http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر
  
 
www.muslimguide.se {{قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللَّـهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعًا الَّذِي لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۖ لَا إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ يُحْيِي وَيُمِيتُ ۖ فَآمِنُوا بِاللَّـهِ وَرَسُولِهِ النَّبِيِّ الْأُمِّيِّ الَّذِي يُؤْمِنُ بِاللَّـهِ وَكَلِمَاتِهِ وَاتَّبِعُوهُ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ ﴿١٥٨﴾}} ألأعراف    {{مَّن يُطِعِ الرَّسُولَ فَقَدْ أَطَاعَ اللَّـهَ ۖ وَمَن تَوَلَّىٰ فَمَا أَرْسَلْنَاكَ عَلَيْهِمْ حَفِيظًا ﴿٨٠﴾}} ألنِّساء.  
 


 
 

www.muslimguide.se

سەرکەوتنی موسڵمانەکان بەو ژمارە کەمەوە لە شەڕی (بدر)دا تەوقێکی ڕیسوایی بوو و لە ملی بێ‌باوەڕان ئاڵابوو، کافرانی (قوڕەیش) ئارامیان لێ‌هەڵگیرابوو بەهۆی ئەو بەزینە سەختەی لەو جەنگەدا تووشیان ببوو، هەروەها ئەو جەنگە دەستەڵات‌و سەرکەوتنێکی وای بەخشی بە موسڵمانەکان کە هەموو عەرەب شایەتیان بۆ بدەن‌و، هەروەها بووە هۆی ئەوەی نەیارانی ئیسلام حیسابێکی تایبەتی بۆ هەیبەت‌و هێزو دەوڵەتی ئیسلام بکەن‌و لە نێوەوە دەرەوەی (مدينة)دا چاوێک بە هەڵوێستەکانیاندا بەرانبەر موسڵمانان بخشێننەوە، وە ئەوانەی کە زۆر بێ‌تاقەت بوون بە ئەنجامی شەڕەکە بریتی بوون لەوانەی ڕاستەوخۆ شەڕەکەیان دۆڕاندبوو، واتە: کافرانی (قوڕەیش)، بۆیە هەوڵی تۆڵەسەندنەوەیان دەدا لە موسڵمانەکان واتە جەنگێکی دیکە هەڵگیرسێنن‌و تێیدا سەرکەوتووبن‌و ئەو پەڵە ڕەشە لەخۆیان بکەنەوە، سەرئەجام جەنگێکی تازە بەرپابوو لەنێوان کافرەکان و موسڵمانەکان، بەڵام پێش ئەوەی باس لەو جەنگە بکەین پێویستە باس لە هەندێک ڕووداوی پێش ئەو جەنگە بکەین:

١ ــــ غەزای (بَني سُلَيم) . . . . . . . .

یەک لەو ڕووداوە گرنگانە لە شەوالی ساڵی (٢)ی کۆچیدا بوو و پاش گەڕانەوە لە (بدر) بە حەوت ڕۆژ، هەندێک زانیاری‌و هەواڵ بە پێغەمبەر دەگات ئەویش بریتیە لەوەی کە تیرەی (بَني سُلَيم) لەناو خێڵی (غطفان)دا، دەیانەوێ چالاکیی سەربازیی لە دژی موسڵمانەکان بکەن، پێغەمبەریش دەستپێشخەری دەکاو بە دووسەد سوارەوە لەناکاو بەسەریان دادەداو لەناو جێگەی خۆیان لە شوێنێکدا کە پێ‌ی دەڵێن (الكُدْر) کە سەرچاوەی ئاوی لێ‌دەبێ، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەمێنێتەوە، بەڵام هیچ ڕووبەڕووبوونەوەو کوشتارێکی تێدا ڕوو نادات‌و (بَني سُلَيم) پەرتەی لێ‌دەکەن‌و پێغەمبەریش دەگەڕێتەوە بۆ (مدينة).

٢ ــــ هەوڵێک بۆ تێرۆرکردنی پێغەمبەر . . . . . . .

(عمير بن وهب ألجمحي)، یەکێک بوو لەوانەی کە زۆر ئازاری پێغەمبەر و هاوەڵانی بەریزی دابوو، بۆیە پێ‌یان دەگوت: شەیتانێک لە شەیتانەکانی قوڕەیش (شيطان من شياطين)، عمیر کە بە برینداری گەرایەوە شاری (مەککە) لەدوای جەنگی (بدر)، لەگەڵ (صفوان بن أمية بن خلف) کۆ دەبنەوەو باسی کوژراوەکانی خۆیان دەکەن لەو جەنگەداو، چۆن تۆلەی کوژراوەکانی خۆیان بکەنەوە، (عمير)یش کە کوڕێکی لەگەڵ دیلەکانی (قوڕەیش) لە (بدر) بەدیل گیرابوو، ڕازی بوو لەسەر ئەوەی بچێت ــــ بەبیانوی ئازادکردنی کوڕە دیلەکەی ــــ پێغەمبەر بکوژێ، (صفوان)یش بەڵێنی پێ‌دەدا کە ئەگەر (عمير) بکوژرێ ئەوا ماڵ‌و خێزانەکەی لە ئەستۆ دەگرێ‌و قەرزەکانیشی بۆ دەداتەوە، لەسەر ئەوە ڕێک‌کەوتن‌و وەعدیان بە یەکدی دا کەوا ئەو کارە نهێنی بێ لەنێوانیاندا.

(عمير) بە شمشێرێکی ژەهراوی‌یەوە چوو بۆ (مدينة) و پێغەمبەر فەرمانی کرد کە (عمير) بچێتە ژوورێ بۆلای‌و لێ‌ی پرسی: بۆچی هاتووی؟! گوتی: هاتووم بۆ ئەوەی پێتان بڵێم لەگەڵ ئەو کوڕەمدا چاک بن کە لەلای ئێوە دیلە، پێغەمبەر پێ‌ی فەرموو ئەدی ئەو شمشێرە چی‌یە پێتە؟! گوتی: خوا لەناوی بەرێت چ شمشێرێکە، چ سوودێکی پێ‌گەیاندین لە جەنگی (بدر)دا؟ پێغەمبەر فەرمووی: ڕاستم لەگەڵدا بڵێ بۆ چی هاتووی؟! گوتی: هەر بۆ ئەوە هاتووم کە باسم کرد، ئیدی پێغەمبەر فەرمووی: نەخێر بەڵکو ڕۆژیکیان تۆو (صفوان) لەپاڵ دیواری (کەعبە)دا دانیشتبوون باسی کوژراوەکانی جەنگی (بدر)تان دەکرد، پاشان تۆ گوتت: ئەگەر لەبەر ئەوە نەبا قەرزم لەسەرەو خێزانێکی زۆرم هەیە، دەچووم (محمد)م دەکوشت، (صفوان)یش قەرزو ژیانی خێزانەکەتی گرتە ئەستۆی خۆی بۆ ئەوەی من بکوژی، دڵنیاشبە خودا ناهێڵێ تۆ من بکوژی، (عمير) سەری سوڕما!! وە یەکسەر گوتی: " أَشْهَدُ أَنْ لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ وَأَنَّكَ رَسُولُ الله ". ئێمە پێشتر تۆمان بەدرۆدەخستەوە کەتۆ هەواڵت لە ئاسمانەوە پێ‌دەگەیشت‌و نیگات بۆ دەهات، وە ئەم قسەو ڕووداوەش تەنها لەنێوان من‌و (صفوان)دابوو وە هیچ کەسێکی دی ئاگای لێ نەبووە تەنها من‌و ئەو نەبێت، کەواتە خوا ئەوەی بەتۆ ڕاگەیاندوەو تۆی ئاگادار کردۆتەوە، من شایەتی دەدەم کە تۆ پێغەمبەری خوای. بۆیە هەر لەوێ موسڵمان بوو، پێغەمبەریش فەرمانی بەهاوەڵانی کرد کە بیبەن‌و شارەزای ئیسلامی بکەن‌و قورئانی بۆ بخوێننەوەو دیلەکەی بۆ بەربدەن.

٣ ــــ غەزای سەویق (غَزْوَةُ السَّوِيقِ) . . . . . .

ئەو غەزایە لەمانگی (ذي الحجة)دا بووە، هۆی ڕوودانیشی ئەوەبوو: دوای ئەوەی کافرەکانی (قوڕەیش) لە جەنگی (بدر) تێک شکان،(أبو سفيان) سوێند دەخوا (کە ئاو بەسەری نەکەوێت‌و نزیک خێزانەکەی نەبێتەوە) تا شەڕ لە گەڵ پێغەمبەر و موسڵمانان نەکا، هەر بۆیە (أبو سفيان) بەخۆی‌و (٣٠) سوار، وە هەندێک دەڵێن (٢٠٠) سوار بە نهێنی دەردەچێ لە شاری (مەککە)و لە شوێنێکی نزیک (مدينة) دەمێنێتەوە هەتا شەوی بەسەردا دێ، چونکە نەیدەوێرا بەڕۆژ هێرش بکاتە سەر (مدينة)، ئەوەبوو بەشەو هەڵدەکوتێتە سەر (مدينة)، بە سوود وەرگرتن لە هەڵوێستی جوولەکەکانی (بني النضير) چوونە سەر شوێنێک کە پێ‌یان دەگوت (عریق)، لەوێدا باغێکی خورما دەسوتێنن‌و دوو کەسی جووتیار دەکوژن‌و هەڵدێن بەرەو (مەککە)، کە هەواڵەکە دەگاتەوە پێغەمبەر بە سوپایەکەوە دوایان دەکەوێ تا ناوچەیەک بەناوی (قَرْقَرَةِ الْكُدْرِ) ڕاویان دەنێ، بەڵام نایانگاتێ‌و دەربازیان دەبێ، وە هۆی ناونانی ئەو غەزایەش بەو ناوە ئەوەبووە کە (أبو سفيان)‌و سوپاکەی خواردنێکیان پێ‌بووە بەناوی (السَّوِيقِ)، بەڵام بۆ ئەوەی باریان سووک بێ‌و چاکتر ڕاکەن، ئەو خواردنانەیان هەموو فڕێ‌داوە (1). ئەم غەزایە لە مانگی (ذي الحجة)ی ساڵی (٢)ی کۆچی پاش جەنگی (بدر) بە دوو مانگ ڕوویداوە.

٤ ــــ غەزای (ذي أمَرّ) . . . . . . .

پێغەمبەر لە مانگی (محرَّم)دا دەچی بەرەو (نجد) بۆ سەر تیرەی (غطفان)، چونکە نیازیان وابووە هێرش بکەنە سەر (مدينة)، پێغەمبەریش بەخۆی‌و سوپاکەیەوە گەیشتنە شوێنی کۆبوونەوەکەیان کە لەسەر ئاوێک بوو پێ‌یان دەگوت (ذي أمَرّ)، پێغەمبەر مانگی (صفر) لەوێ دەمێنێتەوە، پاشان گەرایەوە بۆ (مدينة) دوای ئەوەی (غطفان) بڵاوەی لێ‌دەکات‌و هیچ کوشتارێک ڕوونادات(2).

٥ ــــ غەزای (الْفُرْعُ) لە (بُحْرَانَ) . . . . . . .

پێغەمبەر غەزایەکی دیکەی ڕێکخست بۆ ئەوەی گورزێکی سەربازی لە هێزەکانی (قوڕەیش) بدات لە شوێنێک بەناوی (الْفُرْعُ)، پێغەمبەر بە سوپاکەیەوە بەڕی‌کەوت هەتا گەیشتنە (بُحْرَانَ) لە ناوچەی (الْفُرْعُ)ی حیجاز، وە لەوێ مانگی (رَبِيْعٌ الآخر وجُمَادَى الأُولى) مایەوە، پاشان گەڕایەوە بۆ (مدينة)و تووشی شەڕ نەهات (3).

٦ ــــ سەری‌یەی زَيْدِ بْنِ حَارِثَةَ بۆ (الْقَرَدَة) . . . . . . .

یەکیک لە سەرکەوتووترین سەریەکانی پێش جەنگی (أُحُد) کە موسڵمانەکان پێ‌ی هەستان، ئەو سەرییە بوو کە پێغەمبەر بە فەرماندەێتی (زيد بن حارثة) ناردی بە مەبەستی گرتنی کاروانێکی (قوڕەیش).

کاروانەکەی (قوڕەیش) بە سەرۆکایەتیی (صفوان بن أمية) بەرەو (شام) کەوتەڕێ‌و زیوێکی زۆریان پێ‌دەبێ، کاتێک کاروانەکە دەگاتە کانیاوێک بە ناوی (ألقَرَدَة)(4)وە لەوێ لادەدەن بۆ حەوانەوە، سەرییەکەی (زید) دەگاتە سەریان، لە ئەنجامدا کاروانەکەو چاوساغی کاروانەکە (فرات بن حيان) دەگرن، بەڵام (صفوان)و ئەوانی دیکەیان چنگ ناکەوێ، دوای ئەوە پێغەمبەر دوای دەرکردنی پێنج یەک، هەموو دەستکەوتەکەی دابەشکرد بەسەر بەشداربوانی سەرییەکەداو لەوێشدا لەسەر دەستی پێغەمبەر (فرات بن حيان) موسڵمان دەبێ.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەتەکە، تکایە بڕۆ بۆ لاپەڕی "٢" . . .





  1. (ألسيرة النبوية لابن هشام)، ج٣، ص٣ــــ ٤.
  2. هەمان سەرچاوە، ص ٤.
  3. هەمان سەرچاوەو بەرگ‌و لاپەرە.
  4. (ألسيرة النبوية لابن هشام)، ج٣، ص٧.

    بۆ سەرەوە
 
 

www.muslimguide.se

ژیاننامەی پێغەمبەران peghambar.muslimguide.se

 

M U S L I M G U I D E . S E ©

پەیوەندی:   tajweed.kurdi@gmail.com