http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر
  
 
www.muslimguide.se {{قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللَّـهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعًا الَّذِي لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۖ لَا إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ يُحْيِي وَيُمِيتُ ۖ فَآمِنُوا بِاللَّـهِ وَرَسُولِهِ النَّبِيِّ الْأُمِّيِّ الَّذِي يُؤْمِنُ بِاللَّـهِ وَكَلِمَاتِهِ وَاتَّبِعُوهُ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ ﴿١٥٨﴾}} ألأعراف    {{مَّن يُطِعِ الرَّسُولَ فَقَدْ أَطَاعَ اللَّـهَ ۖ وَمَن تَوَلَّىٰ فَمَا أَرْسَلْنَاكَ عَلَيْهِمْ حَفِيظًا ﴿٨٠﴾}} ألنِّساء.  
 


 
 

www.muslimguide.se

دوای ئەوەی پێغەمبەر () هەستی بەو سوکایەتی‌یە زۆرەی (قوڕەیش) بە بانگەوازەکەی کردبوو، بیری کردەوەو سەردانی هۆزی (ثقيف) بکات لە شاری (طائف)، بۆ ئەوەی باوەڕی پێ‌بێنن‌و پشتگیریی بکەن لە دژی گەلەکەی‌و یارمەتی بدەن لەو ڕێگایەدا هەتا پەیامی خودا بەتەواوەتی دەگەیەنێت. (ثقيف)یش نزیکترین هۆز بوون لە هۆزەکانی (مەککە).

پێغەمبەر () بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ (زيد بن حارثة) کە کردبووی بە کوڕی خۆی بەرەو (طائف) بەڕێ دەکەوێ بە پێ، هەڵبەتە بە دڵشکاویی‌و بە دڵێکی پڕخەمەوە، بەڵام بە دڵیکی خەفەتبارەوە دەگەڕێتەوە بەرەو (مەککە) دوای ئەوەی کە لە (طائف) دە (١٠) ڕۆژی پێ‌دەچێ، وەک (ابن هشام)(1) ئاوا باسی دەکات‌و دەڵێ:
دوای ئەوەی (أبو طالب) وەفاتی کرد، قوڕەیشی‌یەکان ئازارو ئەزیەتی پێغەمبەریان () زیادکرد، لە ئەنجامدا پێغەمبەر () لەگەڵ (زيد بن حارثة)دا ڕۆیشت بۆ (طائِف) بۆ ئەوەی داوای یارمەتی لە هۆزی (ثَقيف) بکا، کە چیدی (قوڕەیش) زوڵمی لێ‌نەکەن، ئەوەبوو پێغەمبەر () چوو بۆلای سێ برایان کە ئەوکات ڕیش سپیانی (طائِف) بوون (عبد یالیل بن عمرو بن عمیر، مسعود بن عمرو بن عمیر، حبیب بن عمرو بن عمیر)، پێغەمبەر () لەلایان دادەنیشێ وە قسەیان لەگەڵدا دەکات‌و بانگیان دەکات بۆ ئیسلام، وە داوایان لێ‌دەکات کە یارمەتی بدەن‌و پشتی بگرن، بەڵام وەڵامێکی زۆر نەفامانەی دەدەنەوە، یەکەمیان (عبد یالیل) کە برا گەورەیانە دەڵێ:
من پەردەی (کەعبە) بدڕێنم، ئەگەر خوا تۆی ناردبێ! (دیارە پەردەی کەعبە دڕاندن لایان شتێکی زۆر گەورە بووە، واتە تۆ ڕاست ناکەی‌و خوا تۆی نەناردوە!
هی دووەمیان دەڵی: ئەوە خوا کەسی دیکەی دەست نەکەوت بینێرێ تۆ نەبی؟! کە ئەمەش قسەیەکی زۆر ناخۆش بوو.
هی سێ‌یەمیشیان دەڵێ: سوێند بەخوا یەک کەلیمەش قسەت لەگەڵ ناکەم، چونکە لە دوو حاڵان بەدەر نی‌یە، یان وەک بۆخۆت دەڵێ‌ی ڕەوانەکراوی خوای، ئەگەر ڕەوانەکراوی خواش بی، ئەوە زۆر سامناکە بۆ من کە وەڵامت بدەمەوە وە ئەگەر تۆ درۆ بکەیت بەناوی خواوە، بە هیچ جۆرێک شیاو نی‌یە کە من قسەت لەگەڵدا بکەم.

پێغەمبەریش() دەفەرموێ: مادام واتان کردو وەڵامەکەتان ئاوا بوو (کە ئەوە هەر وەڵام نی‌یە)، با ئەوە هەر لای خۆتان بێت‌و باسی مەکەن، چونکە پێغەمبەر () لەدەست زوڵم‌و ستەمی (قوڕەیش) هاتوە بۆ (طائف)، ئەگەر ئەوان پێ‌ی بزانن ئەوە زیاتر دژایەتی دەکەن‌و ئازاری توندتریان دەدەن و تاوانباری دەکەن بەوەی گوایە پەنای بردۆتەبەر دوژمنانی ئەوان، کەچی ئەوانە لە باتی ئەوەی وەڵامەکەیان بشارنەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە کەسانی گەمژەو نەفام‌و منداڵانی خۆیانیان لێ‌هاندان‌داو کەوتنە بەردبارانی کردنی هەتا خوێن لەبەری پێ‌ی دەڕۆیی، (زيد بن حارثة)ی هاوەڵ‌و خزمەتگوزاریشی ببووە قەڵغانێک بۆی‌و خۆی دەخستەبەر ئەو بەردانە تا لە دوایی‌دا خۆیان گەیاندە باغێکەوە کە هی (عتبة وشيبة)ی کوڕانی (ربيعة) بوو و لەبن سێبەری دارمێوێک زۆر بە دڵ شکاوی دادەنیشێ‌و ئەو دوعایە دەکاو، دەفەرموێ: (1)
«اللَّهُمَّ إِنِّي أَشْكُو إِلَيْكَ ضَعْفَ قُوَّتِي، وَقِلَّةَ حِيلَتِي، وَهَوَانِي عَلَى النَّاسِ، يَا أَرْحَمُ الرَّاحِمِينَ، إلَى مَنْ تَكِلُنِي؟ إلَى عَدُوٍّ يَتَجَهَّمُنِي؟ أَمْ إلَى قَرِيبٍ مَلَّكْتَهُ أَمْرِي؟ إنْ لَمْ تَكُنْ غَضْبَانَ عَلَيَّ فَلا أُبَالِي، غَيْرَ أَنَّ عَافِيَتَكَ أَوْسَعُ لِي، أَعُوذُ بِوَجْهِكَ الَّذِي أَشْرَقَتْ لَهُ الظُّلُمَاتُ، وَصَلحَ عَلَيْهِ أَمْرُ الدُّنْيَا وَالآخِرَةُ أَنْ يَنْزِلَ بِي غَضَبُكَ، أَوْ يَحُلُّ بِي سَخَطُكَ، لَكَ الْعُتْبَى حَتَّى تَرْضَى، وَلا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلاَّ بِاللهِ» (2).
واتە: خودایە من هەر لای تۆ سکاڵای سکاڵای کەم هێزیی خۆم دەکەم وە سکاڵای بێچارەیی خۆم لەلای تۆ دەکەم، وە سکاڵای بێ‌ڕێزییم لەلای خەڵکان دێنمەوە لای تۆ، ئەی بەڕەحمترینی بە ڕەحمان! تۆ خودای چەوساوان‌و خودای منی، دەسا بەکێم دەسپێری؟ بە کەسێکی دوورو نە ناسیاو کە هەر ڕقی لێم دەبێتەوە؟ یان بە دوژمنێکم دەسپێری کە کاروباری منت خستۆتە دەستی وی؟ (واتە دەسەڵاتی بەسەر مندا هەیە)، بەڵام هێشتا ئەگەر تۆ لێم تووڕە نەبی، ئەوا هیچ باکم لەم ئازارو کارەساتانە نی‌یە، سەرفرازی‌و تەندروستی‌یەکیش لەتۆوە بێت گەلێک فراوانترە بۆمن، پەنا دەبەمە بەر ڕووناکی ڕووی تۆ کە تاریکی‌یەکان ڕادەماڵێ، وە هەموو کاروبارێکی دنیاو ڕۆژی دوایی‌ی پێ‌ چاک دەبێ، پەنا دێنمە بەر تۆ کە لێم تووڕە بی، یان لێم بڕەنجێی، من هەردەم تکاکارم تاکو لێم ڕازی دەبی، وەهیچ تواناو دەسەڵاتم نی‌یە تەنها بە پشتیوانی تۆ نەبێت.

کاتێک کە (عتبة و شيبة) ئاوا دەیبینن، دڵیان نەرم بوو و کوڕێکی خزمەتکاری مێردمنداڵی خۆیان بانگ کرد کە ناوی (عدّاس) دەبێ‌و خەڵکی (نەینەوا) بوو و پێ‌یان گوت: ئەو هێشووە ترێ‌یە هەڵگرەو بیدە بەو پیاوە با لێ‌ی بخوا. ئەویش پێ‌ی گەیاند، پێغەمبەریش () فەرمووی : {بِسمِ الله}و ترێ‌یەکە دەخوات.
(عدّاس) گوتی: تۆ قسەیەکت گوت، کە خەڵکی ئەم وڵاتە نایڵین.
پێغەمبەر () فەرمووی: تۆ خەڵکی کام وڵاتی؟
(عدّاس) گوتی: من نەصرانییم‌و خەڵکی نەینەوام.
پێغەمبەر () فەرمووی: خەڵکی ئەو شارەی کە (یونس ـــ ی کوڕی متّى)ی لێبوو؟
(عدّاس) گوتی: تۆ چۆن دەزانی (یونس) کێ‌یە؟
پێغەمبەر () فەرمووی: ئەو برامەو پێغەمبەری خوایەو منیش پێغەمبەری خوام.
(عدّاس) گوتی: یانی تۆ پێغەمبەری خوای؟!
ئەویش فەرمووی: بەڵێ، یەکسەر (عدّاس) سەری موبارەکی‌و هەردوو دەست‌و هەردوو پێ‌ی ماچ دەکات.

(بوخاری‌و موسلیم گێڕاویانەتەوە): عائیشە () گێڕاویەتی‌یەوە کە بە پێغەمبەری () گوتوە: ئایا هیچ ڕۆژان لە ڕۆژی (ئوحود) سەختترت لێگوزەراوە؟
فەرمووی: ئەوەی بینیم لە خێڵەکەت کە بینیم، سەختترین شت کە لەوانە بەسەرم هات، ڕۆژی (عَقَبَة) بوو، کە داوای پەنام لە (إبن عبد ياليل بن عبد كلال) کرد، بەڵام وەڵامی داوایەکەی نەدامەوە، منیش بە خەمباری ڕۆیشتم، لە (قرن الثعالب) هاتمەوە سەر حاڵ ــــ کە ناسراویشە بە (قرن المنازل) ــــ کە سەرم بەرزکردەوە بینیم هەورێک سێبەری بۆ کردووم، سەرنجم دا (جبریل)ی تێدابوو، بانگی کردم‌و گوتی: خوا قسەو وەڵامی‌و بەرپەرچدانەوەی گەلەکەتی بیست، ئەوە خوای گەورە فریشتەی شاخەکانی بۆ ناردوویت بۆ ئەوەی بەخواستی خۆت فەرمانی بەسەردا بدەیت، ئینجا فریشتەی شاخەکان بانگی کردم‌و سەلامی لێ‌کردم‌و گوتی: ئەی موحەممەد! ئەوە منم چیت دەوێت؟ ئەگەر دەتەوێت ئێستا ئەو دوو شاخەیان بەسەردا دەهێنمەوە (واتە بەسەر خەڵکی طائف)دا، (3) پێغەمبەر () فەرمووی: بەڵکو ئومێد دەکەم خوای گەورە لە پشتی ئەمانەوە نەوەیەک بخاتەوە کە تەنیا خودای گەورە بپەرستێ ‌و هیچ شتێک نەکاتە هاوبەشی (4).

لەو وەڵامەدا کە پێغەمبەر () دەیداتەوە کەسێتیی بێ‌وێنەی دەردەکەوێت، کە ئەوەندە لەسەر ڕەوشتێکی بەرز بوە دەرک بە سنوورەکەی ناکرێت.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەتەکە، تکایە بڕۆ بۆ لاپەڕی "٢" . . .






  1. ألسيرة النبوية، ج٢، ص ٢١٧، ط دار الهيثم
  2. شيخ ناصر الدين الألباني لە کتێبی (تمام المنة)دا، سەبارەت بەم فەرموودەیە دەڵێ: ئەم فەرموودەیە هەرچەندە لە کتێبەکانی (سيرة)دا، ئەوانەی ژیاننامەی پێغەمبەریان
    () نووسیوە، بەڵام فەرموودەیەکی (ضعيف)ـه. هەروەها دکتۆر (العمری) لە کتێبەکانی (ألسيرة النبوية الصحيحة)دا (١٨٦/١) ئەم فەرموودەیەی بە (ضعيف) داناوە، بەڵام (إبراهيم العلي) لە کتێبەکەی خۆی (صحيح السيرة النبوية)، ص ١٣٦، بە (صحيح)ی داناوە، وە دکتۆر عبدالرحمن عبدالمجید البر، کە فەرموودەو زانستەکانی فەرموودە لە زانکۆی ئەزهەر بۆچوونی وایە، کە فەرموودەکە بە هەردوو ڕێگەیەکەوە بەهێزو مەقبوولە، بڕوانە کتێبەکەی (ألهجرة النبوية المباركة) ص٣٨
  3. ئەو دوو شاخە: (أبو قبيس)و (قيقعان) بوون.
  4. صحيح البخاري، كتاب بدء الخلق (٤٥٨/١). مسلم، باب مالقي النبي () من أذى المشركين والمنافقين (١٠٩/٢).

    بۆ سەرەوە
 
 

www.muslimguide.se
      خەلیفەکانی ڕاشیدین

عومەری کوڕی عبدالعزیز

 

M U S L I M G U I D E . S E ©

پەیوەندی:   tajweed.kurdi@gmail.com