http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر
  
 
www.muslimguide.se {{قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللَّـهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعًا الَّذِي لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۖ لَا إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ يُحْيِي وَيُمِيتُ ۖ فَآمِنُوا بِاللَّـهِ وَرَسُولِهِ النَّبِيِّ الْأُمِّيِّ الَّذِي يُؤْمِنُ بِاللَّـهِ وَكَلِمَاتِهِ وَاتَّبِعُوهُ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ ﴿١٥٨﴾}} ألأعراف    {{مَّن يُطِعِ الرَّسُولَ فَقَدْ أَطَاعَ اللَّـهَ ۖ وَمَن تَوَلَّىٰ فَمَا أَرْسَلْنَاكَ عَلَيْهِمْ حَفِيظًا ﴿٨٠﴾}} ألنِّساء.  
 


 
 

www.muslimguide.se

(إبن إسحاق)(1) دەڵێ: نەمزانیوە کە هیچ کەسێک کەس بەو کۆچکردنەی پێغەمبەری زانیبێ جگە لە (أبو بكر)و (علي)و دوو کچەکەی (أبو بكر) ــــ خوا لە هەموویان ڕازی بێ ــــ ، وە پێغەمبەر (علي) بەجێهێشت لە شوێنی خۆی بۆ ئەوەی ئەو ئەمانەت‌و ڕاسپاردانەی خەڵک کە لەلایان دانابوو، دوای ئەوەی کە بەرەو (يثرب) کۆچ دەکات، ئەو ڕاسپاردانە بداتەوە دەست خاوەنەکانیان، چونکە هەر کەسێک لە (مەککە) شتێکی گرانبەهای هەبووبایەو لە فەوتانی ترسابایە، لەلای پێغەمبەری دادەنا، دیارە پێغەمبەر ئەوەندە ئەمیندارو جێ‌ی متمانەی خەڵک بووە، کە هەندێک لەوانەی باوەڕیشیان پێ‌ی نەبووە، شتی خۆیان لەلا داناوەو بە ئینسانێکی ڕاست‌و ساغ‌و ئەمینداریان زانیوە.

(ابن هشام)(2) دەڵێ: ئەو شەوی کە بڕیار بوو پێغەمبەر (مەککە) بەجێ‌بهێڵێ، جبریل هاتەلای‌و پێ‌ی گوت: ئەمشەو لەسەر ئەو جێگایەی کە جاران تێیدا دەخەوتی مەمێنەوە.

گەمارۆدانی ماڵەکەی پێغەمبەر . . . . . . .

کافرەکانی (قوڕەیش) ڕۆژەکەیان بەخۆسازدان بۆ نەخشە داڕێژراوەکە بەسەربرد کە لە (دارِ النَّدوة) سەرلەبەیانی‌یەکەی پەیمانی لەسەردرابوو، بۆ ئەو مەبەستەش یازدە لاوی خاوەن نەسەب‌و بەهێزیان هەڵبژاردبوو ـــــ هەر یەک لەوانە لە تیرەو هۆزێک بوون ـــــ بۆ کوشتنی پێغەمبەر .

دوای ئەوەی کە شەو تاریک دادێ، کافرەکان کۆ دەبنەوەو چاودێری دەرگای ماڵی پێغەمبەر دەکەن، کە داخۆ کەی دەخەوێ بۆ ئەوەی بدەن بەسەر ماڵەکەیداو بیکوژن‌و متمانەو بڕوای تەواویان هەبوو بەسەرکەوتنی ئەو پیلانە خراپەیان.

کاتی جێ‌بەجێ کردنی ئەو پیلانە دوای نیوەشەو بوو بە بێداری مانەوە، چاوڕوانی سەعاتی (صفریان)یان دەکرد، بەڵام خودا باڵادەستە بەسەر هەموو شتێکدا، موڵکی ئاسمانەکان‌و زەمینی بەدەستە، هەرچی‌یەکی خواست دەیکات، ئەو پەنای مرۆڤان دەدات، بەبێ ئەو کەس ناتوانێت پەنا بدات.

پێغەمبەر ماڵەکەی بەجێ‌دەهێڵێت . . . . . . .

کاتێک پێغەمبەر بەو حاڵەتەی زانی، فەرمووی بە (علي بن أبي طالب ):
«نَمْ عَلَى فِرَاشِي وَتَسَجَّ بِبُرْدِي هَذَا الْحَضْرَمِيِّ الْأَخْضَرِ ، فَنَمْ فِيهِ ، فَإِنَّهُ لَنْ يَخْلُصَ إلَيْكَ شَيْءٌ تَكْرَهُهُ مِنْهُمْ»، وَكَانَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَنَامُ فِي بُرْدِهِ ذَلِكَ إذَا نَامَ (3).
واتە: لەسەر جێ‌ی من بخەوە بەو پۆشاکە (حەضڕەمی)یە کەسکەی من خۆت داپۆشە، وە هیچ شتێک کە پێت ناخۆش بێ لەوانەوە بە تۆ ناگات . . . . پێغەمبەر نەریتی وابوو، کە بخەوتایە لەژێر ئەو پۆشاکە دەنوست.

ئنجا پێغەمبەر لە ماڵ هاتە دەرەوەو، سەرەتای سورەتی (یس)ی خوێند هەتا گەیشتە:
{{وَجَعَلْنَا مِن بَيْنِ أَيْدِيهِمْ سَدًّا وَمِنْ خَلْفِهِمْ سَدًّا فَأَغْشَيْنَاهُمْ فَهُمْ لَا يُبْصِرُونَ ﴿٩﴾}} يس.
ئیدی خوای گەورەش لەو کاتەدا هەموو لاوەکانی (قوڕەیش)ی نابیانا کردبوو لە ئاستیداو پێ‌یان نەزانی‌‌، پاشان بەرەو ماڵی (أبو بكر الصدّيق) ڕۆشت تاکو هەردووکیان پێکەوە کۆچ بکەن.

دوای تێپەڕبوونی ئەو شەوەی کە بەتەمای پیلان‌‌و ئەنجامدانی تاوانەکەیان بوون، بێباوەڕانی (قوڕەیش) لەگەڵ خۆرهەڵاتن‌و ڕۆژبوونەوەدا بۆیان دەرکەوت کە پێغەمبەر لەدەستیان دەرچووەو ئەو کەسەی لەپێچەفەکەی‌دا نوستبوو (علي بن أبي طالب) بووە، ئەوەش ڕووداوێکی سەرسوڕهێن‌و کت‌و پڕیی ئەوتۆبوو کە عەقڵ‌و هۆشی لێ‌بڕین.

لە ماڵەوە بۆ ئەشکەوت . . . . . .

(ابن هشام)(4) دەڵی: دوای ئەوەی کە پێغەمبەر ئەو شەوە دەچێ بۆ ماڵی (أبو بکر) لە دەرگای دواوەی ماڵی (أبو بکر) دەچنە دەر نەک لە دەرگای ئاسای‌یەوە، وە لەوێوە پێکەوە دەچن بۆ ئەشکەوتێک لە شاخی (ثور) کە چیایەکە لە خوار (مەککە)وەو بە پێچەوانەی ئاڕاستەی شاری (یثرب)ـە، بۆ سەرلێشێواندنی کافرەکان، وە لە کاتی دەرچوونیدا پێغەمبەر لە شوێنێک بەناوی (الْحَزْوَرَةِ) وەستاو فەرمووی:
« وَاللَّهِ إِنَّكِ لَخَيْرُ أَرْضِ اللَّهِ وَأَحَبُّ أَرْضِ اللَّهِ إِلَى اللَّهِ، وَلَوْلَا أَنِّي أُخْرِجْتُ مِنْكِ مَا خَرَجْتُ»(5).
واتە: سوێند بەخوا تۆ باشترین سەرزەمینی خوای‌و خۆشەویستترین سەرزەمینی خوای لای خوا، وە ئەگەر لێت دەرنەکرابام، بۆخۆم بەجێم نەدەهێشتی.

أبو بكر بەر لە ڕۆیشتن‌و دوای ڕاوێژکردنی لەگەڵ پێغەمبەر فەرمان دەکات بە (عبدالله)ی کوڕی کە لەنێو خەڵکی دا گوێ هەڵخات‌و هەست ڕابگرێ داخۆ کافرەکان چی دەڵێن دەربارەی پێغەمبەر ؟! وە دوای ئەوە بگەڕێتەوە بۆلایان‌و قسەوباسی ئەو ڕۆژەیان پێ‌بگەیەنێت.

هەروەها (أبو بكر) فەرمان دەکات بە (عامر بن فهيرة) کە شوانی مەڕەکانی بووە، کە بەڕۆژ مەڕەکانی بۆ بلەوەڕێنێت‌و ئێوارانیش مەڕەکان بەلای ئەواندا بەرێ لە ئەشکەوتەکەدا تاکو لە شیرەکەیان بخۆنەوەو شوێن‌ پێ‌ی ئەوانیش‌ یان هی (عبدالله)ش بسڕنەوە.

هەروەها (أبو بكر) فەرمان دەکات بە (أسماء)ی کچی کە شەوانە خواردنیان بۆ بێنێت، وە هەندێک جار بە پشتێنەکەی خۆی خواردنەکەی بەستووەو، جارێکیان بۆ ئەو مەبەستە کەرتی کردوە، بۆیە پێ‌یانگوتووە خاوەن دوو پشتێن (ذاتُ النِّطاقَين) ، وەک لە (صحيح البخاري)دا هاتوە (6).

لە نێو ئەشکەوتەکەدا . . . . . . .

(ابن هشام)(7) دەڵێ: شەوێ کە دەچنە نێو ئەشکەوتەکەوە، لەپێشدا (أبو بكر) دەچێتە نێوی دەگەڕێ‌‌و دەست بەنێو هەموو کونەکاندا دەگێڕێ، نەوەک شتێکی زیان‌بەخشی لێبێت، ئازار بە پێغەمبەر بگەیەنێ، ئنجا دوای ئەوەی کە دڵنیا دەبێ ئەشکەوتەکە هیچی لێ نیە، داوا لە پێغەمبەر دەکا کە بچێتە ژوورێ، بەو جۆرە پێغەمبەر و (أبو بكر) سێ ڕۆژان لە ئەشکەوتەکەدا دەمێننەوە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەتەکە، تکایە بڕۆ بۆ لاپەڕی "٢" . . .





  1. (ألسيرة النبوية لابن هشام)، ج٢، ص ٢٥٢
  2. هەمان سەرچاوە، ج٢، ص ٢٥٠
  3. (ألسيرة النبوية لابن هشام)، ج٢، ص ٢٥٠
  4. (ألسيرة النبوية لابن هشام)، ج٢، ص ٢٥٢ ـــــ ٢٥٣
  5. رواه الترمذي برقم: ٣٩٢٥
  6. (صحيح البخاري)، برقم: ٣٩٠٧
  7. (ألسيرة النبوية لابن هشام)، ج٢، ص٢٥٢

    بۆ سەرەوە
 
 

www.muslimguide.se
      خەلیفەکانی ڕاشیدین

عومەری کوڕی عبدالعزیز

ژیاننامەی پێغەمبەران peghambar.muslimguide.se

 

M U S L I M G U I D E . S E ©

پەیوەندی:   tajweed.kurdi@gmail.com