http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر
  
 
www.muslimguide.se {{قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللَّـهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعًا الَّذِي لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۖ لَا إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ يُحْيِي وَيُمِيتُ ۖ فَآمِنُوا بِاللَّـهِ وَرَسُولِهِ النَّبِيِّ الْأُمِّيِّ الَّذِي يُؤْمِنُ بِاللَّـهِ وَكَلِمَاتِهِ وَاتَّبِعُوهُ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ ﴿١٥٨﴾}} ألأعراف    {{مَّن يُطِعِ الرَّسُولَ فَقَدْ أَطَاعَ اللَّـهَ ۖ وَمَن تَوَلَّىٰ فَمَا أَرْسَلْنَاكَ عَلَيْهِمْ حَفِيظًا ﴿٨٠﴾}} ألنِّساء.  
 


 
 

http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر

کۆچی دوایی پێغەمبەر کارەساتێکی توند بوو کە بەگشتی تووشی موسڵمانان بوو و باس‌وخواسی پاراستنی دەستکەوتەکانی لەبواری ئایین‌و دەوڵەتداو دواتریش پرسی خیلافەت کە یەکسەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەواڵی مردندا کەوتە بەرباس‌و خۆی نواند، لە قورئانی پیرۆزدا دەقێکی ڕاشکاو نیە کە بنەڕەتەکانی هەڵبژاردنی خەلیفەی پێغەمبەر دەستنیشان بکات، بەڵام قورئانی پیرۆز بانگەواز بۆ شورا (الشُّورَى)و دادپەروەری‌و گوێڕایەڵی کاربەدەستان دەکات، ڕێبازی ڕێڕەوی پێغەمبەریش لەگەڵ ئاڕاستەکانی قورئانی پیرۆزدا دەگونجێت‌و درێژەی زیاتر لەبازنەی ئەو واتایانەی نەخستۆتە ڕوو، وەک ئەوەی بەو کارە ویستبێتی کارەکە بە شورا لەنێوان موسڵماناندا بەجێبهێڵێت تا کەسێک هەڵبژێرن کە لەسەر نەریتی پێشتری هۆزایەتی کە عەرەب هەیبوو تا پایەی خیلافەت بگرێتە دەست، بەتایبەت پێغەمبەر کوڕێکی لەدوای خۆی بەجێنەهێشتبوو هەتا شوێنی بگرێتەوە.

کاتێک موسڵمانەکان زانیان ڕاستە پێغەمبەری خودا بەجێوی هێشتوون، بە پێویستیان زانی کە لەپێش ئەوەی تەرمە موبارەکەکەی بە خاک بسپێرن، دەبێ جێنشین دیاری بکەن، هەتا ئیش‌و کارەکان بگرێتە دەست‌و موسڵمانەکان لەدەوری کۆببنەوە، نەوەک دوژمن ئەم کاتە بەهەل بزانێ‌و پەلاماریان بداو ئەمانیش پەرتەوازەو بێ سەرگەورەو فەرماندە بن.

ئەم پێویستی‌یە گەورەو گرانە پاڵی نا بە موسڵمانانەوە بۆ دیاریکردنی جێنشین، بۆ ئەم مەبەستە پشتیوانان لە کەپری بەنی ساعیدە (سَقِيفَةِ بَنِي سَاعِدَةَ)(1) کۆبوونەوە تا لەسەر پرسی خیلافەت قسە بکەن، سەرچاوەکان باس لەوە ناکەن کە کێ بانگەوازی بۆ ئەو کۆبوونەوەیە کردو چۆن بانگکران، بەڵکو باس لە کۆبوونەوەیان لە کەپرەکەدا هاتووە.

پشتیوانەکان بەتەمای ئەوە بوون جێنشین لەوان دابندرێ‌و (سَعد بن عَبادة )ی سەرکردەی (خَزْرَج)یان کاندید کرد تا کاروباری موسڵمانان بگرێتە دەست(2)، ئەوان بەتەواوی هەستیان بەوە کردبوو کە پێویستە خەلیفەیەک دیاری بکەن تا کاروباری (مدينة)و موسڵمانان بگرێتە دەست، بەتایبەت لەژێر سایەی ئامادەنەبوونی کۆچکەران کە هەندێکیان سەرقاڵی بە خاکسپاردنی تەرمە پیرۆزەکەی پێغەمبەری خودا بوون، دەستەیەکی دیکەش کە هێشتا کارەساتەکە دەروونی گرتبوون‌و دەستەیەکی دیکەش تا دوای بەخاکسپاردنی پێغەمبەر هیچ بیریان لە دیاریکردنی خەلیفە نەدەکردەوە، لەسایەی ئەم باوەڕەدا شارەکەیان لەلایەن دەشتەکی‌یەکان‌و پیاوانی هۆزەکانی دەورووبەری (مدينة)وە لەژێر هەڕەشەدابوو(3).

کاتێک هەواڵی کۆبوونەوەی پشتیوانان لە (سَقِيفَةِ بَنِي سَاعِدَةَ) گەیشتە (أَبُو بَكْرٍ الصِّدِّيق و عُمَرُ بْنُ الْخَطَّاب )، هەردووکیان بە پەلە هاتن بۆ ئەوێ، چونکە باسەکە گرنگی‌و مەترسی پڕۆژەی کێشەی دەسەڵاتی لەخۆدەگرت، لەڕیگەدا گەیشتن بە (أَبِو عُبَيْدَةَ بْنِ الْجَرَّاح )و بردیان لەگەڵ خۆیاندا، کاتێک گەیشتنە ئەوێ‌و دانیشتن، نوێنەری پشتیوانان هەستاو سوپاس‌و ستایشی خودای کردو، ئنجا کەوتە باسی خزمەتی خۆیان بۆ ئیسلام‌و یاریدەدەری‌یان بۆ پێغەمبەر و پشتگیری کردنیان لە بانگە خودای‌یەکە، ئنجا گەیی‌یە ئەوەو گوتی: کە ئێمە شایانین بۆ ئەو جێنشینی‌یەو ئێوەش کۆچکەرەکان بەشێکن لە ئێمە، دوای ئەوە (عُمَرُ بْنُ الْخَطَّاب) ویستی هەستێ‌و لەم ڕووەوە وتار بدا، بەڵام (أَبُو بَكْرٍ الصِّدِّيق) لە توندی (عُمَر) ‌ترساو فەرمووی: تۆ دانیشە، (أَبُو بَكْر) خۆی هەستاو وتارێکی شیرینی دا، لە وتارەکەیدا باسی گەورەیی‌و خزمەت‌و پشتگیری‌و دڵسۆزی پشتیوانانی کردو هەرچی ئایەتێک لەسەر پشتیوانان هاتبێتە خوارو هەرچی فەرموودەیەک پێغەمبەر لەسەریان فەرمووبێتی خستیەوە یادو گوتی: ئێوە باش دەزانن کە پێغەمبەری خودا فەرموویەتی:
«لَوْ سَلَكَ النَّاسُ وَادِيًا وَسَلَكَتِ الأَنْصَارُ وَادِيًا لَسَلَكْتُ وَادِيَ الأَنْصَارِ»(4). واتە: ئەگەر هەموو خەڵکی بە دۆڵێکدا بڕۆن‌و پشتیوانانیش بە دۆلێکدا بڕۆن، ئەوە من بە دۆڵەکەی پشتیواناندا دەڕۆم.
وە تۆش ئەی (سَعد)(5) خۆت دانیشتبووی کاتێک پێغەمبەری خودا فەرمووی:
«قُرَيْشٌ وُلَاةُ هَذَا الْأَمْرِ، فَبَرُّ النَّاسِ تَبَعٌ لِبَرِّهِمْ، وَفَاجِرُهُمْ تَبَعٌ لِفَاجِرِهِمْ»(6). واتە: سەرکردەیی‌و پێشەوایی هی (قورەیش)ە، چاکان شوێنی چاکانیان دەکەون‌و خراپەکارانیش شوێنی خراپەکارانیان دەکەون. ئنجا (سَعد) لەوێدا گوتی: ڕاست دەکەی لەئێوە ئەمیران‌و لە ئێمەش وەزیران(7).

شایانی باسیشە لێرەدا پێویستە باسی هەڵوێستی (أُسَيْدُ بْنُ الْحُضَيْرِ الْأَوْسِيُّ )(8) بکەین کە هەڵوێستێکی کارا بوو لە یەکلاکردنەوەی هەڵوێستەکەو، هەستاو بەو دەستە پشتیوانانەی هۆزەکەی گوت: دەزانن کە پێغەمبەری خودا لە کۆچکەران بوو، جا جێنشینەکەیشی دەکرێت لە کۆچکەران بێت، بەڕاستیش ئیمە پێشتر پشتیوانی پێغەمبەری خودا بووین، ئەمڕۆش لەسەرمان پێویستە کە پشتیوانی جێنشینەکەی بین.

ئنجا (أبو بكر ) گوتی: با کاربەدەست لەئێمەو وەزیرو خاوەن ڕاوێژ لەئێوە بێ‌و من ڕازیم کە یەکێک لەم دووانە هەلبژێرن‌و بیکەن بە جێنشین بۆ خۆتان (عمر بن الخطاب) یان (أبو عبيدة بن الجرّاح) ، بەڵام لەپاش خستنە ڕووی کۆمەڵێک پێشنیاز موسڵمانان لەسەر ئەوە یەک دەنگ بوون کە (أبو بكرٍ الصِّدّيق ) یەکەم خەلیفەی پێغەمبەر بێت، چونکە خۆشەویست‌و باوەڕپێکراوی پێغەمبەر بوو، وە لە نوێژیشدا جێگری بوو، لە کۆچیشدا هاوەڵ‌و هاودەمی بوو، وێڕای زۆریی‌و بەهێزیی ئیمانی‌و باڵایی ڕەوشتی‌‌ قوربانی‌دانی لەڕێ‌ی خوادا(9). (عمر بن الخطاب) بەدەنگی بەرز گوتی: (أبو بكر) دەست بێنە پەیمانت بدەینێ، ئەویش دەستی درێژکردو (عمر) گوتی: تۆ پێغەمبەری خودا کردوویتی بە پێشەوامان لەنوێژدا، وا ئێمەش تۆمانکرد بە جێنشینی پێغەمبەر و کاربەدەستی ناومان، ئیدی هەموو دانیشتووەکانی کەپرەکە بە کۆچکەران‌و پشتیوانان پەیمانیان دایە (أبو بكر)و، بەمە هەڵبژاردنێکی گچکەو سەرەتایی بۆ (أبو بكر) تەواوبوو(10).


بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەتەکە، تکایە بڕۆ بۆ لاپەڕی "٢" . . .





  1. (سَقِيفَةِ بَنِي سَاعِدَةَ)، کەپرێک بوو لە (مدينة) لەژێریدا دادەنیشتن‌و، هی بەنی ساعیدە بوو، کە لە پشتیوانان بوون‌و، کەپرەکەش هەر لەناوچەی خۆیان بوو.
  2. الطبري، ج٣، ص٢٠٠.
  3. شاكر محمود، التاريخ الاسلامي، الخلفاء الراشدون،ص ٤٩ ـــــ ٥١.
  4. مسند الإمام أحمد، مسند العشرة المبشرين بالجنة، مسند الخلفاء الراشدين، مسند أبي بكر الصديق رضي الله عنه.
  5. واتە:(سَعد بن عَبادة)ی سەرکردەی (خَزْرَج).
  6. كتاب مرقاة المفاتيح، شرح مشكاة المصابيح، (علي بن سلطان محمد القاري)، كتاب المناقب والفضائل، باب مناقب قريش وذكر القبائل.
  7. مسند أحمد، ٥/١، الخلافة الخلفاء للبساوي، ص٥٠.
  8. (أُسَيْدُ بْنُ الْحُضَيْرِ الْأَوْسِيُّ)، میراتگری لە باووباپیرانیەوە ئاکاربەرزی بوو، باوکی کە (حُضَيْرُ الْكَتَائِبِ)ە سەرگەورەی هۆزی (أوْسْ)و، یەکێک بوو لە پیاوماقوڵانی عەرەب‌و، جەنگاوەرە بە جەرگەکانی سەردەمی نەفامیدا.
    (أُسَيْد) ڕێزو، ئازایەتی‌و، بەخشندەیی لە بابیەوە بۆ مابوویەوەو، بەر لەوەی کە موسڵمانیش ببێت، یەکێک بوو لە سەرەگەورەکانی (مدينة)و پیاوماقوڵانی عەرەب‌و، تیرهاوێژە زیرەکەکانیان، وە یەکێک بوو لەو کەسانەی زۆر زوو موسڵمان بوون . . . . خالد محمد خالد، پیاوانی لە دەوری پێغەمبەر دا، چاپ‌و بڵاوکردنەوەی نووسینگەی تەفسیر، هەولێر.
  9. تاريخ الطبري، ج٣، ص٢٠١ ــــ ٢١١، ٢١٨ ـــ ٢٢٣.
  10. ابن هشام: (٦٥٦/٢، ٦٦٠)، تاريخ الطبري: (٢٣٥/٢)، الكامل في التاريخ: (١١/٢ـــ١٢).

    بۆ سەرەوە
 
 

www.muslimguide.se
      خەلیفەکانی ڕاشیدین

عومەری کوڕی عبدالعزیز

 

M U S L I M G U I D E . S E ©

پەیوەندی:   tajweed.kurdi@gmail.com