http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر
  
 
www.muslimguide.se {{قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللَّـهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعًا الَّذِي لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۖ لَا إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ يُحْيِي وَيُمِيتُ ۖ فَآمِنُوا بِاللَّـهِ وَرَسُولِهِ النَّبِيِّ الْأُمِّيِّ الَّذِي يُؤْمِنُ بِاللَّـهِ وَكَلِمَاتِهِ وَاتَّبِعُوهُ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ ﴿١٥٨﴾}} ألأعراف    {{مَّن يُطِعِ الرَّسُولَ فَقَدْ أَطَاعَ اللَّـهَ ۖ وَمَن تَوَلَّىٰ فَمَا أَرْسَلْنَاكَ عَلَيْهِمْ حَفِيظًا ﴿٨٠﴾}} ألنِّساء.  
 


 
 

http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر

یەکەم: جەنگی حُـنَـيْنْ . . . . . .

ئەم جەنگە لە ساڵی (٨)ی کۆچیدا ڕاستەوخۆ دوای فەتحی (مكة) ڕوویدا، هۆکەشی ئەوەبوو: فەتحی (مكة) گورز وەشاندنێک بوو عەرەبی ڕاچڵەکاندو تیرە عەرەبەکانی خستە بەردەم واقیعی حاڵەوەو نەیاندەتوانی بیگۆڕن، لەبەر ئەوە جگە لە چەند تیرەیەکی ملهوڕی سەرسەخت وەک هۆزی (هوازن) لەگەڵ هۆزی(ثقيف)و چەند خێڵێکی دیکە کە دوای ئەوەی سەرکەوتنی موسڵمانانیان پێگەیشت کەوتنە خۆ ئامادە کردن‌و لەشکر ساز کردن‌و، ویستیان بە سوپایەکی زۆرەوە بە سەرکردایەتی (مالک بن عوف) بەسەر (مكة)دا بدەن، تا ئەم سەرکەوتنە (بە حیسابی خۆیان) لەبار ببەن‌و نەهێڵن بۆ ناوچەکەنی دیکەی نیو دوورگەی عەرەب پەل بکێشی!!

پێغەمبەر فەرمانی دەکرد کە موسڵمانان ئامادە بن بۆ هێرشکردنە سەریان پێش ئەوەی ئەوان بەسەر (مكة)دا بدەن، ئەوەبوو پێغەمبەر و سوپای موسڵمانان کە ژمارەیان (١٢٠٠٠) جەنگاوەر بوو، لە (٥)ی مانگی (شوال) بەڕێ کەوتن‌و لە (١٠)ی مانگی (شوال) گەیشتنە دۆلی (حُنَيْن) کە لەشکری دوژمن واتە هۆزی (هوازن)و هۆزی (ثقيف) لەوێ بوون، وە ژمارەشیان دوو ئەوەندەی سوپای موسڵمانان بوو.

(مالک بن عوف) کە سەرکردەی سوپای دوژمن بوو خەڵکی خۆیانی هاندا بۆ شەڕو، ورەی بەبەرنان‌و بڕیاریشیدا ژن‌و منداڵ‌و ماڵ‌و سامانەکەشیان لەگەڵ لەشکرەکەیان بەرن، بۆ ئەوەی پیاوەکانیان لە شەڕدا شەرم بیانگرێ‌و هەڵنەیەن، وە سوودیشی لە پیاوێک بەناوی (دريد بن الصمة) بینی لە دانانی بۆسەدا دژی موسڵمانان‌و لەو ناوچەیەداش زۆر شارەزا بوو.

(دريد بن الصمة) داوای لە (مالک بن عوف) کرد ماڵ‌و سامانەکان دووربخاتەوەو لە شوێنێکی مەحکەم دایانبنێت‌و ژن‌و منداڵەکانیش بخاتە سەر پشتی ئەسپ‌و بیاننێرێتەوەو، گوتی: ئەگەر لەو شەڕەدا سەرکەوتنت بەدەست هێنا، ئەوە ئەوانیش پێت دەگەنەوە، خۆ ئەگەر ژێریش کەوتیت ئەوە بەلایەنی کەمەوە ژن‌و منداڵەکان پارێزراو دەبن. بەڵام (مالک) کە سەرکردەی گشتی بوو ئەم داوایەی ڕەت کردەوەو گوتی: وەڵلاهی شتی وا ناکەم، تۆ کابرایەکی پیرو خڵەفاوی، وەڵاهی یان ئەوەیە هەموو (هوازن) لەگەڵم دێن یان یان سنگ دەخەمە سەر نووکی ئەم شمشێرەو خۆم دەدەم بەسەریدا تا لە پشتمەوە دەردەچێت. ئیدی حەزی نەدەکرد باس‌و خواسی (درید) لە مەسەلەکەدا بمینێت، بۆیە خەڵکەکە گوتیان: ئێمە گوێڕایەڵی تۆین.

(مالک بن عوف)و سوپاکەی پێش موسڵمانان گەیشتبوونە شیوی (حنین)و خۆیان مەڵاس دابوو و کەمین‌و مەفرەزەکانیان بەو دەورووبەرەدا بڵاوە پێ‌کردبوو، کە سوپای ئیسلام گەیشتە ئەوێ‌و، بێ ئەوەی بزانن لەناو تەنگەبەری شیوەکەدا دوژمن خۆی مەڵاس داوە، کە بەرەو خوار بوونەوە لە هەموو لاوە بە خەستی تیرباران کران‌و سوپای دوژمن یەکدەستەیی دایان بەسەریاندا، موسڵمانەکان سەریان لێ‌شێواو زۆر زیانیان پێ‌گەیشت‌و زۆربەیان هەڵاتن، (عباس)ی مامی پێغەمبەر دەڵێ: کە لەسەرەتاوە موسڵمان هەڵاتن من جڵەوی ئێسترەکەی پێغەمبەرم گرتبوو، ئەو لە مەیدان مابوویەوە، پێ‌ی گوتم: « اُصْرُخْ، يَا مَعْشَرَ الْأَنْصَارِ! يَا مَعْشَرَ أَصْحَابِ السَّمُرَةِ». واتە: ئەی (عباس) هاوار بکە: هۆ کۆمەڵی بشتیوانان! هۆ کۆمەڵی هاوەڵانی درەختەکە (درەختەکەی حدیبیة) . . منیش بەدەنگی بەهێزی خۆم بانگم کردن، سوێند بەخوا کە گوێ‌یان لە دەنگی من بوو وەک چۆن ئاژەڵێک سۆزی بۆ بێچوەکەی دەجوڵێت، کە گوێ‌یان لە دەنگم بوو گوتیان: (لَبَّيكَ، لَبَّيك) واتە: لەخزمەتتین، لە خزمەتتین. . . دوایی پێغەمبەر چنگە خۆڵێکی بەکافران داکردو فەرمووی: «انْهَزَمُوا وَرَبِّ مُحَمَّدٍ»(1). واتە: بە پەروەردگاری (محمد) تێک دەشکێن.

ئنجا سوپای موسڵمانان بەرگریی مەردانە دەکەن‌و لە مەیداندا دەمینێنەوەو خوای پەروەردگاریش بە ناردنی فریشتە بۆ یارمەتی دانیان لە جەنگەکەدا، ئەوەندەی دیکە موسڵمانان بەهێزو کافرانیش تووشی ترس‌و دڵەڕاوکێ‌ دەکات، بەو جۆرە موسڵمانان سوپای کوفر تێک دەشکێنن‌و خەڵکێکی زۆریان لێ‌دەکوژن‌و خەڵکێکی زۆر بەدیل دەگرن‌و مەڕو ماڵات‌و چەکێکی زۆریش کە بە هەزاران مەزندە دەکرا، بە غەنیمەت دەگرن(2)، لەوبارەوە خودای گەورە دەفەرموێ:
{{لَقَدْ نَصَرَكُمُ اللَّـهُ فِي مَوَاطِنَ كَثِيرَةٍ ۙ وَيَوْمَ حُنَيْنٍ ۙ إِذْ أَعْجَبَتْكُمْ كَثْرَتُكُمْ فَلَمْ تُغْنِ عَنكُمْ شَيْئًا وَضَاقَتْ عَلَيْكُمُ الْأَرْضُ بِمَا رَحُبَتْ ثُمَّ وَلَّيْتُم مُّدْبِرِينَ ﴿٢٥﴾ ثُمَّ أَنزَلَ اللَّـهُ سَكِينَتَهُ عَلَىٰ رَسُولِهِ وَعَلَى الْمُؤْمِنِينَ وَأَنزَلَ جُنُودًا لَّمْ تَرَوْهَا وَعَذَّبَ الَّذِينَ كَفَرُوا ۚ وَذَٰلِكَ جَزَاءُ الْكَافِرِينَ ﴿٢٦﴾}} ألتَّوبة.
واتە: بێگومان خودا لەزۆر شوێنان ئێوەی سەرخست، وە ڕۆژی حونەین (حُنَيْن) کە بەزۆریەکەتان سەرسام بوون، (چونکە یەکێک لە تازە موسڵمانبوەکان گوتی: لَنْ نُغْلَبَ اليَوْمَ مِنْ قِلَّة. واتە: ئەمڕۆ بەهۆی کەمی‌یەوە تێک ناشکێین)، بەڵام زۆریەکەتان هیچ دادی نەدان . . . . . ، کەواتە ئێوە بەهۆی ئیمان‌و پارێزگارییتانەوە خوا سەریخستوون، نەک بەهۆی زۆریتانەوە.

ئنجا کە دوژمن شکستی هێنا پاشماوەی لەشکرە شکاوەکەیان بەرەو (طائف) دەچێ‌و هەندێکیشیان بەرەو (أَوطاس) دەچن ، پێغەمبەر سوپایەک بەسەرکردایەتی (أبو عامر الأشعري) نارد بەرەو (أَوطاس) بۆ سەر پاشماوەی لەشکرە شکاوەکە کە لەوێ خۆ کۆدەکەنەوە بە فەرماندەیەتی (دريد بن الصمة) کە پیاوێکی شەڕزان بووەو تەمەنیشی زۆر بووە، لە (أَوطاس) شەڕ ڕوودەدات، سەرەنجام سوپای موسڵمانان سەردەکەوێ‌و سەرکردەکەشیان دەکوژن کە (دريد بن الصمة)یە، بەڵام فەرماندەی سوپای مووسڵمانان (أبو عامر الأشعري)ش شەهید دەبێ (3).


بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەتەکە، تکایە بڕۆ بۆ لاپەڕی "٢" . . .





  1. صحيح مسلم، كتاب الجهاد، برقم: ١٧٧٥.
  2. ألسيرة النبوية لابن هشام، ج٤، ص٢٥٦ ـــ ٢٥٧.
  3. ألسيرة النبوية لابن هشام، ج٤، ص٢٥٩ ـــ ٢٦١.

    بۆ سەرەوە
 
 

www.muslimguide.se
      خەلیفەکانی ڕاشیدین

عومەری کوڕی عبدالعزیز

 

M U S L I M G U I D E . S E ©

پەیوەندی:   tajweed.kurdi@gmail.com