http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر
  
 
www.muslimguide.se {{قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللَّـهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعًا الَّذِي لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۖ لَا إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ يُحْيِي وَيُمِيتُ ۖ فَآمِنُوا بِاللَّـهِ وَرَسُولِهِ النَّبِيِّ الْأُمِّيِّ الَّذِي يُؤْمِنُ بِاللَّـهِ وَكَلِمَاتِهِ وَاتَّبِعُوهُ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ ﴿١٥٨﴾}} ألأعراف    {{مَّن يُطِعِ الرَّسُولَ فَقَدْ أَطَاعَ اللَّـهَ ۖ وَمَن تَوَلَّىٰ فَمَا أَرْسَلْنَاكَ عَلَيْهِمْ حَفِيظًا ﴿٨٠﴾}} ألنِّساء.  
 


 
 

www.muslimguide.se

ئەو جەنگە بۆیە ناونراوە بە (جەنگی بەدر) چونکە لە دەورووبەری بیری (بەدر) ڕوویداوە، لە نێوان سوپای ئیسلام بە سەرکردایەتی پێغەمبەر و کافرەکانی (قوڕەیش) بە سەرکردایەتی (أبو جهل).

کــــــاروانە گــــــەورەکەی قــــــوڕەیش . . . . . . .

(ابن هشام)(1) لە (إبن إسحاق) دەگێڕێتەوە، دەڵێ: پێغەمبەر بیستی لە (شام)ـەوە کاروانێکی بازرگانیی گەورەی (قوڕەیش)(2) کە سەروەت‌و سامانێکی زۆری (قوڕەیش)ی‌یەکانی تێدایە دەگەڕیتەوە بۆ مەککە، سەرقافڵەی کاروانەکەش (أبو سفيان بن حرب)ـەو سی پیاو یان چل پیاو سەرپەرشتی ئەو کاروانە دەکەن، بۆیە پێغەمبەر هانی موسڵمانانی‌دا، فەرمووی:
«هَذِهِ عِيرُ قُرَيْشٍ، فِيهَا أَمْوَالُهُمْ، فَاخْرُجُوا إِلَيْهَا، لَعَلَّ اللَّهَ أَنْ يُنَفِّلَكُمُوهَا».
واتە: ئەوە کاروانی (قوڕەیش)ی‌یەکانەو ماڵ‌و سامانی ئەوانی تێدایە، بۆی بچن بەڵکو خوا بیکاتە دەستکەوت (غَنيمَة)ی ئێوە.

لە سەرەتاوە پێغەمبەر و سوپاکەی مەبەستیان جەنگ نەبوو، بەڵکو بە تەما بوو ڕێگە بەم کاروانە بگرێت‌و دەست بەسەر کەلوپەلەکانیشیا بگرێت تاکو زیانی دارایی بەسەرانی (قوڕەیش) بگەیەنێت‌و داخ بکاتە دڵیانەوە، وە لەلایەکی دیکەشەوە(قوڕەیش)ی‌یەکان ماڵ‌و سەروەت‌و سامانی زۆری موسڵمانانیان لە (مەککە) داگیر کردبوو، هەربۆیەش وەک تۆڵەیەک ڕەوابوو دەست بگرن بەسەر کاروانەکەدا.

بۆ ئەم مەبەستە داوای لە هاوەڵان کرد لەگەڵیدا دەرچن بۆ دەست بەسەرداگرتنی کاروانەکەو ئەوانیش ملکەچی فەرمان بوون‌و (٣١٣) پیاو لە هاوەڵانی بەڕێزی ئامادەی‌یان پێشان دا لەو کارەدا، بەڵام پێش دەرچوونی سوپای ئیسلام پێغەمبەر دووکەسی لە هاوەڵانی نارد بۆ چاودێری کردنی کاروانەکەو کۆکردنەوەی زانیاری لەسەری، هەردوو چاودێرەکە بەڕێ‌کەوتن هەتا گەیشتنە ناوچەیەکی (جُهَيني) نزیک کەناری دەریاو، پرسیاریان لە دانیشتووەکەی کرد سەبارەت بە کاروانەکە ئەوانیش هەواڵی کاروانەکەیان پێ‌ڕاگەیاندن، پاشان هەردووکیان گەرانەوە شاری (مدينة)و هەواڵ‌و زانیاری‌یەکانیان گەیاندە پێغەمبەر و ئەویش موسڵمانانی ئاگادار کردەوە بۆ دەرچوون، پێغەمبەر هیچ کەسێکی بەدەرچوون ناچار نەکرد، بەڵکو وازی لێ‌هێنان بۆ حەزی خۆیان، چونکە چاوەروانی نەدەکرد ئەو شەڕو پێکدادانە ڕووبدات، هەروەها زۆرێک لە (مدينة) مانەوە، چونکە پێ‌یان وابوو ئەو دەرچوونە وەکو دەرچوونی سریەکانی دیکەی پێغەمبەرە ، بۆیە پێغەمبەریش سەرزەنشتی هیچ کەسێکی نەکرد کە نەهاتبێ بۆ ئەو غەزایە.

دیارە ژمارەی بەشداربووان لەو غەزایەدا ژمارەیەکی باش بوو بۆ ڕێگەگرتن بەکاروانەکەو پێغەمبەریش ئەوەندەیانی لێ‌دیاری کردو ڕێگەیان بەرەو (بەدر) گرتەبەر، چونکە ئەو کاروانانەی کە بەڕێگەی کەناردا لە (شام)ـەوە دەگەڕانەوە بۆ (مەککە) بە (بەدر)دا تێدەپەڕین. ماوەی نیوان مدينة (يثرب)و (بەدر)یش پتر لە (١٦٠) کیلۆمەتر دەبێت.

پێغەمبەر خۆی‌و هەموو هاوەڵانی ئەو وڵاخانەی کە پێ‌یان بووە بۆ سواربوون (٢) ئەسپ‌‌و (٧٠) حوشتر بووە، وە بەنۆرە سواریان دەبوون، بۆ وێنە: پێغەمبەر خۆی‌و (علي بن أبي طالب و مرثد بن أبي مرثد الغنوي) بە هەرسێکیان نۆرەیان لە حوشترێکی کردوە بۆ سواربوونی، (علي و مرثد) گوتیان ئەی پێغەمبەری خوا ئێمە بە پێ‌یان دەڕۆین‌و هەر تۆ سواربە، پێغەمبەریش فەرمووی: نەخێر نە ئێوە لەمن بەهێزترن لە ڕۆیشتندا، وە نەمنیش کەمتر لەئێوە پێویستیم بە پاداشت هەیە: «مَا أَنْتُمَا بِأَقْوَى عَلَى الْمَشْيِ مِنِّي، وَمَا أَنَا بِأَغْنَى عَنِ الأَجْرِ مِنْكُمَا» (3).

لــەدەست دەرچـوونی کـاروانـەکە . . . . . . .

(أبو سفيان)(4) ئەو هەواڵەی کەوتە بەر گوێ کەوا پێغەمبەر بەخۆی‌و کۆمەڵێک لە هاوەڵانی دەرچوون بۆ دەست گرتن بەسەر کاروانەکەدا، بەپەلە (عمرو بن ضمضم) دەنێرێ بۆ (مەککە) تا لەو هەواڵە ئاگاداریان کاتەوە، خۆیشی ڕێڕوەی کاروانەکە دەگۆڕێ، کە (عمرو بن ضمضم) نزیکی (مەککە) دەبێ، یەخەی خۆی دادەدڕێ‌و ئەو حوشترەش کە سواری بووە لووتی دەبڕێ، ئنجا بەدەنگی بڵند هاوار دەکاو دەڵێ: بگەنە کاروانی سەروەت‌و سامانتان لەگەڵ (أبو سفيان)ـەوە، موحەممەدو هاوەڵەکانی ڕێ‌ی پێ‌دەگرن، ئەگەر زۆر بەخێرایی نەڕۆن پێم وانیە فریای بکەون.

پێغەمبەری خوا خۆی ئامادەکرد بۆ دەرچوون، (٣١٩) لە هاوەڵانی بەڕێزی لەگەڵ خۆیدا بردو، بەو سوپا نائامادەوە کەوتە ڕێ بەرەو ئەو شوێنە کە بە بۆچوونی ئەوان کاروانەکەی پێدا دێت، وە (إبن أم مكتوم)ی بۆ نوێژو ئیمامەت بەسەر (مدينة)ەوە بەجێ هێشت، کە دەگەنە شوێنێک بەناوی (ألروحاء) ئەوجا (أبو لبابة بن عبد المنذر) دەنێرێتەوەو دەیکاتە سەرداری (مدينة) (5).

کاتێک کە هەواڵی کاروانەکە گەیشتە (مەککە)، گەورەپیاوانی (قوڕەیش) زۆر تووڕەو ناڕەحەت دەبن‌و دەکەونەخۆ بۆ بەهاناوە چوونی کاروانەکەیان، بۆ ئەم مەبەستەش لەشکرێک ساز دەکەن کە ژمارەیان دەوری (١٠٠٠) کەس دەبێ، لەژێر سەرکردایەتی‌ی گەورەکانیاندا، بە هەموو پێداویستی‌یەکانی جەنگەوە، لەگەڵ (١٠٠) ئەسپ‌و (٧٠٠) حوشتریشیان پێ‌دەبێ.

سوپای (مەککە) دەکەوێتە جووڵە . . . . . .

(قوڕەیش)یەکان بە سەرکردایەتی عمرو بن هشام (أبو جهل) لە (مەککە) بەڕێ دەکەون بۆ ئەو شوێنەی کە پێ‌یان وایە پێغەمبەر لەوێ ڕێ لە کاروانەکە دەگرێ، بەشێوەیەکی زۆر خێرا سوپاکە بەرەو باکوورو ئاڕاستەی (بەدر) کەوتە ڕێ، ڕێچکەی شیوی (عسفان)یان گرتە بەر، پاشان (قدید) و (جحفة)و لەوێدا لەلایەن (أبو سفيان)ـەوە نامەیەکیان پێ‌گەیشت کە تێیدا پێ‌یان دەڵێت: ئێوە بۆ ئەمە درچوون کە کاروانەکەو پیاوەکانتان‌و ماڵ‌و سامانەکەتان ڕزگار بکەن، ئەوە خودا ڕزگاری کرد کەواتە بگەڕێنەوە (چونکە هیچ مەترسی‌یەک نەماوە)، بەڵام (أبو جهل) شەیدای جەنگ دەبێت‌و بە لووت بەرزی‌و لەخۆبایی بوونێکەوە هەستایە سەرپێ‌وگوتی: دەسا بەخوا ناگەڕێ‌ینەوە تا نەچینە سەر ئاوی (بەدر)، سێ ڕۆژ تێیدا دەمێنینەوەو ئاژەڵ سەردەبڕین‌و، مەی دەخۆینەوە، کەنیزەکان گۆرانیمان بۆ بڵێن‌و سەمامان بۆ بکەن‌و هەموو عەرەبیش دنگوباسمان ببیستن‌و ئاگاداری ئەم هاتنەمان بن‌و هەواڵی ئەم هێزو سوپایەمان بزانن تاکو هەمیشە لێمان بترسن.

بێگومان ئەمان بەو لووتبەرزی‌و خۆهەڵنانەیان وایان لێ‌هاتبوو کە خودا بیانکات بە پەندو عیبرەت‌و دەربارەیان بفەرموێت:‌
{{وَلَا تَكُونُوا كَالَّذِينَ خَرَجُوا مِن دِيَارِهِم بَطَرًا وَرِئَاءَ النَّاسِ . . . . . . . ﴿٤٧﴾}} ألأنْفال.
نەکەن وەکو ئەوانە بن کە لەبەر ڕووپامایی بۆ خەڵک لە ماڵەوە (واتە: کە لە مەککەوە بەسەرکردایەتی ئەبو جەهل) دەرچوون‌و فشەو کەشخەیان دەکرد، تاکو لەبەرچاوی خەڵک دیاربن‌و وایان وەسف کەن کە گوایە بەهێزو بەسامن . . . .

هەندێک لەوانەی دوای سوپاکەی (أبو جهل) کەوتبوون دوودڵ‌و بێ‌ئارام بوون لەو کارە، ئەوەبوو چەند کەسێکیان لێ‌گەڕایەوە، بەڵام هەموو ئەوانی دی لە (قوڕەیش) دوای (أبو جهل) کەوتن‌و ڕیگەیان بڕی تا گەیشتنە دۆلی (بدر)و لە ڕۆخی ئەمپەڕو دوور لە شوێنەکە لایان‌دا.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەتەکە، تکایە بڕۆ بۆ لاپەڕی "٢" . . .





  1. (ألسيرة النبوية لابن هشام)، ج٢، ص ٣٢٧.
  2. هەر ئەو کاروانە بوو (وەک چۆن پێشتر باسمان کرد)، پێغەمبەر و کۆچکەرەکان چوونە ڕێگەی لە (ألعُشَيرة)‌و زانیان تێپەڕبووە، گەرانەوە.
  3. رواه أحمد والنَّسائي، بڕوانە: (ألبداية والنِّهاية)، ج٣، ص ٢٩٧.
  4. (ألسيرة النبوية لابن هشام)، ج٢، ص ٣٢٩.
  5. (ألسيرة النبوية لابن هشام)، ج٢، ص ٣٣١.

    بۆ سەرەوە
 
 

www.muslimguide.se
      خەلیفەکانی ڕاشیدین

عومەری کوڕی عبدالعزیز

 

M U S L I M G U I D E . S E ©

پەیوەندی:   tajweed.kurdi@gmail.com