http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر
  
 
www.muslimguide.se {{قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللَّـهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعًا الَّذِي لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۖ لَا إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ يُحْيِي وَيُمِيتُ ۖ فَآمِنُوا بِاللَّـهِ وَرَسُولِهِ النَّبِيِّ الْأُمِّيِّ الَّذِي يُؤْمِنُ بِاللَّـهِ وَكَلِمَاتِهِ وَاتَّبِعُوهُ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ ﴿١٥٨﴾}} ألأعراف    {{مَّن يُطِعِ الرَّسُولَ فَقَدْ أَطَاعَ اللَّـهَ ۖ وَمَن تَوَلَّىٰ فَمَا أَرْسَلْنَاكَ عَلَيْهِمْ حَفِيظًا ﴿٨٠﴾}} ألنِّساء.  
 


 
 

http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر

پێغەمبەری خوا جگە لە جیهادی سەربازی، جیهادێكێ (سیاسیش)ی هەبووەو ئەم جیهادەش (وەک ئەوی دی) بەهاو بایەخی تەواوی هەبووە، گرنگترین دەستکەوت‌و ئاکامی ئەم جۆرە جیهادەش بەدیهاتنی ئەو فەتحە گەورەیە کە (فەتح کردنی مەککە)یەو ئیسلامی پێ بەهێز بوو و لە دوورگەی عەرەبیشدا بووە تاکە مەنهەجی دەسەڵات‌و باڵادەستی.

ڕێککەوتننامەی حودەیبییە (صلح الحديبية): ڕێککەوتننامەیەک بوو لە نێوان پێغەمبەری خوا کە فەرماندەی موسڵمانان بوو، وە نوێنەری (قورەیش)ییەکان (سهیل بن عمرو)دا، وە لە شوێنێک ئەو ڕێککەوتننامەیە مۆر کرا کە پێی دەگوترا (الحديبية)، کە دەکەوێتە نێوان (مكة)و (مدينة) لەوەوە ناوی لێنرا (صلح الحديبية)، واتە ئاشتەوایی حودەیبییە.

سەردانی ماڵی خوا (ألبيت الحرام) لە (مكة) . . . . . .

لە مانگی (ذي القعدة)ی ساڵی (٦)ی کۆچیدا، پێغەمبەر خۆی‌و (١٤٠٠) لە هاوەڵانی بەرەو (مكة) بەڕی‌کەوتن بەنیازی (عومرە) کردن، وە ئیحرامیان بەست بۆ ئەوەی خەڵکی بزانن کە مەبەستیان شەڕ نیە، وە قوربانیشیان لەگەڵ خۆیاندا برد(1)، وە لە هەمان کاتیشدا پێغەمبەر پێشبینی‌ی ئەو ئەگەرەشی دەکرد کە (قورەیش) ڕێ‌یان پێ‌نەدەن بچنە نێو (مكة)ەوە ، کە پێغەمبەر و ئەو هاوەڵە بەڕیزانەی کە لە خزمەتیدا بوون دەگەنە (ذو الحُلَيفة) پێغەمبەر پیاوێکی (خوزاعە)یی کە ناوی (بُسْر بن سفيان الكعبي)ە دەنێرێ تا هەواڵی (مكة)یان بۆ بێنێتەوە.

ڕێگرتن لە سەردانەکەی پێغەمبەر و هاوەڵانی بۆ (مكة) . . . . . .

کاتێک پێغەمبەر و هاوەڵە بەڕێزەکانی دەگەنە شوێنیک پێی دەڵێن (عسفان) کە ناوچەیەکە لە نزیکی (مكة)، (بُسْر بن سفيان الكعبي) دێتەوەو هەواڵیان دەداتێ کە (قورەیش)یەکان بڕیاری ئەوەیان داوە کە بەهیچ شێوەیەک نەهێڵن موسڵمانان بچنە نێو (مكة)وەو خۆشیان سازداوە بۆ جەنگ بە سەرکردایەتی (خالد بن الوليد)، کە ئەو کاتە هێشتا موسڵمان نەببوو.

پێغەمبەری خودا کاتێك هەواڵی (خۆ سازدانی قورەیش بۆ جەنگ) دەبیستێ، دەفەرموێ: «يَا وَيْحَ قُرَيْشٍ، لَقَدْ أَكَلَتْهُمْ الْحَرْبُ، مَاذَا عَلَيْهِمْ لَوْ خَلَّوْا بَيْنِي وَبَيْنَ سَائِرِ النَّاسِ، فَإِنْ أَصَابُونِي كَانَ الَّذِي أَرَادُوا، وَإِنْ أَظْهَرَنِي اللَّهُ عَلَيْهِمْ، دَخَلُوا فِي الْإِسْلاَمِ وَهُمْ وَافِرُونَ، وَإِنْ لَمْ يَفْعَلُوا، قَاتَلُوا وَبِهِمْ قُوَّةٌ، فَمَاذَا تَظُنُّ قُرَيْشٌ، وَاللَّهِ إِنِّي لَا أزالُ أُجَاهِدُهُمْ عَلَى الَّذِي بَعَثَنِي اللَّهُ لَهُ حَتَّى يُظْهِرَهُ اللَّهُ لَهُ أَوْ تَنْفَرِدَ هَذِهِ السَّالِفَةُ»(2).
واتە: هەی داخ بۆ (قورەیش) جەنگ خواردنی (لەنێوی بردن)، چ دەبێ ئەگەر لەمن‌و لە باقی عارەبان بگەڕێن، ئەگەر بەسەرمدا زاڵ بوون ئاواتیان هاتۆتە دی، خۆ ئەگەر خوداش سەریخستم ئەوە هەموویان بە پارێزراوی‌و بەهێزو پێزەوە دێنە نێو ئیسلامەوە، ئەگەر دەشیانەوەێ موسڵمان نەبن، با جەنگم لەگەڵدا بکەن لە کاتێکدا، کە هێزو پێزیکیان بەبەرەوە ماوە، دەسا بە خودا لە جیهاد لەگەڵیاندا بەردەوام دەبم لەپێناوی ئەو دینەدا تێدەکۆشم کە خودا منی بەهۆیەوە ڕەوانە کردوە هەتا ئەو کاتەی خودا بە ئامانجی دەگەیەنێت یان هەتا ئەو کاتەی مردن یەخەم پی‌دەگرێت.

پاشان پێغەمبەری خودا لەگەڵ هاوەڵە بەڕێزەکانی (بۆ ئەوەی تووشی جەنگ نەبن لەگەڵ سوپای قورەیش کە بەرەو ڕوویان دەهاتن) ڕێگەیان گۆڕی‌و لای ڕاستی ڕێگەکەیان گرتەبەر لە نزیک (الحُدَيْبِيَّة)و لەوێ حوشترەکەی پێغەمبەر کە نازناوی (القصواء) بوو چۆکی داداو خەڵکەکە گوتیان: خَلَأَتْ الْقَصْوَاءُ خَلَأَتْ الْقَصْوَاءُ، واتە: (قصواء چۆکی دادا، قصواء چۆکی دادا)، پێغەمبەریش فەرمووی:
«مَا خَلَأَتْ الْقَصْوَاءُ وَمَا ذَاكَ لَهَا بِخُلُقٍ وَلَكِنْ حَبَسَهَا حَابِسُ الْفِيلِ»(3).
واتە: ئەو حوشترەی من (الْقَصْوَاءْ) جەنەی نەگرتوەو فێری جەنە گرتنیش نیە، بەڵام ئەوەی کە کاتی خۆی ڕێی لە فیلەکان گرت، بچنە (مكة)ەوە، هەر ئەو ڕێی لەو حوشترەی من گرتوە (واتە: مەبەستی ئەو لەشکرەی (أبْرَهَة)یە کە فیلێکی زۆری لەپێشەوە بوو و بەتەمای داگیرکردنی (مكة)و ڕووخاندنی (کەعبە) بوون بەڵام خودا لە جێ‌یەکدا بەندی کردن و ئەو کارەساتە بەناوبانگەی بەسەرهێنان کە لە مێژوودا تۆمار کراوە)، پاشان حوشترەکەی بەلایەکی دیکەدا لێ‌خوڕی‌و حوشترەکەش هەستایەوەو کەوتەڕێ تا گەیشتە ئەوسەری (حديبية)و لەوێ لایان دا، بەڵام ئەو شوێنە دێمەکارو بێ ئاو بوو، وە ئەو ئاوەی کە پێشیان بوو تەواو بوو، خەڵکەکە تینوویان بوو و سکاڵای بێ‌ئاوی‌و تینوێتییان لای پێغەمبەر کرد، ئەویش تیرێکی لە هەگبەکەی دەرهێناو دایە دەست پیاوێک لە هاوەڵانی‌و داوای لێ‌کرد ئەو تیرە بخاتە بیریکی ئەو ناوچەیە، ئەویش هەڵیدایە ناوی‌و ئیدی ئاوێکی زۆری لێوە هەڵقوڵا، هەموو سوپاکە ئاویان لێ خواردەوەو کوندەکانیان لێ پڕکرد، کە ئەوەش یەکێکە لە موعجیزەکانی پێغەمبەر (4).

هاتنی چەند وەفدێکی (قورەیش) بۆلای پێغەمبەر . . . . . .

لەو کاتانەدا کە موسڵمانان لەو ناوچەیە لای بیرەکە لایان دابوو، (قورەیش) چەند وەفدێکێکیان یەک لەدوای یەک ڕەوانە کرد بە مەبەستی تێگەیشتن لە نیازو مەبەستی پێغەمبەر و گومانیشیان هەبوو لەو مەبەستەی پێغەمبەر و هاوەڵانی هەیانە لەو سەفەرەدا.

پێغەمبەر هەواڵی پێدان کە بۆ سەردانی ماڵی خودا (ألبيت الحرام) هاتوون، بەڵام (قورەیش) لەکاتی هاتنەوەی هەر نوێنەرێکیان‌و بیستنی ئەو هەواڵەدا کەوا بۆ زیارەتی ماڵی خودا هاتوون گومانیان لەدڵدا دروست دەبوویەوەو باوەڕیان نەدەکرد.

ئنجا دواجار نوێنەرێکی جێی متمانەی تەوایان بولای پێغەمبەر و موسڵمانان نارد کە خاوەن پلەیەکی کۆمەڵایەتیش بوو، ئەویش (عُرْوَة بْن مَسْعُودٍ الثّقَفِي)ی گەورەی خەڵکی (طائف) بوو، بەهەمان شێوە ئەویش بۆی دەرکەوت کە نیازی پێغەمبەر و موسڵمانان تەنیا (عومرە) کردنەو بۆ شەڕ نەهاتوون.

دوای ئەوەی (عُرْوَة) دڵنیابوو کە موسڵمانان جەنگیان ناوێ‌و تەنیا بۆ زیارەتی ماڵی خودا هاتوون، گەڕایەوەو بە (قورەیش)ی گوت: (يَا مَعْشَرَ قُرَيْشٍ إنّي قَدْ جِئْت كِسْرَى فِي مُلْكِهِ، وَقَيْصَرَ فِي مُلْكِهِ، وَالنّجَاشِيّ فِي مُلْكِهِ، وَإِنّي وَاَللّهِ مَا رَأَيْت مَلِكًا فِي قَوْمٍ قَطّ مِثْلَ مُحَمّدٍ فِي أَصْحَابِهِ وَلَقَدْ رَأَيْتُ قَوْمًا لَا يُسْلِمُونَهُ لِشَيْءِ أَبَدًا، فَرَوْا رَأْيَكُمْ)(5).
واتە: ئەی کۆمەڵی (قورەیش)! من چوومە لای کیسرا لە بارەگای خۆی، وە چووم بۆلای قەیسەر لە بارەگای پادشایەتی خۆیدا، سوێند بە خوا هیچ پادشاو دەسەڵاتدارێکم نەبینیوە لەنێو قەومی خۆیدا وەکو محمد بێ لەنێو هاوەڵانیدا، کە هێندە ڕێزو خۆشەویستی هەیە لەلایان، بەهیچ شێوەیەک پشتی بەرنادەن‌و تەسلیمی کەسی ناکەن، (واتە: نەچن‌و خۆتان تووشی شەڕ مەکەن) جا بڕیاری خۆتانی لەبارەوە بدەن.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەتەکە، تکایە بڕۆ بۆ لاپەڕی "٢" . . .





  1. ألسيرة النبوية لابن هشام، ج٣، ص ١٦٢ ــــ ١٦٣.
  2. هەمان سەرچاوە، ج٣، ص ١٦٣.
  3. ألسيرة النبوية لابن هشام، ج٣، ص ١٩٨.
  4. هەمان سەرچاوە، ص ١٦٣ــــ ١٦٤.
  5. ألسيرة النبوية لابن هشام، ج٣، ص ١٥٥ ــــ ١٦٦.

    بۆ سەرەوە
 
 

www.muslimguide.se
      خەلیفەکانی ڕاشیدین

عومەری کوڕی عبدالعزیز

ژیاننامەی پێغەمبەران peghambar.muslimguide.se

 

M U S L I M G U I D E . S E ©

پەیوەندی:   tajweed.kurdi@gmail.com