http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر
  
 
www.muslimguide.se {{قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللَّـهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعًا الَّذِي لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۖ لَا إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ يُحْيِي وَيُمِيتُ ۖ فَآمِنُوا بِاللَّـهِ وَرَسُولِهِ النَّبِيِّ الْأُمِّيِّ الَّذِي يُؤْمِنُ بِاللَّـهِ وَكَلِمَاتِهِ وَاتَّبِعُوهُ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ ﴿١٥٨﴾}} ألأعراف    {{مَّن يُطِعِ الرَّسُولَ فَقَدْ أَطَاعَ اللَّـهَ ۖ وَمَن تَوَلَّىٰ فَمَا أَرْسَلْنَاكَ عَلَيْهِمْ حَفِيظًا ﴿٨٠﴾}} ألنِّساء.  
 


 
 

http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر  *

کاتێک کە کافرەکان (أحزاب) ئەو شەوەی گەڕانەوەو (مدينة)یان بەرداو ڕۆیشتن‌و، موسڵمانەکانیش گەڕانەوە بۆ ناو ماڵ‌و منداڵ، بۆ سبەی نیوەڕۆ خوای گەورە فەرمانی بە پێغەمبەرەکەی کرد کە بچێتە سەر (بني قريظة).

ئنجا پێغەمبەر بۆیان دەرچوو، وە بە هاوەڵانی فەرموو: «لَا يُصَلِّيَنَّ أَحَدٌ الْعَصْرَ إِلَّا فِي بَنِي قُرَيْظَةَ»(1).
واتە: هیچ کامێکتان با نوێژی عەسر نەکا، مەگەر لە لای (بني قريظة) بکرێت.

پێغەمبەر ئاڵاکەی دایە دەست (علي بن أبي طالب)و (عبدالله بن ام مكتوم)یشی وەک برا گەورە لە (مدينة) بەجێ‌هێشت، دیارە هەندێک لە هاوەڵان نێوەڕۆکی فەرمانەکەی پێغەمبەر یان وەرگرت‌و نوێژی عەسریان لە ڕێگا کرد (جێگای بني قريظة چەند میلێک دووربوو لە "مدينة"ەوە، لە ڕیگا بوون نوێژی عەسر بوو)، هەندێکی دیکەشیان ڕواڵەتی فەرمانەکەیان وەرگرت‌و نوێژی عەسریان نەکرد، تا گەیشتنە ئەوێ، کە دوای نوێژی عیشا گەیشتنە ئەوێ‌و ئەوکات نوێژی عەسریان کرد، کاتێک پێغەمبەر بەوەی زانی ڕەخنەی لەهیچ لایەک نەگرت.

سوپای ئیسلام (٢٥) شەو ئابڵووقەی قەڵای جوولەکەکانی دا، لەو ماوەیەدا جەنگ‌و هەرایەکی ئەوتۆ ڕووی‌نەدا بێجگە لە هەندێک بەردباران‌و تیر هاوێشتن، لە ئەنجامدا (بني قريظة) ورەیان ڕووخاو ئەژنۆیان شکا، ئیدی دابەزین‌و خۆیان دا بەدەستەوە، بەپێ‌ی دەستوری (مدينة) خیانەتکاران بە سزای خۆیان گەیشتن‌و هەموو پیاوەکانیان کوژران، (حُيي بن الأخطب) گەورەی جوولەکەکانی (بني النضير)یش کە باوکی (صفية)ی خێزانی پێغەمبەر بوو، لەو کاتەدا لەلای ئەوان بوو، ئەویش کوژرا، لە ماوەی ئابڵووقەدانی (بني قريظة)دا یەکێک لە موسڵمانان کوژراو، یەکێکیش وەفاتی کرد.

بەم شێوەیە (بني قريظة) لە (مدينة) ڕیشەکێش کران(2)، ئەو کۆمەڵە خیانەتکارەی کە چەندین جار بەرنامەی دوژمنایەتی‌و خراپەکارییان لە دژی پێغەمبەر و موسڵمانان داڕشت، لە جەنگی (أحزاب)یشدا لە ناسکترین کاتداو، ویستیان خەنجەری خیانەت لە ئیسلام‌و موسڵمانان بوەشێنن.

* (بني قريظة) تیرەیەک بوون لە سێ تیرە جوولەکەکەی (مدينة) کە لە دەورووبەری (مدينة)دا مابوون، (بني قريظة) هاوپەیمان بوون لەگەڵ هۆزی (أوْس)دا.


  1. صحيح البخاري، برقم: ٤١١٩.
  2. ألسيرة النبوية لابن هشام،ج٣، ص ١١٥ ــــ ١٢٢.

    بۆ سەرەوە
 
 

www.muslimguide.se

ژیاننامەی پێغەمبەران peghambar.muslimguide.se

 

M U S L I M G U I D E . S E ©

پەیوەندی:   tajweed.kurdi@gmail.com