حەجی ماڵئاوایی (حَجَّةِ الْوَدَاع) . . . . . .
لە ساڵی (١٠)یەمی کۆچی پێغەمبەر لە (مدينة)وە دەرچوو بەرەو (مکة) بۆ حەج کردن، وە کۆمەڵێکی زۆر لە موسڵمانانی (مدينة)و دەورووبەری خۆیان ئامادە کردو لەخزمەتیدا چوون، لە ڕێگاش هەرچی توانای حەجی بوو لە خزمەتیدا کەوتەڕێ.
پێغەمبەر حەجی نەکردوە لە (مدينة)وە جگە لەم حەجە، کە بە حەجی ماڵئاوایی (حَجَّةِ الْوَدَاع) ناسراوەو دوای ئەوە حەجی دیکەی نەکردوە، وە لە حەجەکەیدا ئاماژەی بەوە کردوە، کە ئەوە دواجارە موسڵمانان بەو شێوە گشتییە ببینێو فەرموویەتی: «أَيُّهَا النَّاسُ، اسْمَعُوا قَوْلِي، فَإِنِّي لَا أَدْرِي لَعَلِّي لَا أَلْقَاكُمْ بَعْدَ عَامِي هَذَا بِهَذَا الْمَوْقِفِ أَبَدًا»(1). واتە: ئەی خەڵکینە! گوێتان لە قسەم بێ، چونکە من نازانم ڕەنگە دوای ئەم ساڵەم هەرگیز لەم شوێنە پێتان نەگەمەوە . . . وە کۆتا حەجیشی بوو.
(ابن هشام(2)) دەڵێ: پێنج شەو مابوون لە مانگی (ذو القعدة) لە ساڵی (١٠)یەمی کۆچیدا پێغەمبەر لە (مدينة)وە بە مەبەستی (حەج) کردن بەرەو (مکة) بەڕیکەوتو لە کاتی وتاری (حَجَّةِ الْوَدَاع)دا زیاتر لە سەد هەزار موسڵمانی لە خزمەتدا بوون لە پیاوو ئافرەت، دوای ئەوە کە دەگەنە (مکة)و پێغەمبەر حەج دەکات، بەمەبەستی شارەزابوونو تێگەیاندنی موسڵمانان لە چۆنیەتی (حەج) کردن، چەند جار لە موسڵمانان دووبارە دەکاتەوەو پێیان دەڵێ: «لِتَأْخُذُوا مَنَاسِكَكُمْ فَإِنَى لَا أَدْرِي لَعَلِّي لَا أَحُجُّ بَعْدَ حَجَّتِي هَذِهِ»(3). واتە: خوداپەرستییەکانی حەجو عومرەتانم لێوەربگرن، چونکە من نازانم ڕەنگە پاش ئەم حەجەم هیچ حەجی دیکە نەکەم. ئنجا پێغەمبەر حەجێک بەو شێوەیە کە خودا پێویستی کردوەو بە ڕێکوپێکی بە موسڵمانان دەکاتو وتارێکی زۆر گرنگو مێژوویی دا، کە کۆمەڵیک هێڵی گشتیو بنەمای گرنگو گەورەی ئیسلامەتیی تێدا خستە ڕوو. وتارە بەناوبانگو مێژووییەکەی پێغەمبەر لە حەجی ماڵئاوایی (حَجَّةِ الْوَدَاع) . . .
ئەی خەڵکینە! قسەکانم بببیستن، چونکە نازانم ڕەنگە پاش ئەم ساڵەم هەرگیز لەم شوێنە (عرفات) پێتان نەگەمەوە! هۆ خەڵکینە! بێگومان خوێنتانو سامانتان لەیەکتری حەرامە، وەک حورمەتداری ئەم ڕۆژەتان لەم مانگەتان تا ئەو ڕۆژەی بەخودای خۆتان دەگەنەوە، بێگومان ئێوە دەگەنە پەروەردگارتان، لەبارەی کردەوەکانتانەوە لێتان دەپرسێ، جا ئەوە پێم ڕاگەیاندن: هەر کەسێک ئامانەتێکی لەلایە با بیداتەوە دەست ئەو کەسەی کە پێی سپاردوە، وە هەموو سوود (ربا)یەک لابراوە، بەڵام سەرمایەکانتان هی خۆتانن، نە ستەم بکەنو نە ستەمتان لێبکرێ، خودا بڕیاری داوە کە سوودخۆریی نەمینێ، وە سوودی (عەبباسی کوڕی عەبدولموتتەلیب) هەمووی لابراوە، وە هەر خوێنێکی ڕۆژگاری نەفامێتی لابراوە، وە یەکەمین خوێنیش لەوانە کە لایدەبەم: خوێنی (ابن ربيعة بن الحارث بن عبد المطلب)ە کە لە هۆزی (بني ليث) بەدایەن درابوو هۆزی (هذيل) کوشتی، ئەوە یەکەمین خوێنی سەردەمی نەفامێتییە کە لێیەوە دەست پێدەکەم! ئنجا دوایی ئەی خەڵکینە! بەڕاستی (شەیطان) بێ هیوابووە کە هەرگیز لەم سەرزەمینەتاندا بپەرسترێ، بەڵام بەوە ڕازی دەبێ کە لە شتی دیکەدا بەقسەی بکرێ، لەو کردەوە خراپانەتان کە بەکەمیان دەگرن، جا لەبارەی ئایینتانەوە لێی وریا بن! هۆ خەڵکینە! بێگومان دواخستنی مانگە جەنگ تێدا حەڕام کراوەکانو دەستکاریی کردنیان کوفرێکی زیادەیە کە کافرەکانی پێ گومڕا دەبن کە ساڵێک حەڵاڵی دەکەنو ساڵێک قەدەغەی دەکەن، تاکو بکەوێتە بەر ئەو مانگە خوا حەڕامی کردوەو سەرەنجام ئەوەی خوا قەدەغەی کردوە حەڵاڵی بکەنو ئەوەی خوا حەڵاڵی کردوە قەدەغەی بکەن، وە ڕۆژگار (ساڵو مانگەکان) گەڕاوەتەوە سەر ئەو حاڵەتە ئاساییەی کە خوا ئاسمانەکانو زەوی تێدا هێناونە دی، وە ژمارەی مانگەکان لەلای خوا (دوازدە مانگن) چواریان حەڕامن، (واتە: جەنگ تێدا کردنیان قەدەغەیە) سێیان لەدوای یەکن (مُحرّم، صَفَر، رَبيع الأول) وە (رَجَب)ى (مُضَر) کە دەکەوێتە نێوان (جمادی)و (شعبان)ەوە. ئنجا دوایی ئەی خەڵکینە! بێگومان مافتان بەسەر ژنەکانتانەوە هەیەو ئەوانیش مافیان لەسەرتانە: مافتان لەسەریانە کە هیچ کەس فەرمووی ماڵەوەو سەرجێگاتان نەکەن کە حەز بەچارەی نەکەن، وە لەسەریان پێویستە کە کاری ناقۆڵای ئاشکرا (واتە: سەرپێچی مێرد) نەکەن، وە ئەگەر کردیان ئەوە خودا مۆڵەتی داون (پاش ئامۆژگاریی کردنو بێ سوود بوونی) کە واز لەسەر جێگایان بهێنن (ئەگەر ئەمیش دادی نەدا) بە لێدانێکی ناڕەحەت نەکەرو بریندارنەکەر لێیان بدەن، جا ئەگەر وازیان لە یاخیبوون هێنا، ئەوە مافیانە کە بژێوو پۆشاکیی باوو پەسندیان بۆ دابین بکرێ. وە لەگەڵ ژناندا باش بن چونکە لە بەردەستتان دیلنو هیچیان پێناکرێ (واتە: ژنان مل بەملەیان لەگەڵ پیاواندا پێناکرێ)، وە ئێوە وەک سپاردەی خوا ئەوانتان هێناوەو بەبڕیارو وتەی خۆدا بۆتان حەڵاڵ کراون. خەڵکینە لە قسەکانم تێبگەن! ئەوە پێم ڕاگەیاندن، وە شتێکم لەنێودا جێهێشتوون ئەگەر دەستی پێوە بگرن هەرگیز گومڕا نابن، شتێکی ڕوونە: کتێبی خوداو ڕێبازی پێغەمبەرەکەی. هۆ خەڵکینە! قسەکانم ببیستن لێیان تێبگەن! بزانن کە هەموو موسڵمانێک برای موسڵمانە، وە موسڵمانان بران، (وە ئافرەتان خوشکنو پیاوانو ئافرەتان خوشکو بران). جا موسڵمان هیچ شتێکی برایەکی بۆ ڕەوا نیە (ماڵو سامان) مەگەر بەرەزامەندیی خۆی بیداتی، جا ستەم لەخۆتان مەکەن، ئەی خودایە: ئایا گەیاندم؟! (ابن اسحاق) گوتوویەتی بۆم باس کراوە کە خەڵکەکە گوتوویانە: ئەی خودایە بەڵێ (گەیاندی)، پێغەمبەری خوداش فەرموویەتی: ئەی خودایە شایەد بە! هەروەها (مسلم(4)) هێناویەتی کە پێغەمبەر لە کۆتایی وتارەکەیدا فەرموویەتی: «وَأَنْتُمْ تُسْأَلُونَ عَنِّي فَمَا أَنْتُمْ قَائِلُونَ قَالُوا نَشْهَدُ أَنَّكَ قَدْ بَلَّغْتَ وَأَدَّيْتَ وَنَصَحْتَ فَقَالَ بِإِصْبَعِهِ السَّبَّابَةِ يَرْفَعُهَا إِلَى السَّمَاءِ وَيَنْكُتُهَا إِلَى النَّاسِ اللَّهُمَّ اشْهَدْ اللَّهُمَّ اشْهَدْ ثَلَاثَ مَرَّاتٍ». واتە: جا ئێوەش لەبارەی منەوە لێتان دەپرسێ، ئایا چی دەڵێن؟! گوتیان: شایەدی دەدەین، کە گەیاندووتەو ئەنجامت داوەو دڵسۆزییت نواندوە، ئەویش پاش ئەوەی سێ جار پەنجەی شایەدمانی بەرەو ئاسمان بەرزکردەوەو، ئاماژەی بەرەو لای خەڵکەکە پێکردو، فەرمووی: ئەی خوایە شایەد بە! ئەی خوایە شایەد بە! ئەی خوایە شایەد بە!
شایانی باسیشە، کە ئەم ڕستە قورئانییەش هەر لەهەمان ئەو ڕۆژو کاتو ساتو شوێنەدا هاتۆتە خوارێ: کە پێغەمبەری خودا ئەو وتارە گرنگو گشتگیرەی تێدا داوە: {{ . . . . . . . . . . الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا ۚ . . . . . . ﴿٣﴾}} ألمائدة. واتە: ئەمڕۆ ئاینو بەرنامەکەتانم بە کۆتایی گەیاندو چاکەی خۆم لەسەرتان تەواوکرد، وە ئیسلامم بە بەرنامە بۆتان پەسند کرد.
پێویستە ئەوەش بگوترێ کە هەندێک لە شارەزایانی هاوەڵان لەم ڕستە قورئانییەوە نزیکبوونەوەی کاتی مردنی پێغەمبەر حاڵی بوونە، چونکە مادام ئاینو بەرنامەو پەیامی خودا تەواو بووبێ، دیارە کارو ئەرکی پێغەمبەریش تەواو بووەو بەکۆتا هاتوە.
دەقی وتارەکە بە عەرەبی (تکایە کلیکی ئێرە بکە): بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەتەکە، تکایە بڕۆ بۆ لاپەڕی "٢" . . .
M U S L I M G U I D E . S E ©
پەیوەندی: tajweed.kurdi@gmail.com