http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر
  
 
www.muslimguide.se {{قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللَّـهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعًا الَّذِي لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۖ لَا إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ يُحْيِي وَيُمِيتُ ۖ فَآمِنُوا بِاللَّـهِ وَرَسُولِهِ النَّبِيِّ الْأُمِّيِّ الَّذِي يُؤْمِنُ بِاللَّـهِ وَكَلِمَاتِهِ وَاتَّبِعُوهُ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ ﴿١٥٨﴾}} ألأعراف    {{مَّن يُطِعِ الرَّسُولَ فَقَدْ أَطَاعَ اللَّـهَ ۖ وَمَن تَوَلَّىٰ فَمَا أَرْسَلْنَاكَ عَلَيْهِمْ حَفِيظًا ﴿٨٠﴾}} ألنِّساء.  
 


 
 

http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر

لێرەدا چەند ڕووداوێکی گرنگ دەخەینە ڕوو کە لە دوای غەزای (أُحُد) ڕوویانداوە:

غەزای (حمراء الأسد) . . . . . . .

لە دوای گەڕانەوەی پێغەمبەر بۆ (مدينة)و گەڕانەوەی سوپای کافرەکان بەرەو (مەککە)، پێغەمبەر بیستی سوپای کافرەکان بەتەمان بگەڕێنەوە و هێرش بکەنەوە سەر (مدينة)، بۆیە هەر ڕۆژی دواتر واتە لە بەیانی ڕۆژی دوای جەنگی (أُحُد)دابوو، کە پێغەمبەر بڕیاری دا پرۆسەی ڕاوەدوونانی سوپای (مەککە) دەست پێ‌بکات ، بەڵام ڕایگەیاند: تەنها ئەو کەسانەمان لەگەڵدا دەرچن کە لە جەنگی دوێنێدا بەشداری کردووە، پێغەمبەر و زۆربەی هاوەڵانی بەڕێزیشی بریندار بوون‌و هی وایان هەبوو برینەکەی سەخت بوو کە نەیدەتوانی بەبێ یارمەتی کەسێکی دی سواری وڵاخ بێ، بەڵام هەموویان هاتن بەدەمیەوەو فەرمانەکەیان جێ‌بەجێ کرد، خوای گەورەش چەند ئایەتێکی ناردە خوار لە مەدحی ئەو کەسانەدا کە برینداریش بوون بەڵام ئامادەبوون فەرمانی پێغەمبەر جێ‌بەجێ بکەن، خوای گەورە دەفەرموێ:
{{الَّذِينَ اسْتَجَابُوا لِلَّـهِ وَالرَّسُولِ مِن بَعْدِ مَا أَصَابَهُمُ الْقَرْحُ ۚ لِلَّذِينَ أَحْسَنُوا مِنْهُمْ وَاتَّقَوْا أَجْرٌ عَظِيمٌ ﴿١٧٢﴾}} آلِ عِمران.
واتە: ئەوانەی (ئەو هاوەڵانە) کە لە پاش بریندار بوونیشیان (لە ئوحود) بەدەم بانگەوازی خواو پێغەمبەرەوە چوون، بۆ ئەوانەیان کە ئاکاری چاکیان کرد (دوای پێغەمبەر کەوتن لە "حمراء الأسد"دا)و پارێزگاری سنوورەکانی خوا بوون، پاداشتیکی گەورەو فراوانیان هەیە.

پێغەمبەری خوا و هاوەڵانی بەڕی‌کەوتن تا گەیشتنە ناوچەی (حمراء الأسد)(1)، و (عبدالله بن أبي مكتوم)ی بە سەرپەرشتیاری (مدينة) دانا، پێغەمبەر ڕۆژانی دووشەممەو سێ‌شەممە‌ چوارشەممە لەو ناوچەیەدا مایەوە(2).

ئەو ترسەی پێغەمبەر هەیبوو لە گەڕانەوەی کافرەکان‌و هێرش کردنیان بۆ سەر (مدينة) ڕاست دەرچوو، بەڵام (معبد بن أبي معبد الخزاعي) لە هۆزی (خزاعة) بوو، کە ئەو کاتە کافر بوو، پەیمانیان لەگەڵ پێغەمبەر دا هەبوو، بەرەو لای (مەککە) دەڕۆیشت، گەیشتە (أبو سفيان)و سوپاکەی لە شوێنێک بەناوی (ألروحاء) کە (سی‌و شەش میل) لە (مدينة)ەوە دوورە، کاتێک (أبو سفيان) بینی هەواڵی موسڵمانانی لێ‌پرسی، ئەویش گوتی: گەیشتمە (محمد)و هاوەڵانی کە بەرەو ئێرە دێن بە سوپایەکی زۆرەوە کە پێشتر شتی وام نەدیوەو لە چەکدا خۆیان بزرکردوە، وەکو شێری بریندار زۆر داخ لەدڵن بەرانبەرتان‌ بەرەو ڕووتان دێن! وە ئەگەر پەلە نەکەی لە گەڕانەوە لە دەستیان دەربازتان نابێ.

ئیدی موسڵمانان سێ شەو لە (حمراء الأسد) مانەوەو چاوەڕێ‌ی گەڕانەوەی موشریکەکانیان کرد، بەڵام (أبو سفيان) ترساو نەیتوانی بۆیان بێت، بۆیە پێغەمبەر و هاوەڵانی دوای ئەو چەند ڕۆژە دەگەڕێنەوە بۆ (مدينة).

گومانیشی تێدا نیە کە غەزای (حمراء الأسد) غەزایەکی سەربەخۆ نیە، بەڵکو بەشێکە لە غەزای (أُحُد)و تەواکەریەتی‌و لاپەڕێکە لە لاپەڕەکانی ئەو جەنگە.

سەری‌یەی (أبي سلمة بن عبد الأسد المخزومي) . . . . . . .

هەیبەت‌و سامی موسڵمانان بەهۆی تێشکانیان لە جەنگی ئوحود ــــ بۆ ماوەیەک ــــ نەمابوو و، خستبوونیە بەر مەترسی‌یەوە، بەڵام دانایی‌و گەورەێتی پێغەمبەر ڕووی ئەو تەوژمانەی وەرچەرخاندو جارێکی دی سام‌و بیمی بۆ موسڵمانەکان گێڕایەوەو سەرلەنوێ سەری بەرزو بڵند کردنەوە، یەکەم کار کە پێ‌ی هەستا ڕاونانەکەی (حمراء الأسد) بوو، بەمە ئەندازەیەکی زۆری لە ناوبانگی سوپاکە پاراست، ئەم کارە جوولەکەو دووڕووەکانی سەرسام‌و سەرگەردان کرد، پاشان هەستان بە چەند مانۆرێکی دیکەو سامی بۆ گێڕانەوە.

یەکێک لەو ڕووداوانەی کە لەدوای غەزای (أُحُد) ڕوویان داوە، لە مانگی (مُحرَّم)ی ساڵی چوارەمی کۆچیدا بووە، ئەوەبوو: هەواڵگرانی (مدينة) هەواڵیان هێنا کە (بني أسد) بە فەرماندەیی ( طليحة وسلمة ابني خويلد) لەگەڵ گوێ مشتەکانیان کۆبوونەتەوەو دەیانەوێ هێرش بکەنە سەر (مدينة)، خێرا پێغەمبەر هێزێکی بە فەرماندەیی (أبو سَلَمَة المخزومي) ئامادەکرد کە (١٥٠) کەس دەبوو لە کۆچکەران‌و پشتیوانان (ألمهاجرين والأنصار)، (أبو سَلَمَة) خۆی‌و جەنگاوەرەکان لە پڕێکدا دایان بەسەر (بني أسد) لەناو خانەو ماڵی خۆیاندا، پێش ئەوەی ئەوان هێرشەکەیان دەست پێ‌بکەن، پەرتەوازەیان کرد، ژمارەیەکی زۆر حوشترو مەریان لێ بە غەنیمەت گرتن‌و دانیانە بەرو گەڕانەوە بۆ (مدينة) بێ ئەوەی تووشی هیچ شەڕێک ببن.

کە (أبو سَلَمَة) گەڕایەوە شوێنی خۆی، شوێنی برینێکی کە لە (ئوحود)دا بریندار ببوو، سەری هەڵدایەوەو لێ‌ی پیس کرد، ماوەیەکی پێ‌چوو پاشان کوشتی.

عبدالله ــــ ى كوڕی أنيس . . . . . . .

(خالد بن سفيان بن نُبَيح الهذلي) خەریکی لەشکر کۆکردنەوە بە مەبەستی هێرش کردنە سەر موسڵمانان، ئەو هەواڵە گەیشتەوە پێغەمبەر ئەویش (عبدالله بن أنيس الجهني)ی نارد بۆ کوشتنی‌، (عبدالله)ش چوو بۆ (عَرَنَة)و ماوەیەک لەوێدا مایەوە هەتا هەلی بۆ هەڵکەوت‌و بە شمشێر لێ‌یداو کوشتی‌و دەربازبوو و هاتەوە بۆ (مدينة)و هەواڵەکەی دا بە پێغەمبەر .

بەو شێوەیە پێغەمبەر کە بیستوویەتی دوژمن دەیەوێ هێزی کۆبکاتەوە، پێش ئەوەی دوژمن بەسەریدا بدات، لێ‌ی نەگەڕاوەو خۆی دەستپێشخەری کردوەو بەرنامەی ئەوانی تێکداوە، هەربۆیە دوای کوشتنی (خالد) هەموو سوپاکەی پەرتەوازە بوو و هیچیان بۆ نەکرا.

ڕووداوە بە ئازارەکەی (ألرَّجيع)(3) . . . . . . .

عەشیرەتی (بني لحيان) لە هۆزی (هذيل) زانیان بە جەنگ‌و هەرا ناتوانن تۆڵەی کوشتنی (خالد بن سفيان) بکەنەوە، لەبەر ئەوە کەوتنە دۆزینەوەی فێڵیکی شەیتانی:

کۆمەڵێکیان چوونە لای هۆزی (عَضَلْ)و هۆزی (ألْقَارَة)و لەگەڵیان ڕێک کەوتن لەسەر ئەوەی بە هەر فێڵیک بێ کۆمەڵێک لە هاوەڵانی پێغەمبەر یان دەست بخەن‌و، بەڵێنیان دانێ کە ڕانە حوشترێکیان بدەنێ بەرانبەر ئەو کارەیان.

بۆ ئەم مەبەستەش چەند كەسێك لە هەردوو عەشیرەتی (عَضَلْ وألْقَارَة)و قاڕە هاتن بۆلای پێغەمبەر و موسوڵمانێتی خۆیان ڕاگەیاند وداوایان كرد پێغەمبەر چەند كەسێكیان لەگەڵدا بنێرێت بۆئەوەی ئیسلامیان فێربكەن، بۆ ئەم داخوازیی‌یەش پێغەمبەر شاندێكی (١٠)(4) دە كەسی لەگەڵدا ناردن بەسەرۆكایەتی (عاصم بن ثابت الأنصاري).

لە مانگی (صفر)ی ساڵی چوارەمی کۆچیدا شاندەكە گەیشتە شوێنێك لەنێوان (مكة) و (عسفان)دا پێی دەگوترێ (ألرَّجيع)، کە گەیشتنە ئەوێ لەژێرەوە هەواڵیان‌دا بە عەشیرەتی (بني لحيان)، ئەوانیش بە (١٠٠) جەنگاوەری چەکدارەوە بەشوێنیاندا چوون تا گەیشتنە سەریان، لە ئەنجامدا (٨)یان لێ شەهید کردن‌و (٢) کەسیشیان لێ بە دیل گرتن‌و بردیانن بۆ (مەککە) لەوێ فرۆشتیانن بە (قوڕەیش)ی‌یەکان، ئەو دوو هاوەڵە بەڕێزەش (خبيب وزيد) بوون، (صفوان بن أُمَيَّة) (زید)ی کڕی تا لەباتی (أُمَيَّة)ی بابی بیکوژێ، لەوکاتەدا (أبو سفيان) بینی‌و لێ‌ی پرسی:
" أَنْشُدُكَ اللَّهَ يَا زَيْدُ، أَتُحِبُّ أَنَّ مُحَمَّدًا عِنْدَنَا الْآنَ فِي مَكَانِكَ نَضْرِبُ عُنُقَهُ، وَأَنَّكَ فِي أَهْلِكَ؟ قَالَ: وَاَللَّهِ مَا أُحِبُّ أَنَّ مُحَمَّدًا الْآنَ فِي مَكَانِهِ الَّذِي هُوَ فِيهِ تُصِيبُهُ شَوْكَةٌ تُؤْذِيهِ، وَأَنَا جَالِسٌ فِي أَهْلِي. قَالَ أَبُو سُفْيَانَ: مَا رَأَيْتُ مِنْ النَّاسِ أَحَدًا يُحِبُّ أَحَدًا كَحُبِّ أَصْحَابِ مُحَمَّدٍ مُحَمَّدًا "
واتە: ها (زید) توخوا پێت خۆش نەبوو ئا ئێستا (محمد)مان دەست بکەوێ‌و لەباتی تۆ بیکوژین‌و تۆش لە نێو ماڵ‌و خێزانت بی؟! (زید)یش گوتی: نەخێر سوێند بەخوا نامەوێ من لەنێو خێزانم‌دا بەخۆشی بژیم‌و پێغەمبەریش دڕکێک بە پێ‌یدا بچێ. (أبو سفيان) گوتی: هیچ کەسم لەنێو خەڵکدا نەدیوە کەسیان هێندەی هاوەڵانی موحەممەد موحەممەدیان خۆشدەوێ، خۆشبوێ.
ئنجا (نسناس)ی بەندەی (صفوان بن أُمَيَّة) لەوێدا کوشتی(5).

(عقبة بن الحارث)یش (خبیب بن عدی) کڕی تا لەباتی بابی بیکوژێتەوە، پێش ئەوەی بیکوژن داوای لێ‌کردن مۆڵەتی بدەن دوو ڕکات نوێژ بکات، کە نوێژەکەی کردو سەلامی دایەوە گوتی: بەخوا لەبەر ئەوە نەبوایە بڵین لە ترسی کوشتن نوێژ دەکەم، نوێژەکەم زیاتر درێژ دەکردەوە، پاشان دوعای لێ‌کردن‌و ئنجا شەهیدیان کرد.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەتەکە، تکایە بڕۆ بۆ لاپەڕی "٢" . . .





  1. ناوچەی (حمراء الأسد) کەوتۆتە باشوری (مدينة)و (٨) میل لێ‌یەوە دوورە.
  2. ألسيرة النبوية لابن هشام، ج٣، ص٣٩ ـــ ٤٠ و أالبداية والنهاية، ج٤، ص٦٠.
  3. ئاوێکی (بني هذيل)ە، لەنێوان (مەککە)و (عەسفان) دایە.
  4. ئیمامی (بخاري) دەڵێ: ژمارەیان (١٠) دە کەس بووەو لە فەرموودەی ژمارە (٤٠٨٦) ئەو بەسەرهاتە دەگێڕێتەوە، بەڵام لە (ألسيرة النبوية لابن هشام)دا هاتووە کە ژمارەیان
    (٦)شەش کەس بووە، ‌بڕوانە: ج٣، ص٧٨.
  5. صحيح البخاري، برقم: ٤٠٨٦ و (ألسيرة النبوية لابن هشام)، ج٣، ص٨٠.

    بۆ سەرەوە
 
 

www.muslimguide.se

ژیاننامەی پێغەمبەران peghambar.muslimguide.se

 

M U S L I M G U I D E . S E ©

پەیوەندی:   tajweed.kurdi@gmail.com