http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر
  
 
www.muslimguide.se {{قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللَّـهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعًا الَّذِي لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۖ لَا إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ يُحْيِي وَيُمِيتُ ۖ فَآمِنُوا بِاللَّـهِ وَرَسُولِهِ النَّبِيِّ الْأُمِّيِّ الَّذِي يُؤْمِنُ بِاللَّـهِ وَكَلِمَاتِهِ وَاتَّبِعُوهُ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ ﴿١٥٨﴾}} ألأعراف    {{مَّن يُطِعِ الرَّسُولَ فَقَدْ أَطَاعَ اللَّـهَ ۖ وَمَن تَوَلَّىٰ فَمَا أَرْسَلْنَاكَ عَلَيْهِمْ حَفِيظًا ﴿٨٠﴾}} ألنِّساء.  
 


 
 

www.muslimguide.se

کۆچکردنی هاوەڵان بەرەو (يثرب) . . . . . . .

دیارە لەسەرەتاوە پێغەمبەر () ڕێگەی بە هاوەڵانی بەڕێزی نەداوە کە کۆچ بکەن بۆ (يثرب)، بەڵام دوای ئەوەی نوێنەرانی شاری (يثرب) لە هەردوو هۆزی (أوْسْ و خَزْرَجْ) هاتن‌‌و لە پەیمانی یەکەم‌و دووەمی (عَقَبَة)دا پەیمانیان بە پێغەمبەر ()داو، گەڕانەوە بۆ (يثرب)‌و خەڵکێکی زۆر موسڵمان بوون، ئنجا پێغەمبەر () فەرمانی کرد بە هاوەڵە بەڕێزەکانی () کە کۆچ بکەن بۆ (يثرب)، لەوبارەوە دایکمان عائشة () دەڵێ(1):
کاتێک ئەو حەفتا کەسەی کە پەیماننامەی (دووەمی عَقَبَة)یان لەگەڵ پێغەمبەر () بەست گەڕانەوە بۆ شاری (يثرب)، پێغەمبەر () بەوە دڵی خۆش بوو، چونکە خوای بەرزو شکۆدار قەڵایەکی بۆ دروستکرد، وە کەسانێک بوونە پشتیوا‌ن‌و پشتگیریی کە جەنگاوەرو پیاوی جوامێر بوون، ئنجا دوای ئەوەی موشریکەکان زانیان کە موسڵمانەکان دەیانەوێ کۆچ بکەن‌و بڕۆن، وەکەمێکیشیان بیستبوویان کە نوێنەرانی شاری (يثرب) لە (ئەوس‌و جەزرەج) پەیمانیان بە پێغەمبەر () داوەو موسڵمان بوون، ئازارو ئەشکەنجەیان لەسەر بڕواداران زیاتر کردو بە شێوەیەک کەوتنە ئازاردانیان کە پێشتر ئازاری وایان نەدابوون، ئیدی لە ئەنجامدا هاوەڵانی بەڕێزی پێغەمبەر () داوای مۆڵەتیان لە پێغەمبەر () کرد کە کۆچ بکەن، (چونکە هاوەڵان بەریزی پێغەمبەر () بەبێ مۆڵەت ئامادە نەبوون کارێکی وا گرنگ بکەن‌و نێو شارەکە بەجێ بێڵن ئەگەر زیاتریش لەوە ئازار درابان)، ئنجا پێغەمبەر () لەوەڵامی ئەوەدا فەرمووی:
«إِنِّي أُرِيتُ دَارَ هِجْرَتِكُمْ ذَاتَ نَخْلٍ بَيْنَ لابَتَيْنِ وَهُمَا الْحَرَّتَانِ . . . . . » رواه البخاري (2).
واتە: ئەو شوێنەی کە کۆچی بۆ دەکەن پێشانم دراوە، شوێنیکە دارخورمای لێن‌و لەنێوان دوو بەرزاییدایە کە بەردەکانی ڕەشن . . . . . .

(عائشة) دەڵی: ڕۆژیکیان پێغەمبەر () بە ڕوویەکی گەشەوە بە هاوەڵانی بەڕێزی فەرموو: هەواڵم پێ‌درا دەربارەی ئەو شوێنەی کە کۆچی بۆ دەکەن، ئەویش (يثرب)ـە، کێ دەیەوێ دەربچێ بۆی بچێ.

ئنجا موسڵمانان بە نهێنی دوو دوو و سێ سێ ئەوانەی خزمی یەکدی بوون لەشار دەرچوون‌و کەوتنەڕی بەرەو (يثرب)، وە لەوێ پشتیوانەکان (ألأنصار) هاوکاریان بوون‌و لەمال‌و حاڵی خۆیاندا حەواندیاننەوە، تا لەدوایی‌دا ژمارەیەکی کەمیان لە (مەککە)دا لێ‌مابوویەوە. لەوانە (أبو بكر الصديق)‌‌و (علي بن أبي طالب) ـــــ خوا لێ‌یان ڕازی بێ ـــــ ، وە چەند کەسێک کە موشریکەکەن بەزۆر هێشتبیانەوە، یان یەکێک کە نەخۆش‌و پیرو پەککەوەتە بوو نەیدەتوانی بەڕێدا بڕوا. واتە: بەس ئەوانەی کە لەبەر هەر هۆیەک بێت نەیانتوانی کۆچ بکەن، ئەوانە لە (مەککە)دا مانەوە.

هەڵوێستی کافران‌و ڕێگری‌یان لە کۆچ . . . . . .

کافرانی (مەککە) زانیان ئەو کۆچکردنەی موسڵمانان بۆ شاری (يثرب) بە بەرنامەیەکی تۆکمەو داڕێژراوبووەو تەنیا بریتی نەبووە لە ڕاکردن‌و خۆ دەربازکردن، بەڵکو دەیانزانی ئەوەی کە لە (مەککە) بۆیان نەکراوە، لە (يثرب) دەیکەن‌و هێزو پێز بنیات دەنێن‌، بۆیە بە هەموو شێوەیەک هەوڵیاندا کە ڕێ لەو کۆچ کردنە بگرن‌و نەهێڵن خەڵکە موسڵمانەکە (مەککە) بەجێ بێڵن، بۆ ئەو مەبەستەش چەند شێوازێکیان بەکار هێنا، لەوانە:

١ ـــــ ڕێ‌لێگرتن:
وەکو لە بەسەرهاتی (أبو سَلَمَة ـــــ ى كوڕی عبدالأسد) و (أم سَلَمَة)ی خێزانی، (أبو سَلَمَة) یەکیک بوو لەوانەی کە پێشتر کۆچی کردبوو بۆ (حەبەشە)، بەڵام کاتێک کە گەڕایەوە(3)، (قوڕەیش) دیسان ئازاریان دا، تا ئەمجارە بە ناچاری هەوڵی‌دا کۆچ بکات بۆ (يثرب) لەگەڵ (أم سَلَمَة(4))ی ژنی‌و کوڕەکەیان، کاتێک کە سواری حوشترەکەیان دەبن‌ بۆ ئەوەی دەرچن لە (مەککە)، خزمانی (أم سَلَمَة) بەوەیان زانی هاتنە سەر ڕێگای‌و نەیانهێشت (أم سَلَمَة)و کوڕەکەی لەگەڵ خۆیدا ببات. وە لەکۆتاییدا (أم سَلَمَة) لەلای خزمانیدا حەپس کرا، وە (أبو سَلَمَة)ش کۆچی کرد بۆ (يثرب)، ئەو ئافرەتەش نزیکەی ساڵێک بەو شێوەیە مایەوەو زۆر دەگریا (کە بێ میرد‌و بێ کوڕ مایەوە، چونکە خزمانی مێردی کوڕەکەی لێ‌دەستێننەوە)، تاکو خزمانی بەزەی‌یان پێدا دێتەوەو ڕێگەیاندا کە بڕوات و ئەویش کوڕەکەی وەرگرتەوەو ملی ڕێ‌ی گرت بەرەو (يثرب).

٢ ـــــ ڕفاندن:
یەکێکی دیکە لە شێوازەکانی موشریکەکان بۆ ڕێگرتن لە کۆچکردنی موسڵمانەکان بریتی بوو لە ڕفاندن، واتە: دوای ئەوەی کە کابرا کۆچی کردوە بۆ (يثرب)و گەیشتۆتە ئەوێ لە وێڕا بیهێننەوە، بۆ وێنە: بەسەرهاتی (عياش بن أبي ربيعة) کە کوڕە مامی (أبو جهل)و (ألحارث بن هشام) بووەو برای دایکیشیان بووە، دوای ئەوەی (عیاش) دەگاتە (يثرب)، (أبو جهل)و (ألحارث بن هشام) هاتن بۆلای‌و بەو فێڵە بردیانەوە کە دایکی سوێندی خواردوە نە سەری دابێنێ‌و نە خۆی بشواو نە بچێتە بەر سێبەریش، تا نەیبینێتەوە، (عیاش)یش بەزەیی پێدا هاتەوەو دڵی نەرم بوو و گەڕایەوەو لە (مەککە) حەپسیان کرد، دوای ئەوە ڕزگار دەکرێت‌و دەگەڕێتەوە بۆ (يثرب).

٣ ـــــ ماڵ لێ زەوتکردن
کاتێک (صهيب بن سنان) ویستی کۆچ بکات، کافرانی (قوڕەیش) پێ‌یان گوت: کە هاتیتە ناومان کابرایەکی نەدارو هەژار بووی، لەناو ئێمەدا سامانت زۆر بوو، پاشان دەتەوێ بە خێزان‌و ماڵەوە دەرچی؟ سوێند بێت هەرگیز شتی وا نابێت، (صهيب)یش پێ‌ی گوتوون: ئەگەڕ ماڵەکەمتان بدەمێ وازم لێ‌دەهێنن؟ گوتوویانە: بەڵێ، ئەویش ماڵەکەیان دەداتێ‌و کۆچ دەکات بۆ (يثرب). ئەو هەواڵە گەیشتەوە بە پێغەمبەر ()، دەفەرموێ:
«رَبِحَ صُهَيْبٌ رَبِحَ صُهَيْبٌ» (5).
واتە: صهيب قازانجی کرد، صهيب قازانجی کرد.

ئەوە سێ حاڵەت بوون موشریکەکان هەرچی هۆکارە بەکاریان‌هێناوە بۆ ڕێگەگرتن لە کۆچ کردنی هاوەڵان ()، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک پۆل پۆل بەدوای یەکدا کۆچیا دەکردو، ئامادەبوون دەستبەرداری هەموو ستێک بن لە پێناو بەجێهێنانی فەرمانی خواو پێغەمبەرەکەی (). پاش دوو مانگ‌و چەند ڕۆژێک لەدوای پەیماننامەی عەقەبەی گەورەوە، لەناو (مەککە)دا جگە لە پێغەمبەر ()‌و (أبو بكر الصديق)و (علي بن أبي طالب) ـــ رضي الله عنهما ــــ کەس نەمابوویەوە، مەگەر کەسێک موشریکان بیانگرتایە.




  1. طبقات إبن سعد،ج١، ص ٣٢٥
  2. صحيح البخاري، برقم:٣٩٠٥
  3. هاوەڵانی پێغەمبەر ()، ئەوانەی کە چووبوون بۆ (حەبەشە)، هەواڵێکیان پێ‌گەیشت، کە ئەهلی (مەککە) موسڵمان بوون، کە ئەوەیان بیست (سی‌وسێ) کەسیان بەرەو (مەککە) بەڕێ کەوتن، کە نزیکی (مەککە)بوون بۆیان دەرکەوت هەواڵەکە درۆیە، بۆیە هیج كامیان نەیانتوانی بێنەوە نێو شاری (مەککە) مەگەر ئەوانە نەبێ کە کەسێک یان سەرۆک عەشیرەتێک پەنای دابوون، (ئەم یاسایە هەبووە لەنێو عەرەبەکاندا، وە پێ‌یان گوتووە: "جِوار") یاخود ئەوەی کە بە پەنهانیی هاتبێتەوە ماڵێ‌و، هەندێکیشیان هەر لەوێ‌وە گەڕانەوە . . . . . ألسيرة النبوية لابن هشام، ج١، ص١٦٧، ط١ دار بن الهيثم.
  4. (أم سَلَمَة ) دوای مردنی (أبو سَلَمَة)ی هاوسەری، شووی بە پێغەمبەر () کردۆتەوە.
  5. (ألسيرة النبوية لابن هشام)، ج٢، ص ٢٤٧.

    بۆ سەرەوە
 
 

www.muslimguide.se
      خەلیفەکانی ڕاشیدین

عومەری کوڕی عبدالعزیز

ژیاننامەی پێغەمبەران peghambar.muslimguide.se

 

M U S L I M G U I D E . S E ©

پەیوەندی:   tajweed.kurdi@gmail.com