http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر
  
 
www.muslimguide.se {{قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللَّـهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعًا الَّذِي لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۖ لَا إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ يُحْيِي وَيُمِيتُ ۖ فَآمِنُوا بِاللَّـهِ وَرَسُولِهِ النَّبِيِّ الْأُمِّيِّ الَّذِي يُؤْمِنُ بِاللَّـهِ وَكَلِمَاتِهِ وَاتَّبِعُوهُ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ ﴿١٥٨﴾}} ألأعراف    {{مَّن يُطِعِ الرَّسُولَ فَقَدْ أَطَاعَ اللَّـهَ ۖ وَمَن تَوَلَّىٰ فَمَا أَرْسَلْنَاكَ عَلَيْهِمْ حَفِيظًا ﴿٨٠﴾}} ألنِّساء.  
 


 
 

http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر

ئەو جەنگە لە مانگی (شوَّال)ی ساڵی (٥)ی کۆچیدا ڕوویداوەو(1)دوو ناویشی هەن:

١ـــــ غَزْوَةُ ألأَحْزَابْ: چونکە کۆمەڵێک حیزب‌و هۆزی مەککەو دەوروبەری یەکیان گرت لە دژی پێغەمبەرو موسڵمانان‌و هێرشیان کردە سەر (مدينة).

٢ـــــ غَزوَةُ الخَنْدَق: چونکە بۆ یەکەم جار لەو شەڕەدا موسڵمانان خەندەقیان لە چەند شوێن دەوری شاری (مدينة)دا لێدا.

هۆی ڕوودانی ئەو جەنگەو هەڵگیرسێنەری ئاگرەکەی جوولەکەکان بوون(2)، وەک چۆن پێشتر باسمان کرد، جوولەکەکانی (بَني النَّضِير) کە بەهۆی پەیمان شکاندنیانەوەو بەد ڕەفتاریان، پێغەمبەر لە (مدينة) دەریکردن‌و بەشێکیان چوونە (خیبر)، بەڵام دووبارە دەستیان کردەوە بە پیلان گێڕان دژ بە پێغەمبەر و موسڵمانان‌و خۆیان سازدا بۆ دەست وەشاندنێکی وەها لە موسڵمانان کە ئیدی ڕاست نەبنەوە، بەڵام ئەوان زاتی ئەوەیان نەدەکرد ڕووبەڕوو ئەو کارە بکەن، نەخشەو پیلانیان دانا بۆ ئەو مەبەستە.

کۆمەڵێک لە سەرکردەکانی جوولەکەو پیاوانی (بَني النَّضِير) بەرەو (مەککە) ڕۆیشتن بۆ هاندانیان بۆ شەڕ دژی موسڵمانان، لەوێ کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرانی (مەککە) کردو زۆر هانیان دان بۆ دژایەتی پیغەمبەر و موسڵمانان، کە بەیەکەوە بەسەر (مدينة)دا بدەن‌و، گوتیان: ئێمە یەکە یەکە چاریان ناکەین، بەڵام ئەگەر بەجارێ هەموو لایەکمان یەک بگرین‌و بدەین بەسەریاندا بەبێ زیانێکی ئەوتۆ لەناویان دەبەین‌و ڕیشەکێشیان دەکەین‌و تەڕو وشکیان بەیەکەوە دەسووتێنین!.

(قوڕەیش)یەکان کەمێک دوودڵ بوون، چونکە ناڕێکیی ئەوان لە گەڵ پێغەمبەر تەنیا لەسەر بانگەکەیەتی، بەڵکو ئەو بانگەی ڕاست بێ ئەوەتە هەر زیاد دەکاو پەرە دەستێنێ، لەبەر ئەوە لە جوولەکەکانیان پرسی(3):
ئێوە ئەهلی کیتابن‌و زانیاریی‌ وەحی ئاسمانتان لایە کە ئێمە لامان نیە، ئایا ئێمە لەسەر ڕاستین یان (محمد)؟ ئایا دینی ئێمە باشترە یان دینی (محمد)؟ لێرەدا بەپێ‌ی ناڕەوایی‌و خووپیسی دڵ‌و سروشتیان کە دەشیانزانی (محمد) پێغەمبەرەو دینەکەی خوایی‌یەو ڕاستەو (قوڕەیش) بتپەرستە، بەڵام گوتیان بێگومان دینی ئێوە باشترەو ئێوە لەسەر ڕاستین!.
ئنجا خوای گەورە لەوبارەوە ئەم ئایەتانەی ناردە خوارێ کە دەفەرموێ:
{{أَلَمْ تَرَ إِلَى الَّذِينَ أُوتُوا نَصِيبًا مِّنَ الْكِتَابِ يُؤْمِنُونَ بِالْجِبْتِ وَالطَّاغُوتِ وَيَقُولُونَ لِلَّذِينَ كَفَرُوا هَـٰؤُلَاءِ أَهْدَىٰ مِنَ الَّذِينَ آمَنُوا سَبِيلًا ﴿٥١﴾ أُولَـٰئِكَ الَّذِينَ لَعَنَهُمُ اللَّـهُ ۖ وَمَن يَلْعَنِ اللَّـهُ فَلَن تَجِدَ لَهُ نَصِيرًا ﴿٥٢﴾}} ألنِّسَاء.
واتە: ئایا سەرنجی ئەوانە نادەی کە بەشێک لە کتێبی خوایان پێدراوە(واتە: تەورات)، (کەچی لەگەڵ ئەوەشدا) باوەڕیان بە جبت (صَنَم)‌و طاغوت هەیە، وە بە موشریک‌و بێ‌باوەڕەکان دەڵێن: ڕێ‌و ڕێبازی ئەوانە (واتە: موشریک‌و کافرەکان) لە ڕێ‌و ڕێبازی باوەڕدارەکان چاکترە!!. ئا ئەوانە (واتە: جوولەکەکان) خوا نەفرینی لێ‌کردوون‌و لە میهرەبانی خۆی دووری خستوونەتەوە.

(قوڕەیش) بەمە ڕازی بوون‌و بڕیاریاندا بەشداری بکەن لەگەڵ هێزەکانی دیکە بۆ لەناوبردنی موسڵمانەکان‌و وێرانکردنی (مدينة).

پاشان جوولەکەکان چوون بۆ ناو هۆزی (غطفان)و تیرەی (فزارة)و تیرەی (بني مرة)و تیرەی (أشجع)، بە درۆو دەلەسەوە هەڵیاندان هەموویان هێنانە سەر ئەوە کە بە تێکڕایی هێرش بکەنە سەر (مدينة)و موسڵمانەکان لەناو ببەن.

کەواتە بەشداربوانی ئەو جەنگە لە ئەهلی کوفر، ئەوانە بوون(4):
١ـــ لە باشوورەوە (قریش)و (كنانة)و هاوپەیمانانیان لە خەڵکی (تهامة)، بە سەرکردایەتی (أبو سفيان) بە (٤٠٠٠) کەسەوە.
٢ـــ هۆزی (غَطْفَان).
٣ـــ تیرەی (مُرَّة)و تیرەی (فزارة)و تیرەی (أشجع).
کەواتە: وێڕای (قریش)و هاوپەیمانەکانیان چوار هێزی دیکەی موشریکەکان لەو جەنگەدا بەشداربوون، جگە لە جوولەکەکانی (خیبر)و (بني قريظة) کە لە (مدينة)دا بوون، بەڵێنیان دابوو بە هەموو شێوەیەک هاوکاری موشریکەکان بکەن، هەرچەندە لەگەڵ پێغەمبەر دا هاوپەیمان بوون، ئەوانە هەموویان کۆبوونەوەو یەکیان گرت لە دژی موسڵمانان‌و ئەوانە نایان لێنراوە(ألأحزاب) واتە: حزبەکان، ئەو حزبانە ژمارەیان (١٠٠٠٠) کەس بووەو موسڵمانانیش (١٠٠٠) کەس بوون(5).

بێگومان ئەگەر ئەو لەشکرە زەبەللاحە لە ناکاودا هێرشی بکردایەتە سەر (مدينة) گەورەترین مەترسی دروست دەکرد لەسەر موسڵمانەکان‌، بەڵام پێغەمبەری خوا هوشیار بوو، هێشتا سوپاکە لە جێگەی خۆی نەجوڵابوو، هەواڵ هات بۆ پێغەمبەر و موسڵمانان‌و زانیان کە سوپایەکی بێ‌ژمارەیان لێ‌کۆکراوەتەوە لە هەموو تیرەیەکەوە.

پێغەمبەر لەگەڵ بیستنی هەواڵی ئەو سوپایە، کەوتە ڕاوێژکردن لەگەڵ موسڵمانەکاندا کە لە شاردا بمێننەوەو بەرگریی ئەو سوپایە بکەن یان بچن بۆ ڕێگایان، لە ئەنجامدا بڕیاریان دا کە لەناو شار بمێننەوە، (سلمان الفارسي ) پێشنیازی هەڵکەندنی (خندق)ی بە دەوری (مدينة)دا کرد لەو شوێنانەی کە پێدەشتەو دوژمن دەتوانێ لێ‌یەوە بێتە نێو شار، (سلمان) گوتی: يا رَسولَ الله، إِنَّا كُنَّا بِفَارِسٍ إِذَا تخَوَّفْنا الخَيْلَ خَنْدَقْنَا عَلَيْنَا. واتە: ئەی پێغەمبەری خوا ئێمە لە وڵاتی (فارس) کاتێک کە لە سوارەی دوژمن دەترساین، لەو شوێنەوە کە دوژمن دەتوانێ لێ‌یەوە بێ (خندق)مان لێ‌دەدا. موسڵمانان ئەو پێشنیازەی (سلمان)یان پێ چاک بوو، وە پێغەمبەر پێشنیازەکەی (سلمان)ی کرد بە کردارو هەڵسان بە لێدانی ئەو (خندق)ە.

موسڵمانەکان بە خێرایی دەستیانکرد بە هەڵکەندنی (خندق)و پێغەمبەری خواش لە گەڵیاندا بەشداریی لە هەڵکەندنی کردوە، وە بە گەز پێواویانەو بەش بەشیان کردوەو هەر بەشێکیان داوەتە کۆمەڵێک کە هەر کەسە بەشی خۆی هەڵکەنێ، دووڕووەکان‌و هەندێک لە دڵ نەخۆش‌و ئیمان لاوازەکان خۆیان دزیوەتەوەو خۆیان شاردۆتەوەو گوێ‌یان نەداوەو بەئیش‌و بەبێ پرسی پێغەمبەر ڕۆیشتوونەتەوە بۆ ناو ماڵ‌و خێزانیان، بەڵام موسلمانانی خاوەن ئیمانی ڕاستەقینە ئەگەر ئیشێکیان ببوایە دەهاتنە لای پێغەمبەر و بۆیان باس دەکردو ئیزنیان لەو وەردەگرت ئەوسا دەڕۆیشتن، دوای ئەوە خێرا دەهاتنەوە سەر کارەکانیان لە هەڵکەندنی (خند‌ق)ـەکە، خوای پەروەردگاریش لەبارەی هەڵوێستی موسڵمانانی خاوەن ئیمانی ڕاستەقینەو موسڵمانە دڵ ‌نەخۆشەکان‌و ئەو دووڕوانەی کە بە ڕواڵەت خۆیان بە موسڵمان پێشان دەدا، ئایەتی (٦٢)و ئایەتی (٦٣)ی لە سورەتی (ألنُّور) ناردە خوار، خوای گەورە دەفەرموێ:
{{إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ الَّذِينَ آمَنُوا بِاللَّـهِ وَرَسُولِهِ وَإِذَا كَانُوا مَعَهُ عَلَىٰ أَمْرٍ جَامِعٍ لَّمْ يَذْهَبُوا حَتَّىٰ يَسْتَأْذِنُوهُ ۚ إِنَّ الَّذِينَ يَسْتَأْذِنُونَكَ أُولَـٰئِكَ الَّذِينَ يُؤْمِنُونَ بِاللَّـهِ وَرَسُولِهِ ۚ فَإِذَا اسْتَأْذَنُوكَ لِبَعْضِ شَأْنِهِمْ فَأْذَن لِّمَن شِئْتَ مِنْهُمْ وَاسْتَغْفِرْ لَهُمُ اللَّـهَ ۚ إِنَّ اللَّـهَ غَفُورٌ رَّحِيمٌ ﴿٦٢﴾ لَّا تَجْعَلُوا دُعَاءَ الرَّسُولِ بَيْنَكُمْ كَدُعَاءِ بَعْضِكُم بَعْضًا ۚ قَدْ يَعْلَمُ اللَّـهُ الَّذِينَ يَتَسَلَّلُونَ مِنكُمْ لِوَاذًا ۚ فَلْيَحْذَرِ الَّذِينَ يُخَالِفُونَ عَنْ أَمْرِهِ أَن تُصِيبَهُمْ فِتْنَةٌ أَوْ يُصِيبَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ ﴿٦٣﴾}} ألنُّور.
واتە: بێگومان ئیمانداران (موسڵمانانی ڕاستەقینە) ئەوانەن کە ئیمانیان بە خواو پێغەمبەری خوا هەیە، وە هەرکاتێک کۆ دەبنەوە لە خزمەتیدا بۆ کارێکی گرنگ‌و پێویست کە هاوکاریی دەوێ، ناڕۆن‌و (ئەو ئیشە بەجێ‌ناهێڵن) هەتاکو مۆڵەت لە پێغەمبەر وەردەگرن، ئەوانەی کە مۆڵەتت لێ‌وەردەگرن (ئنجا دەڕۆن‌و ئیش‌و کارێکیان هەیە جێ‌بەجێ‌ی دەکەن) هەر ئەو کەسانەن کە باوەڕیان بە خواو پێغەمبەرەکەی هەیە، هەر کاتێک بۆ کارێکی تایبەتی خۆیان داوای مۆڵەتیان لێکردی، ئەوە مۆڵەتیان بدەو، داوای لێخۆشبوونیان لای خوا بۆ بکە بەڕاستی خوا لێخۆشبوو و میهرەبانە، بانگکردنی پێغەمبەر بۆ یەکێکتان وەک بانگکردنی هێندێکتان بۆ هێندێکتان تەماشا مەکەن (چونکە دەبێ قەدری پێغەمبەر تایبەت بێ)(6)، خوا دەزانێت بەوانەی کە خۆ دەشارنەوەو خۆ دەدزنەوە لە کارو فەرمان، با ئەوانەی کە بێ‌فەرمانی پێغەمبەر دەکەن، بترسن کە فیتنەو بەڵایەکیان لە دنیادا تووش بێ، یاخود لە دواڕۆژدا تووشی عەزاب‌و ئەشکەنجە ببن (دیارە مەبەستی ئەوانە بووە کە ئیمانێکیان هەبووە، بەڵام ئیمانەکەیان لاواز بووە، ئەگەرنا دووڕووەکان پێش ئەوەی لەسەر ئەو شتە گچکەو کەمانە عەزاب بدرێن، لەسەر ئەسلی (نفاق)و کوفرەکەیان عەزاب‌و سزا دەدرێن).


بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەتەکە، تکایە بڕۆ بۆ لاپەڕی "٢" . . .





  1. ألسيرة النبوية لابن هشام، ج٣، ص١٠٣.
  2. ألمصباح المنير في تهذيب تفسير إبن كثير، ص٣٠٠.
  3. (قوڕەیش)یەکان، جارێکی دی پێشتریش هەمان پرسیاریان لە جوولەکەکان کرد، کاتێک چوون بۆ (يثرب) پێش کۆچکردنی موسڵمانان بۆ ئەوێ.
  4. ألسيرةالنبوية لابن هشام، ج٣، ص١٠٣ ــــ ١٠٤.
  5. ألسيرة النبوية لابن هشام، ج٣، ص ١٠٧.
  6. دعاء: لێرەدا بەمانای بانگکردن دێ نەک پاڕانەوە.

    بۆ سەرەوە
 
 

www.muslimguide.se
      خەلیفەکانی ڕاشیدین

عومەری کوڕی عبدالعزیز

ژیاننامەی پێغەمبەران peghambar.muslimguide.se

 

M U S L I M G U I D E . S E ©

پەیوەندی:   tajweed.kurdi@gmail.com