http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر
  
 
www.muslimguide.se {{قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللَّـهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعًا الَّذِي لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۖ لَا إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ يُحْيِي وَيُمِيتُ ۖ فَآمِنُوا بِاللَّـهِ وَرَسُولِهِ النَّبِيِّ الْأُمِّيِّ الَّذِي يُؤْمِنُ بِاللَّـهِ وَكَلِمَاتِهِ وَاتَّبِعُوهُ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ ﴿١٥٨﴾}} ألأعراف    {{مَّن يُطِعِ الرَّسُولَ فَقَدْ أَطَاعَ اللَّـهَ ۖ وَمَن تَوَلَّىٰ فَمَا أَرْسَلْنَاكَ عَلَيْهِمْ حَفِيظًا ﴿٨٠﴾}} ألنِّساء.  
 


 
 

http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر (1)

هەوڵی قوڕەیش بۆ تۆڵەسەندنەوە لە موسڵمانان . . . . . . .

بێ‌‌باوەڕان ئارامیان لێ‌هەڵگیرابوو بەهۆی ئەوەی لە جەنگی (بدر)دا شکستیان خواردبوو، ئەو شکستە گەورەو کوژرانی پیاوماقووڵان‌و پاڵەوانەکانیان لەو جەنگەدا ببوە تەوقیکی ڕیسوایی‌و لە ملیان ئاڵابوو، هەروەها پەڵەیەکی شەرمەزاری‌و حەیاچوونی وەهایان بەناوچەوانەوە نرابوو کە هەمیشە دەگەڕان بەدوای هەلێکدا تا تۆڵەی خۆیان بسەننەوە لە موسڵمانان‌و ئابڕووی خۆیان لەناو خەڵکدا بگێڕنەوە، بۆیە هەوڵی ئەوەیان دەدا کە جەنگێکی دی هەڵگیرسێنن‌‌و تێیدا تۆڵەی خۆیان لە موسڵمانەکان بکەنەوەو بۆ نێو خۆیان‌و دەورووبەریش دەسەڵاتی خۆیان پێشان بدەن‌و ڕابنوێنن، هەروەها بۆ گێرانەوەی ئەو پلەو پایە سیاسی‌یە کە بەهۆی دۆڕانیان لە جەنگی (بدر)دا لە دەستدابوو، هەوڵی هەڵگیرسانی جەنگێکی دیکەیان‌دا.

جگە لەوە ئەو هێرشانەی کە موسڵمانەکان بەردەوام دەیانکردە سەر کاروانە بازرگانی‌یەکانی بێ‌باوەڕان کاریگەری خراپیان خستبووە سەر ئابووری (قوڕەیش)یەکانی (مەککە)و هاتوچوونی بازرگانی‌یان بۆ (شام)، بۆیە دەبوایە کارێکی وا بکەن کە ڕێگای بازرگانییان بکەنەوە، تاکو بتوانن بەبێ باکیی کاروانی بازرگانییان بێت‌و بچێ.

هەروەها (قوڕەیش)یەکان بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە کۆسپ‌و تەگەرە لە ڕێ‌ی بڵاوبوونەوەی ئیسلام‌و گەشەکردنیدا دروست بکەن. بۆیە لەبەر ئەو هۆیانە دەستیان کرد بەخۆ سازدان بۆ ئەو جەنگە.

بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک لە ناودارانی (قوڕەیش) وەک: (صفوان بن أمية، و عبدالله بن أبي ربيعة، و عكرمة بن أبي جهل)و پیاوانێکی دی لە (قوڕەیش) کە کوڕو باب‌و برایان یاخود خزمیان لە جەنگی (بدر)دا کوژرابوو و، کۆمەڵێک خەڵکی دیکە، هەموویان پێکەوە داوایان لە (أبو سفيان)و ئەو بازرگانانە کرد کە هەموو قازانجەکانی ئەو کاروانە بازرگانی‌یەی کە (أبو سفيان) لەپێش جەنگی (بدر)دا هێنابوویەوە تەرخان بکرێ بۆ جەنگی داهاتوویان، گوتیان:
" يَا مَعْشَرَ قُرَيْشٍ، إِنَّ مُحَمَّدًا قَدْ وَتَرَكُمْ، وَقَتَلَ خِيَارَكُمْ، فَأَعِينُونَا بِهَذَا الْمَالِ عَلَى حَرْبِهِ "
واتە: ئەی کۆمەڵی (قوڕەیش)! موحەممەد زەبرێکی گورچک بڕی لی‌داون‌و پیاوە چاکەکانتانی کوشتوون، بۆیە بە ماڵی ئەم کاروانە یارمەتیمان بدەن با جەنگ بکەین لە دژی(2). (قوڕەیش) هەموو بەم پێشنیازە ڕازی بوون‌و، هەموو کۆبوونەوە لەسەر جەنگ. بەو بۆنەوە خوای گەورە ئایەتی (٣٦)ی سوڕەتی (ألأنفال)ی ناردە خوار، کە دەفەرموێ:
{{إِنَّ الَّذِينَ كَفَرُوا يُنفِقُونَ أَمْوَالَهُمْ لِيَصُدُّوا عَن سَبِيلِ اللَّـهِ ۚ فَسَيُنفِقُونَهَا ثُمَّ تَكُونُ عَلَيْهِمْ حَسْرَةً ثُمَّ يُغْلَبُونَ ۗ وَالَّذِينَ كَفَرُوا إِلَىٰ جَهَنَّمَ يُحْشَرُونَ ﴿٣٦﴾}} ألأنفال.
واتە: بێگومان ئەوانەی بێبڕوان ماڵی خۆیان خەرج دەکەن بۆ ئەوەی خەڵکی لە ڕێ‌ی خوا لابدەن، ماڵەکەیان خەرج دەکەن، بەڵام دوایی بۆیان دەبێتە مایەی خەم‌و پەژارەو سەرەنجام تێک دەشکێن، وە ئەوانەی بێ‌بڕوان بەرەو دۆزەخ خڕدەکرێنەوە.

سوپای مەککە دەکەوێتە جووڵە . . . . . . .

کافرانی (قوڕەیش) بە هەموو ورەیەکەوەو بە هەموو چەك‌و چەکدارەکانیانەوە خۆیان سازداو بەڕێ‌کەوتن، ئەمەش لە مانگی (شوال)ی ساڵی سێ‌یەمی کۆچیدا بووە (3).

ژمارەی سوپای کافرانی (قوڕەیش) سێ هەزار کەس‌ بووەو دووسەد سواریشیان لەگەڵدا بووە، وە سەرکردەکانی (قوڕەیش) ئافرەتیشیان لەگەڵ خۆیاندا بردوون کە لەدوای پیاوەکانەوە دەفیان لێداوەو هانی پیاوەکانیان داوە بەرەو شەڕو تۆڵەسەندنەوە، یەکێک لەوانە (هند بنت عتبة)ی خێزانی (أبو سفيان) بوو کە بە شیعر هانی پیاوانی دەدا (4).

سوپای (مەککە) کەوتە ڕێ تا لە (مدينة) نزیک بۆوە، دۆڵی (ألعقيق)ی گرتەبەر تا لە نزیک چیای (أُحُدْ)ەوە لە شوێنێکدا لەسەر جۆگە ئاوێک کە دەکەوێتە باکوری (مدينة) کاروانیان خست، ڕۆژی (جمعة)ی شەشی مانگی (شوال)ی ساڵی سێ‌یەمی کۆچی لەو شوێنەدا ئۆردوویان دروست کرد.

کاتێک هەواڵی دەرچوونی سوپای (قوڕەیش)یەکان بەرەو (مدينة) دەگاتەوە پێغەمبەر ، هاوەڵانی کۆدەکاتەوەو ڕاوێژیان پێ‌دەکات لەسر ئەوەی ئایا بۆ مەبەستی بەرپرچ دانەوەی هەر هێرشێکی تازە لە (مدينة)دا بمێننەوە یاخود لەشار دەرچن‌و لە دەرەوەی شار بەرەنگاریان ببنەوە؟ دیارە پێغەمبەر بۆخۆی ڕای وابووە کە لە (مدينة) بمێننەوەو خۆیانی تێدا قایم بکەن تاکو ئەگەر کافران هێرشیان هێنا پیاوانی موسڵمان تیربارانیان بکەن‌و ژنان‌و منداڵانیشیان لەسەربانەکانەوە بەردبارانیان بکەن، هەروەها (عبدالله بن أبي سلول)یش هەمان ڕای پێغەمبەر ی هەبووە، بەڵام ئەوانەی کە پێشتر لە جەنگی (بدر) بەشدارییان نەکردبوو (بەتایبەتیش گەنجەکانیان) زۆر حەزیان لە چوونەدەرەوەی شار دەکردو سووربوون لەسەر ئەو ڕایە، ئەو موسڵمانەش کە پێشتر بەشداریی جەنگی (بدر)یان کردبوو پشتگیریی ئەو ڕایەی لاوەکانیان کرد تاکو لای خەڵکی بە ترسنۆک دانەندرێن، پێغەمبەریش لەدوایی‌دا ئەو بڕیارەی ئەوانی پەسند کردو بڕیاریدا بۆ ڕوو بەڕووبوونەوەی کافرەکان بچنە دەرەوەی شار.

دەرچوونی سوپای موسڵماننان بۆ مەیدانی جەنگ . . . . . . .

ئنجا پێغەمبەری خوا نوێژی (جمعة)ی لەگەڵ‌دا کردن‌و وتارێکی بۆ دان کە پڕ بوو لە پەندو ئامۆژگاری، وە هانی دان بۆ خۆکۆکردنەوەو جیهاد کردن‌و فەرمانی پێ‌کردن لەسەر ئارام گرتن‌و خۆڕاگرتن لە بەرانبەر هەر ئەرکێکی گران‌و ناڕەحتدا.

پاشەکشێ کردنی دووڕووەکان و گەڕانەوەیان بۆ (مدينة) . . . . . . .

سوپای ئیسلام کۆبۆوەو کەوتەڕێ بەرەو شەڕگە لای چیای (أُحُدْ)و ژمارەیان لە (هەزار) تێنەپەڕیوە، بەڵام لە نیوەی ڕێگا گەورەی دووڕووەکان (عبدالله بن أبي سلول)بەخۆی‌و (سێ‌سەد) کەس لە هاوباوەڕەکانی لە دووڕووەکان پاشەکشە دەکاو پشتی پێغەمبەر بەردەداو دەگەڕێتەوە (مدينة)، بە بیانووی ئەوە کە دەڵێ: پێغەمبەر بەگوێ‌ی ئێمەی نەکردو بە واتەی منداڵ‌و نەفامەکان ناوشاربەجێ‌دەهێڵێ‌و قسەی من دەشکێنێ، بۆچی خۆمان بدەین بەکوشت؟ دەی خەڵکینە بابگەڕێ‌ینەوە! وە ئەوانەی کە دڵ نەخۆش‌و ئیمان لاواز بوون لە قەومەکەی لەگەڵی دەگەڕینەوە (5)، لەو کاتەدا (عبدالله بن حرام) بانگی کردن‌و پێی‌گوتن: خەڵکینە وەرن لەپێناوی خوادا شەڕ بکەن، یان هیچ نەبێ دیفاع‌و بەرگریی بکەن، گوتیان ئەگەر زانیبامان جەنگ دەکەن لەگەڵتان دەهاتین (ئێمە باوەرمان نی‌یە کە شەڕ رووبدات)! خوای گەورە لەبارەی ئەو هەڵوێستەی (عبدالله بن أبي سلول) ئەم ئایەتانەی ناردنە خوار، کە دەفەرموێ:
{{وَلِيَعْلَمَ الَّذِينَ نَافَقُوا ۚ وَقِيلَ لَهُمْ تَعَالَوْا قَاتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّـهِ أَوِ ادْفَعُوا ۖ قَالُوا لَوْ نَعْلَمُ قِتَالًا لَّاتَّبَعْنَاكُمْ ۗ هُمْ لِلْكُفْرِ يَوْمَئِذٍ أَقْرَبُ مِنْهُمْ لِلْإِيمَانِ ۚ يَقُولُونَ بِأَفْوَاهِهِم مَّا لَيْسَ فِي قُلُوبِهِمْ ۗ وَاللَّـهُ أَعْلَمُ بِمَا يَكْتُمُونَ ﴿١٦٧﴾}} آلِ عِمران.

لێرەدا هەڵوێستی خراپ‌و دزێوی گەورەی دووڕووەکانی (مدينة) دەردەکەوێ کە لەوکاتە ناسکەدا خۆی‌و خەڵکێکی زۆر لە هاوباوەڕەکانی پشتی پێغەمبەر یان چۆڵ کرد‌و پاشەکشەیان کرد.

لەو کاتەدا دوو کۆمەڵ لە موسڵمانان (بنو سَلَمَة و بنو حارِثَة) بە دیتنی ئەو ڕەفتارە نامەردانەی (عبدالله بن أبي سلول)و تاقمەکەی، تووشی جۆرە ترسێک‌و گومانێک بوون‌و خەریک بوون هەمان ڕەفتاری ئەوان بنوێنن‌و دوایان بکەون، بەڵام خوای گەورە پاراستنی لەوەو لەسەر خواستی ڕاست جێگیری کردن‌، لەوێدا خوای گەورە دەفەرموێ:
{{إِذْ هَمَّت طَّائِفَتَانِ مِنكُمْ أَن تَفْشَلَا وَاللَّـهُ وَلِيُّهُمَا ۗ وَعَلَى اللَّـهِ فَلْيَتَوَكَّلِ الْمُؤْمِنُونَ ﴿١٢٢﴾}} آلِ عِمران.
واتە: خەریک بوو دوو دەستە لە ئێوە ورە بەردەن‌و هەڵبێن بەڵام خوا بەهانایانەوە هات‌و سەرەنجام سەری‌خستن بەسەر دوژمندا، دەبا ئیمانداران هەر پشت بەخوا ببەستن.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەتەکە، تکایە بڕۆ بۆ لاپەڕی "٢" . . .





  1. ئەم جەنگە بەناوی ئەو چیایە ناونراوە کە جەنگەکە لە پاڵیدا ڕوویداوە، ئەم چیایەش دەکەوێتە باشوری شاری (مدينة)ەوەو بەرزای‌یەکەی (١٢٥) مەتر بوو بەڵام ئێستا نزیکەی (١٢١) مەترە بەهۆی داڕنین‌و کەل کردنەوە، ئەم چیایە لە مزگەفتی پێغەمبەرەوە (٥) کیلۆمەتر دوورە، لەلای باکورەوە کەژێکی گچکەی لێوەنزیکە بەناوی (عینین)و ئەو کەژەش دوای غەزاکە ناونرا بەکەژی تیرهاوێژان (جبل الرماة)، لەنێوان هەردوو کەژەکەشدا (أُحُدْ ـــ عینین) دۆڵێک هەیە بە دۆڵی (قناة) ناسراوە. . . . ألسيرة النبوية الصحيحة، ٣٧٨/٢.
  2. ألسيرة النبوية لابن هشام، ج٣، ص ١٣.
  3. هەمان سەرچاوەو بەرگ‌و لاپەڕە.
  4. هەمان سەرچاوەو بەرگ‌و لاپەڕە.
  5. سەرچاوەی پێشوو، ج٣، ص ١٥ــــ ١٦.

    بۆ سەرەوە
 
 

www.muslimguide.se

ژیاننامەی پێغەمبەران peghambar.muslimguide.se

 

M U S L I M G U I D E . S E ©

پەیوەندی:   tajweed.kurdi@gmail.com