێناوەو لەسەر ڕێ‌و لەبەردەم ماڵی پێغەمبەر () داناوە بە مەبەستی ئازاردانی، وە ژنێکی زمان درێژ بووەو درۆو دەلەسەی زۆری بۆ پێغەمبەر هەڵبەستووەو ئاگری فیتنەی هەڵکردووە.

یەکێکی دی لەو کەسانەی کە ئازاری پێغەمبەریان () دەدا (عقبة بن أبي معيط)بوو. ئەم کابرایە جارێکیان کە پێغەمبەر () لە کەعبەدا نوێژی دەکرد دەچێت کراسەکەی توند لە ملی شەتەک دەدات‌و خەریک بوو بیخنکێنێت هەتا أبو بكر () فریای دەکەوێت‌و کەمەری (عقبة) ڕادەوەشێنێت‌و لە پێغەمبەری دووردەخاتەوەو پێیشی دەڵێ: ئایا پیاوێک دەکوژن کە تەنها دەڵێت پەروەردگارم (ألله)یەو بەڵگەی ڕوون‌و ئاشکراشی لە خودای پەروەردگارتانەوە بۆ هێناون؟

ئینجا پێغەمبەر () دڵی خۆش دەبوو کاتێک کە قوڕەیش‌یەکان قسەو جنێویان بە (مُذَمّم)(5) دەگوت، وە دەیفەرموو:
«أَلَا تَعْجَبُونَ كَيْفَ يَصْرِفُ اللَّهُ عَنِّي شَتْمَ قُرَيْشٍ وَلَعْنَهُمْ يَشْتِمُونَ مُذَمَّمًا وَيَلْعَنُونَ مُذَمَّمًا وَأَنَا مُحَمَّدٌ» (6)
واتە: ئایا سەرتان سوڕنامینێ کە چۆن خوا جنێوو نەفرەتی قوڕەیشی‌یەکان لەمن دوور دەخاتەوە! ئەوان جنێو بە (مُذَمَّم) دەڵین‌و نەفرەت لە (مُذَمَّم) دەکەن‌و منیش ناوم (مُحَمَّد)ە، واتە من ستایش کراوم، بەڵام ئەوان قسە بە کەسێکی زەمکراو دەڵێن، کە من ئەو نیم.

هەروەها (أبو لَهَب)ی مامی عادەتی وابوو کە هەمیشە بەدوای پێغەمبەرەوە بوو () لە شوێنە گشتی‌یەکان‌و بازاڕو کاتەکانی حەج و . . . هتد، دەیگوت: هەرچی‌یەک کە ئەو پیاوە دەیڵێت وانیەو ڕاست ناکات، بۆ وێنە کاتێک پێغەمبەر () لەگەڵ خەڵکیدا قسەی دەکردو بانگی دەکردن بۆ ئیسلام، ئەو دەهات‌و دەیگوت: ئەوە برازای منەو شێتەو لە قسەکانیدا ڕاست ناکات‌و منیش ڕیش سپیم وە فڵانی کوڕی فڵانم بەقسەی مەکەن، جا بۆیە خوای دادگەر لەنێو هەموو دوژمنانی پێغەمبەردا () هەڕەشەی لە (أبو لَهَب) کردوە لە سورەتی (ألمَسَد)دا بەو (كنية)یەی کە پێ‌ی مەشهور بووە، ئەگەر نا خۆی ناوی (عبد العزى) بووە.

هەروەها ڕۆژێکیان پێغەمبەر () دەگەڕیتەوە بۆ ماڵەوەو خۆڵ‌و تۆز بەسەری‌یەوە دەبێت (هێندێک کەس لە نەفام‌و بەدڕەوشتەکان کردبووی بەسەریدا)، یەکێک لە کچەکانی خێڕا هەڵدەستێت‌و سەری بۆ دەشوات‌و دەگری، بەلام پێغەمبەر پێ‌ی دەفەرموێت: کچم مەگری، دڵنیابە خودا پارێزەری بابتە.

لە ڕیوایەتێکدا ئەگەر پێغەمبەری خوا () بڕۆشتایە بە ڕێگادا (حەکەمی کوڕی عاص) لاسایی ڕۆیشتنەکەی پێغەمبەری () دەکردەوە، چۆن بڕۆشتایە ئەویش ئاوا دەڕۆیشت لەپێش چاوی خەڵکیداو لاسایی دەکردەوە بۆ ئەوەی لەناو خەڵکدا گاڵتەی پێ‌بکات، کاتێک پێغەمبەر () بینی بەو شێوەیە لاسایی دەکاتەوە فەرمووی: "كُنْ كَذَلِكَ". واتە: هەتا هەیت هەر وابیت، ئەوەبوو هەتا ئەو کابرایە لە ژیاندا بوو، تووشی لەرزۆکی ببوو (7).

جارێکیان (أبو جهل) بەردێکی گەورەی بەدەستەوە گرتبوو تا بیدات بەسەری پێغەمبەردا ()و بیکوژێت، بۆ ئەم مەبەستەش چاودێریی‌ی کردووە تا دەچێتە شوینی نوێژکردنی لە (کەعبە)داو دەست بەنوێژ دەکات‌و کاتێک دەچێتە سەجدەوە (أبو جهل) دەیەوێت بەردەکەی پێدابکێشێت، بەڵام خودای گەورە لەوساتەدا ترس‌و بیمێکی وەها دەخاتە دڵی (أبو جهل)ـەوە تا وای لێ‌دێت لەو کارە پاشگەزبێتەوەو ڕەنگی دەم‌و چاویشی تێک دەچێت‌و بەدڵە لەرزی‌یەوە دەگەڕیتەوە پاش.

جارێکی دیش هەر(أبو جهل) لە شاخی (صفا) بە پێغەمبەر () دەگات‌و ئازاری دەدات بە جنێوو قسەی نابەجێ بێ‌حورمەتی بە پەیام‌و ئاینەکەی دەکات‌و تیروتوانجی لێ‌دەدات (8).

ئەوەشمان لەیاد نەچێت کە پێغەمبەر () مرۆڤێکی وانەبووە هەموو کەسێک بتوانێت لە شاری (مەککە) ئەوەی کە دەیەوێت بەرانبەری ئەنجامی بدات، چونکە یەکێک بوو لە گەورە پیاوانی (بني هاشم)و أبو طالب سەرکردایەتی (بنو عبد المناف و بني هاشم وبنو قصي) دەکرد بە هەرسێ هۆزەکەوە لە وتەی أبو طالب دەرنەدەچوون، وە أبو طالب بە هەموو توانایەکی‌یەوە لە پشتی پێغەمبەر () بوو، ئەگەر ئەو هۆکارانە خوای گەورە () نەیخستایەتە ئارا بۆ پارێزگاری کردنی پێغەمبەر ()، هەر لەسەرەتاوە دەیان کوشت، بەڵام خوای گەورە () لەسەرەتاوە پێغەمبەری خۆی () پاراستووە (9).


بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەتەکە، تکایە بڕۆ بۆ لاپەڕی "٢" . . .






  1. اخرجه الترمذي و إبن ماجة
  2. (بیلال) کارگوزار (خادم)ێکی پیغەمبەر بووە.
  3. نازناوی (ئەبولحەکەم) بووەو، ناویشی (عەمری کوڕی هیشامی کوڕی موغیرەی مەخزومییە) . . . . پێغەمبەری خودا () نازناوی (ئەبو جەهل)ی لێ‌ناوەو، بەفیرعەونی ئەم ئوممەتەی لەقەڵەم داوە، چونکە لەهەموو کەس زیاتر دژایەتی دینی ئیسلامی دەکرد. . . جگە لەوەی حەزی لەکوفروستەم بوو لەولاشەوە ڕقی لەنەوەی هـاشــم بوو.
  4. صحيح البخاري رقم ٢٤٠
  5. مُذَمّم: واتە،کەسێکی زەمکراو، پێجەوانەی مانای (مُحَمَّد)ە کە مانای (ستایشکراو)ە.
  6. صحيح البخاري برقم: ٣٥٣٣
  7. أخرجه الحاكم (٦٢١/٢) وصححه البيهقي في: دلائل النبوة (٢٣٩٨/٦).
  8. سيرة ابن هشام ج١
  9. مامۆستا محمد ملا فائق، ژیانی پێغەمبەری خوا () لە قورئان‌و فەرموودەدا، لاپەڕە، ٧٩

    بۆ سەرەوە
 
 

www.muslimguide.se
      خەلیفەکانی ڕاشیدین

عومەری کوڕی عبدالعزیز

ژیاننامەی پێغەمبەران peghambar.muslimguide.se

 

M U S L I M G U I D E . S E ©

پەیوەندی:   tajweed.kurdi@gmail.com