http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر
  
 
www.muslimguide.se {{قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللَّـهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعًا الَّذِي لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۖ لَا إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ يُحْيِي وَيُمِيتُ ۖ فَآمِنُوا بِاللَّـهِ وَرَسُولِهِ النَّبِيِّ الْأُمِّيِّ الَّذِي يُؤْمِنُ بِاللَّـهِ وَكَلِمَاتِهِ وَاتَّبِعُوهُ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ ﴿١٥٨﴾}} ألأعراف    {{مَّن يُطِعِ الرَّسُولَ فَقَدْ أَطَاعَ اللَّـهَ ۖ وَمَن تَوَلَّىٰ فَمَا أَرْسَلْنَاكَ عَلَيْهِمْ حَفِيظًا ﴿٨٠﴾}} ألنِّساء.  
 


 
 

www.muslimguide.se

سەرەتای بانگەوازی پێغەمبەر () بۆ ئیسلام بە شێوەیەکی نهێنی بوو لە گەڵ چەند کەسانێکی کەمدا بوو کە متمانەی پێ‌دەکردن، یەکەم کەسیش کە باوەڕی پێ‌هێنا (خديجة)ی هاوسەری بوو، دووەمین کەس کە ئیمانی بە پێغەمبەر () هێناوە (علي بن أبي طالب ) بووە، کە ئەو کات تەمەنی (١٠) ساڵ بووەو، یەکەمین کەسیش لە منداڵان بووە کە ئیمانی بە پێغەمبەر () هێناوە(1).

سێ‌یەمین کەسیش کە ئیمانی بە پێغەمبەر () هێناوە زەید ــ ی کوڕی حارثة بووە () کە بە کوڕکراو (متبنَى)ی بووە، هەروەها کچەکانی پێغەمبەر
() یەکەمین کەسانێک بوون کە ئیمانیان بە پێغەمبەر () هێناوە، کە بریتی بوون لە: زَينَب، أُمُّ كُلثُوم، رُقَيَّة، فاطِمَة ــ خوا لێ‌یان ڕازی بێ ــ، بۆیە دەتوانین بڵێین لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا ئەو خێزانەی پێغەمبەر () یەکەمین خشت بووە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگای ئیسلامی.

(أبوبكر الصِدِّيق)، یەکەم کەس لە دەرەوەی ماڵی پێغەمبەر ()، کە ناودارو کەسایەتی (مەککە) بووەو ئیمانی بە پێغەمبەر () هێناوە. چەند کەسێکی کەمیش لە ئەشراف‌و پیاوماقووڵان لە سەرەتادا باوەڕیان پێ هێنا، وەک: (عثمان بن عفان، عبدالرحمن بن عوف، الزبير بن العوام، طلحة بن عبيدالله، سعد بن أبي وقاص ــ خوا لە هەموویان ڕازی بێ ــ).

لەو ماوەیەدا واتە ماوەی بانگەوازی نهێنی ئەوانەی کە ئیمانیان بە پێغەمبەر () هێنا، کە سەرجەم لەگەڵ ئەوانەی نێو ماڵی پێغەمبەرو ئەبوبەکرو هاوەڵەکانی ژمارەیان دەبێ بە (٦١) کەس، کە لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا ئیمانیان هێناوە.

هەروەکو لە سەرەوە باسمان کرد، بانگەوازی پێغەمبەر () بە شێوەیەکی نهێنی بوو، واتە بانگەوازی نهێنی و تاکیی (الدعوة الفردية السرية)، کە ماوەکەی سێ ساڵ بووە، هێندێکیش دەڵێن سێ ساڵ و چاند مانگێک بووە، بە هەرحاڵ چوار ساڵی تەواو نەکردووەو لە سێ ساڵیش کەمتر نەبووە. هەتا ئەو کاتەی فەرمانی خودای بۆ هات لەسەر ئاشکراکردنی ئاینەکەی‌و پێ‌ی فەرموو:
{{فَاصْدَعْ بِمَا تُؤْمَرُ وَأَعْرِضْ عَنِ الْمُشْرِكِينَ ﴿٩٤﴾}} ألحجر.
واتە: ئەو پەیامەی ئەرکی گەیاندنییت پێ سپێردراوە ئاشکرای بکەو لەسەر کاری خۆت سوورو بەردەوام بە و باکت لە موشریکان و بێ‌باوەڕان نەبێت.


ئاشکراکردنی بانگەوازی ئیسلام لە شاری مەککەدا . . . . . .

پێغەمبەر ()، بۆ بەجێ‌هێنانی ئەم فەرمانەی پەروەردگاری چووە سەر تەپۆڵکەی (صفا)و هاواری لە خەڵکی کردو خەڵکیش لەنێو خۆیاندا پرسی‌یان (ئەوە کێ‌یە هاوار دەکات؟) گوترەا ئەوە (موحەممەد)ە، دوای ئەوە کۆبوونەوەو پێغەمبەر () فەرمووی: ئایا ئەگەر پێتان ڕابگەیەنم چەند ئەسپ سوارێک لەو دیوی ئەو شاخەوە خۆیان ئامادە کردووە بۆ پەلامارتان، باوەڕم پێ‌دەکەن؟ گوتیان: بەڵێ! ئێمە بەهیچ جۆرێک درۆمان لێ‌نەبیستوویت.... ئینجا پەیامی خۆی بۆ ڕوون کردنەوەو بانگی کردن بۆ ڕێ‌ی ڕاستی خوداو فەرمووی:
«إِنِّي نَذِيرٌ لَكُمْ بَيْنَ يَدَيْ عَذَابٍ شَدِيدٍ». واتە: من ئاگادارتان دەکەمەوە لە سزایەکی سەختی خودا گەر لەسەر ئەم حاڵەتان بمێننەوە.
لەو کاتەدا (أبو لهب) پێ‌ی گوت: بە درێژایی ئەمڕۆ لەنێو بچی، هەر بۆ ئەوە ئێمەت کۆکردەوە؟!
پێغەمبەر () بۆخۆی وەڵامی نەدایەوە، بەڵام خوای پەروەردگار () وەک دیفاعێک لە پێغەمبەرو دەرخستنی ئەو ڕاستی‌یە کە (أبو لهب) چ ئینسانێکی خراپ بووە، وەڵامی دایەوەو فەرمووی:
{{تَبَّتْ يَدَا أَبِي لَهَبٍ وَتَبَّ ﴿١﴾ مَا أَغْنَىٰ عَنْهُ مَالُهُ وَمَا كَسَبَ ﴿٢﴾ سَيَصْلَىٰ نَارًا ذَاتَ لَهَبٍ ﴿٣﴾ وَامْرَأَتُهُ حَمَّالَةَ الْحَطَبِ ﴿٤﴾ فِي جِيدِهَا حَبْلٌ مِّن مَّسَدٍ ﴿٥﴾}} ألمَسَد.
واتە: هەردوو دەستی (أبو لهب) لەبەین بچێ‌و لەنێویش چوو، ماڵ‌و سامانەکەی‌و کەسابەت‌و بەرژەوەندی‌یەکانی سوودیان پێ‌نەگەیاند، وە لەمەولا دەخرێتە نێو ئاگرێکی بڵێسەدارەوە، وە ژنەکەشی کۆڵەدار هەڵدەگرێ، وە لە ملیشیدا پەتێکی هۆنراوە هەیە.

پاشان خوای گەورە فەرمانی بە پێغەمبەرەکەی داو پێ‌ی فەرموو:
{{وَأَنذِرْ عَشِيرَتَكَ الْأَقْرَبِينَ ﴿٢١٤﴾ وَاخْفِضْ جَنَاحَكَ لِمَنِ اتَّبَعَكَ مِنَ الْمُؤْمِنِينَ ﴿٢١٥﴾}} ألشُّعراء.
واتە: سەرەتا عەشرەت و تایەفەو کەس‌و کاری نزیکت بێدار بکەرەوەو بترسێنە، هەروەها باڵی بەزەیی‌و میهرەبانی خۆت نەوی بکە بۆ ئەو ئیماندارانەی کە شوێنت کەوتوون.
بەو شێوەیە پێغەمبەر () لە سەرەتاوە بانگەوازی خزمە نزیکەکانی کرد، لە وەڵامدا کەس و کارە نزیکەکانی‌و بنەماڵەکەی بە نەرمی لەگەڵی‌دا دەدوان تەنها (أبو لهب)ی مامی نەبێت کە توند بوو لە گەڵیدا.

کاری پێغەمبەری خودا () لە بڵاوکردنەوەی ئاینێکی نوێ هێجگار سەخت‌و گران بوو. چونکە پووچەڵی‌و نەشیاویی دیاردەی بتپەرستی‌و ئەو بیروباوەڕانەی دیکەی عەرەبەکان دەستنیشان دەکردن کە پێچەوانەی تاکی‌و تەنیایی‌ی خودای پەروەردگارە.

(قورەیش) بڕیاریاریاندا سووربن لەسەر بەرهەڵستی‌کردنی ئەم ئاینە نوێ‌یە بەتوندی چونکە ئەو پەیکەرو بتانەی کە دەیان پەرست و قوربانی‌یەکانیان پێشکەشیان دەکردو، بەمەش بەرژەوەندی‌یەکی ئابووری‌و سوودێکی کۆمەڵایەتی بۆ (قورەیش) دابین دەبوو، چونکە (قورەیش) هەر خۆیان ئەرکی پاراستنی خانەی بتەکانیان دەکێشاو گەر ئەو جۆرە ئاینەش لەناو بچوایە ئەوا بەرژەوەندی‌یەکانی (قورەیش)و پێشەوایەتی‌یەکەشیان لەدەست دەچوو.

پێغەمبەری خودا () هەوڵی‌دا نەهێڵێت خەڵکی کڕنووش (سجدە) بۆ بتەکان بەرن‌و، ئامۆژگاریی کردن لەسەر ئەوەی لە ئایینی باوکیان ئیبراهیم () دەرنەچن‌و ئەو ڕەفتارەشیان (هاوبەش دانانە بۆ ئەو خودایەی کە هەرگیز ئەوەیان لێ‌پەسند ناکات)، ئەوانیش تێکڕا بڕیاریاندا لەسەر دژایەتی کردنی‌و ئیدی بە شێوازێکی گاڵتەجاری‌و بەسووک تەماشاکردن بەرەو ڕووی وەستان. هەروەک خوای گەورەش () بەسەرهاتەکەیان دەگێڕێتەوەو لەم فەرمایشتانەی‌دا دەفەرموێت:
{{وَعَجِبُوا أَن جَاءَهُم مُّنذِرٌ مِّنْهُمْ ۖ وَقَالَ الْكَافِرُونَ هَـٰذَا سَاحِرٌ كَذَّابٌ ﴿٤﴾ أَجَعَلَ الْآلِهَةَ إِلَـٰهًا وَاحِدًا ۖ إِنَّ هَـٰذَا لَشَيْءٌ عُجَابٌ ﴿٥﴾}} ص
واتە: بێ‌باوەڕەکان سەریان سوڕما لەوەی کە بێدارکەرەوەیەک لەخۆیان هاتووە بۆیان، گوتیان: ئا ئەمە جادووکەرێکی درۆزنە، (هەروەها دەیانگوت: ئایا پێتان سەیر نی‌یە) هەموو خوداکانی کردووە بە یەک خودا، بەڕاستی ئەمە شتێکی زۆر سەیرو سەمەرەیە!
{{وَإِذَا رَأَوْكَ إِن يَتَّخِذُونَكَ إِلَّا هُزُوًا أَهَـٰذَا الَّذِي بَعَثَ اللَّـهُ رَسُولًا ﴿٤١﴾ إِن كَادَ لَيُضِلُّنَا عَنْ آلِهَتِنَا لَوْلَا أَن صَبَرْنَا عَلَيْهَا ۚ ......... ﴿٤٣﴾}} ألفُرقان
واتە: کاتێک خوانەناسان تۆ دەبینن بێجگە لە گاڵتە پێ‌کردنت هیچ ڕێزێکت بۆ دانانێن، دەڵێن: ئا ئەمەیە کە خوا کردوویەتی بە پێغەمبەرو ڕەوانەی کردووە؟ خەریک بوو لە پەرستنی خواکانمان وێڵمان بکا، ئەگەر ئێمە خۆڕاگر نەبووینایە لەسەر پەرستنیان.

کەسانی گاڵتەجاڕو سووکایەتی پێ‌کەرانیشی لەو گەورەپیاوو سەرۆک هۆزانە بوون کە هەردەم بە وتەی ناشیرین بەرپەرچی پێغەمبەر ()یان دەدایەوەو دەربارەی خۆیشی دەیانگوت ئەوە (کاهن)ێکە یان شیتە.
ئینجا شاعیرەکانیان هان‌دا بۆ دژایەتی کردنی‌و، داوای موعجیزەیان لێ‌دەکردو باوەڕیشیان نەدەهێنا، لە کۆڕو مەجلیسەکانیان‌دا گاڵتەیان پێ‌دەکردو کردبوویانە ماددەی پێکەنین.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەتەکە، تکایە بڕۆ بۆ لاپەڕی "٢" . . .





  1. عەلی کوڕی ئەبو طالب. لە لای پێغەمبەر () نیشتەجێ بوو و هەر ئەو ئەرکی ژیانی‌ی دەکێشا، چونکە لەو ماوەیەدا کە (قوڕەیش) تووشی کارەساتێکی برسێتی ببوون (أبو طالب)ی مامی پێغەمبەریش دووچاری هەژاری ببوو و خاوەنی ماڵ‌و منداڵێکی زۆریش بوو، جا بۆ سووک کردنی ئەو بارەگرانەی (أبو طالب)، پێغەمبەر () چووە لای مامێکی دیکەی کە ناوی (عبّاس) بوو و پێ‌ی فەرموو: بێگومان (أبو طالب) ی برات منداڵی زۆری هەیە‌و تووشی ئەو بارگرانی‌و تەنگانەیە بووەو با پێکەوە بچین بۆ لای‌و ئەرکی منداڵەکانی لەسەر کەم بکەینەوە، تۆ منداڵیکی لێ‌وەرگرەو منیش منداڵێکی لێ‌وەردەگرم‌و ئەرکی بەخێو کردنیان دەکێشین. ئیدی (عبّاس) کوڕێکی (أبو طالب)ی برای بردە لای خۆی کە (جعفر)بوو، پێغەمبەریش (عەلی)ی گرتە خۆو وەک یەکێک لە منداڵەکانی خۆی لای مایەوەو بەخێوی دەکرد، (عەلی) هەرگیز لە ژیانی‌دا کڕنووشی بۆ بتێک نەبردبوو هەر بۆیەش بە نزای (كَرَّمَ الله وجهَه) ستایشی دەکرێت.

    بۆ سەرەوە
 
 

www.muslimguide.se
      خەلیفەکانی ڕاشیدین

عومەری کوڕی عبدالعزیز

 

M U S L I M G U I D E . S E ©

پەیوەندی:   tajweed.kurdi@gmail.com