http://peghambar.muslimguide.se پێغەمبەر
  
 
www.muslimguide.se {{قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللَّـهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعًا الَّذِي لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۖ لَا إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ يُحْيِي وَيُمِيتُ ۖ فَآمِنُوا بِاللَّـهِ وَرَسُولِهِ النَّبِيِّ الْأُمِّيِّ الَّذِي يُؤْمِنُ بِاللَّـهِ وَكَلِمَاتِهِ وَاتَّبِعُوهُ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ ﴿١٥٨﴾}} ألأعراف    {{مَّن يُطِعِ الرَّسُولَ فَقَدْ أَطَاعَ اللَّـهَ ۖ وَمَن تَوَلَّىٰ فَمَا أَرْسَلْنَاكَ عَلَيْهِمْ حَفِيظًا ﴿٨٠﴾}} ألنِّساء.  
 


 
 

www.muslimguide.se

پێغەمبەر () کە دیتی‌ی ئەوا (قوڕەیش) بەدەم بانگەوازیەوە ناچن‌و تەنیا چەند کەسێکی کەم نەبێت زۆربەیان باوەڕ ناهێنن، دەستی کرد بە بانگەوازکردنی ئەو هۆزو خێڵانەی کە لەهەندێک ڕێ‌و ڕەسم‌و بۆنەو موناسەباتی عەرەبدا دەچوونە (مەککە)، هەندێک لەو هۆزو تیرانەش بەشێوەیەکی ناشیرین بەرپەرچی بانگەوازەکەیان دەدایەوەو هەندێکی دیکەش بەچاکی وەڵامیان دەدایەوە، کە لەوەوپێش باسمان کرد. یەکێك لە دانای‌یەکانی پێغەمبەر
() ئەوەبوو، کاتێک تووشی بەدرۆخستنەوەو ڕێگە لێ‌گرتن دەبۆوە لەلایەن خەڵکی (مەککە)وە، لە تاریکایی شەودا بەسەر خێڵەکاندا دەگەڕا هەتا هیچ کەسێک لە موشریکەکانی (مەککە) نەتوانن ڕێگەی لێ‌بگرن (1).

سەرەتای دیدار . . . . . .

بەو شێوەیە پێغەمبەر () لەکاتی (موسم)ی حەجدا شەوێکیان دەرچووو وەکو جاران دەستی کردەوە بە خۆڕانواندن لەسەر هۆزو تیرەکانی عەرەب، بەلای (عَقَبَة)ی (منی) تێپەڕی، گەیشتە چەند کەسێك لە عەرەبەکانی (يثرب) (2) لە تیرەی (خزرج) بوون، سەرەتای دیدارەکە لە کۆتایی ساڵی (١١)یەمی پێغەمبەرایەتیدا بووە، وە (ابن هشام) بۆمان دەگێریتەوەو دەڵێ:(3)
کاتێک کە خوای زاڵ‌و شکۆدار ویستی دینەکەی خۆی ئاشکرا بکاو پێغەمبەری خۆی () بە عیززەت بکات‌ وە ئەو بەڵێنەی کە پێ‌ی داوە بۆی بێنێتەدی، پێغەمبەر () لەکاتی (موسم)ی حەج‌دا، وەکو جاران دەستی کردوە بە خۆڕانواندن لەسەر هۆزو تیرەکانی عارەب، لەلای (عَقَبَة) گەیشتۆتە کۆمەڵێک لە تیرەی (خزرج) کە خوا ویستی خێریان بێنێتە ڕێ.
کاتێك کە پێغەمبەر () پێ‌یان گەیشت فەرمووی: ئێوە کێن؟! گوتیان ئێمە کۆمەڵێکین لە (خزرج)، فەرمووی: لە هاوپەیمانانی جوولەکەن؟! گوتیان بەڵێ، فەرمووی دانانیشن هەندێك قسەتان بۆ بکەم؟ گوتیان بەڵێ، ئنجا لەگەڵی دانیشتن‌و، بانگی کردن بۆلای خواو ئیسلامی لەسەر ڕانواندن‌‌و قورئانی بۆ خوێندنەوە.

(ابن هشام)(4) دەڵێ:
شتێك کە خوا بۆ پێغەمبەری () کردبو ئەوەبوو، کە جوولەکەکان لەگەڵ هەردوو هۆزی (أوس‌و خزرج) بوون لە وڵاتی خۆیان (يثرب)، جوولەکەکان خاوەنی کتیب‌و زانیاری (وحي) بوون، بەڵام (ئەوس‌و خەزرەج) هاوبەش بۆ خوا دانەرو بتپەرست بوون، (ئەوس‌و خەزرەج) بەسەر جوولەکەکاندا زاڵ ببوون‌و دەسەڵاتیان بەسەریاندا هەبوو، جا کاتێک، کە دەمەقاڵێ‌و ناکۆکی‌یەکیان دەبوو، لەبەر ئەوەی جوولەکەکان بە (ئەوس‌و خەزرەج) نەدەوێران، هەڕەشەیان دەکرد بە پێغەمبەری کۆتایی ()و دەیانگوت: (إنَّ نَبِيًّا مَبْعُوثٌ الْآنَ، قَدْ أَظَلَّ زَمَانُهُ، نَتَّبِعُهُ فَنَقْتُلُكُمْ مَعَهُ قَتْلَ عَادٍ وَإِرَمَ)، واتە: پێغەمبەرێک دێ، کە ڕۆژگاری هاتنی نزیک بۆتەوە، شوێنی دەکەوین‌و لەگەڵ ئەودا لە دژی ئێوە دەجەنگین، وەکو چۆن (عاد)و (إرم) لەبەین چوون، ئنجا کاتێک کە پێغەمبەر () قسەی لەگەڵ ئەو کۆمەڵە پیاوەدا کرد، کە شەش کەس بوون لە خەزرەجی‌یەکان، لەنێو خۆیاندا هەندێکیان گوتیان: (يَا قَوْمِ، تَعْلَمُوا وَاَللَّهِ إنَّهُ لَلنَّبِيُّ الَّذِي تَوَعَّدَكُمْ بِهِ يَهُودُ، فَلَا تَسْبِقُنَّكُمْ إلَيْهِ)، واتە: ئەی خەڵکینە! بزانن سوێند بەخوا ئەوە ئەو پێغەمبەرەیە کە جوولەکەکان هەرەشەی پێ‌دەکەن لە ئێوە، کەواتە ئازابن با ئەوان پێشتان نەکەون!(5)

ئنجا پێغەمبەر () بەدرێژیی باسی ئیسلامی بۆکردن، ئەو شەش کەسە ئیمانیان پێ‌هێناو بەڕاستیان زانی، ئەو پەیام‌و بانگەوازەی، کە بۆی خستبوونەڕوو، لێ‌یان وەرگرت‌و موسڵمان بوون، وە پێ‌یان گوت(6): (إنَّا قَدْ تَرَكْنَا قَوْمَنَا، وَلَا قَوْمَ بَيْنَهُمْ مِنْ الْعَدَاوَةِ وَالشَّرِّ مَا بَيْنَهُمْ، فَعَسَى أَنْ يَجْمَعَهُمْ اللَّهُ بِكَ، فَسَنَقْدَمُ عَلَيْهِمْ، فَنَدْعُوهُمْ إلَى أَمْرِكَ، وَتَعْرِضُ عَلَيْهِمْ الَّذِي أَجَبْنَاكَ إلَيْهِ مِنْ هَذَا الدِّينِ، فَإِنْ يَجْمَعْهُمْ اللَّهُ عَلَيْهِ فَلَا رَجُلَ أَعَزُّ مِنْكَ. ثُمَّ انْصَرَفُوا عَنْ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ رَاجِعِينَ إلَى بِلَادِهِمْ ، وَقَدْ آمَنُوا وَصَدَّقُوا). واتە: ئێمە ئەو خزم‌و تیرانەی خۆمانمان بەجێ‌هێشتوون، شەڕو دوژمنایەتی‌یەکیان لەنێواندا هەیە هەر خوا دەزانێ چۆنە! جا بەڵکو خوای بەرزو مەزن بەهۆی تۆوە کۆیان بکاتەوە، ئێمە دەچینەوە بانگیان دەکەین بۆ ئەو دینەی تۆ، وە باسی ئیسلامیان بۆ دەکەین، ئەگەر خوا ئەوان لەسەر دەستی تۆ کۆبکاتەوە، هەرگیز ڕێ‌یان لە کەسێک ناکەوێت پایە بڵندتر بێت لەتۆ، ئنجا دوایی ئەو شەش کەسە گەرانەوە بۆ وڵاتی خۆیان دوای ئەوەی کە ئیمانیان هێناو پێغەمبەری خوایان () بە ڕاست دانا.
ئەو شەش کەسەش بریتی بوون لە:
ــــ أسعد بن زرارة لە خێڵی (بني النجار).
ــــ عوف بن الحارثة بن رفاعة لە خێڵی (بني النجار).
ــــ رافع بن مالك بن العجلان لە خێڵی (بني زريق).
ــــ قطبة بن عامر بن جديدة لە خێڵی (بني سلمة).
ــــ عقبة بن عامر بن نابي لە خێڵی (بني حرام بن كعب).
ــــ جابر بن عبدالله بن رئاب لە خێڵی (بني عبيد بن غنم).
(خوا لە هەموویان ڕازی بێ)..
ئنجا ئەو شەش گەنجەی کە لە هۆزی (خزرج) بوون، چوونەوە بۆ شاری (يثرب)و دەستیان کرد بە تێگەیاندنی هۆزەکەیان‌و باس کردنی ئەوەی کە لە پێغەمبەرەوە () وەریان گرتبوو و بانگیان کردن بۆ ئیسلام، بۆ بەدەمەوەچوونی ئەو بانگەوازەش ژمارەیەکی زۆر باوەڕیان هێناو تەنانەت لە دوایی‌دا لە ماڵەکانی (يثرب) کە باسی پێغەمبەری خودای () تێدا نەکرێ‌و باسی ئیسلامەتی نەچووبێتە نێو.

پەیمانی یەکەمی (عَقَبَة) . . . . . .

ساڵی ئایندە، واتە لە وەرزی حەجی ساڵی (١٢)ى پێغەمبەرایەتی‌دا، بەرانبەر بە ساڵێ (٦١٢) زایین، (١٢) دوازدە پیاو هاتن‌و، لەلای (عَقَبَة) بە دیداری پێغەمبەر () گەیشتن‌و بەیعەت (واتە: پەیمان)یان پێ‌دا، ئەو دوازدە کەسە دەیان لە (خزرج) بوون و دووشیان لە (أَوس) بوون.

ئەو دوازدە کەسە بە نوێنەرایەتی موسڵمانانی (يثرب) ، پەیمانیان بە پێغەمبەر ()دا لەسەر ئەوەی شەریک‌و هاوەڵ بۆ خودا دانەنێن‌و دزی نەکەن‌و زینا نەکەن‌و منداڵەکانی خۆیان نەکوژن‌و هیچ کردارێکی واش نەکەن کە پێچەوانەی بیروباوەڕەکەیان بێت (وەک ئەوەی لەخۆیانەوە منداڵێک بدەنە پاڵ هاوسەریان یان هەر بوختانێک لەو جۆرە بۆ کەسێکی دی بکەن) وە لەهیچ شتێکی چاکدا سەرپێچی لە فەرمانی پێغەمبەر () نەکەن، جا هەر کەسێکیان پابەندبێت بەو پەیماننامەو (بەیعەت)ـەوە، ئەوە پاداشتی لەسەر خوایە، وە ئەگەر یەکێک لەو گوناحانەیان کرد کە پەیمانیان داوە نەیانکەن، ئەوە کاریان دەگەڕێتەوە بۆلای خوا، ئەگەر ویستی سزایان دەدا، یاخود لێ‌یان دەبوورێ(7) . وە دەقی ئەو پەیماننامەیە واتە پەیماننامەیەی یەکەمی (عَقَبَة)، کە (عبادة بن الصامت ) یەکێک بووە لەوانەی ئەو پەیمانەی بە پێغەمبەر () داوە بۆمان دەگێریتەوە کە پێغەمبەر () فەرموویەتی:
«تَعالَوا بَايِعُونِي عَلَى أَنْ لا تُشْرِكُوا بِاللَّهِ شَيْئًا، وَلا تَسْرِقُوا، وَلا تَزْنُوا، وَلا تَقْتُلُوا أَوْلادَكُمْ، وَلا تَأْتُوا بِبُهْتَانٍ تَفْتَرُونَهُ بَيْنَ أَيْدِيكُمْ وَأَرْجُلِكُمْ، وَلا تَعْصُونِي فِي مَعْرُوفٍ، فَمَنْ وَفَّى مِنْكُمْ فَأَجْرُهُ عَلَى اللَّهِ، وَإنْ غَشَيْتُمْ مِنْ ذَلِكَ شَيْئاً فَأمْرُكُم إلى الله عزَّ وَجَلّ إنْ شاءَ عذَّبَ وإن شاءَ غَفَرَ». رواه البخاري (8).


بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەتەکە، تکایە بڕۆ بۆ لاپەڕی "٢" . . .




  1. تاريخ الإسلام، نوسینی (نجیب ئابادی)، (١٢٩/١).
  2. (يثرب) لەپێش ئیسلام‌دا بە شاری (مدينة) دەگوترا، بەڵام دوای کۆچ‌کردنی پێغەمبەرو () هاوەڵانی بۆ ئەو شارەو دوای سەرهەڵدانی ئیسلام، بە (مدينة) ناوبرا، واتە (شاری پێغەمبەر ). ئەمرۆش بەناوی شاری ڕۆشن‌کراو (ألمدينة المنوَّرة) ناودەبرێت.
  3. (ألسيرة النبوية ....)، ج٢، ص ٢٢١، ط١ دار بن الهيثم.
  4. سەرچاوەی پێشوو، ج٢، ص ٢٢١
  5. پێش ئەوەی خوای گەورە پەیامی خۆی بۆ پێغەمبەرەکەی () بنێرێت، هەردوو هۆزی (أَوْس)و (خَزرَج)و، ‌ چەند تیرەو بنەماڵەیەکی جوولەکە لە شاری (يثرب)دا دەژیان، زۆر جاریش شەڕو کوشتار لەنێوان عەرەبەکەن‌و جوولەکەکان‌دا بەرپادەبوو، بەڵام جوولەکەکان پیلانی دیکەیان بۆخۆیان داڕشتبوو، ئەوەبوو ڕاستەوخۆ ڕوبەڕووی عەرەبەکان نەدەبوونەوە، بەڵکو ئاگری شەڕو دوژمنایەتی‌یان لەنێوان (أَوْس)و (خَزرَج)‌دا هەڵدەگیرساند، ئەو ئاگرەش بەشێوەیەک گڵپەی سەندبوو تا ڕۆژێکیان کە بە (يَوْمُ الْبُعَاثِ) ناسراوە جەنگێکی خوێناویی گەورەیان لەنێوان‌دا بەرپابوو و ژمارەیەکی زۆر لە هەردوولا تێیدا بوونە قوربانی. دوای ئەوە لەنێوان هەردوولادا هودنەیەک ئیمزا کراو لەو هودنەیەدا (خزرج) پەیمانی لەگەڵ جوولەکەکاندا بەست‌و بوونە هاوپەیمانیان، (أوس)یش پەیمانیان لەگەڵ عەرەبدا بەستبوو، دیارە لەو سەردەمەدا پێکەوەژیانی جوولەکە لەگەڵ عەرەبداو نزیکی‌یان لێ‌یانەوە کاریگەری‌یەکی گیانی (ڕوحی) بۆ سەر عەرەب هەبوو، چونکە جوولەکەکان شوێنکەوتووی کتێبی خودا (ألتَّوْراة) بوون‌و بانگەوازیان بۆ تاکی‌و تەنیایی‌ی خودا دەکرد بەڵام شیرک‌و هاوەڵ بۆ خوادانانی تێکەڵاو ببوو و بیدعەشیان پێوەنابوو، هەروەها جوولەکەکان عەرەبیان بەوە وریاو ئاگادار دەکردەوە کە پێ‌یان دەگوتن: (ئێستا زەمانی ڕەوانەکردنی پێغەمبەرێک هاتووەو ئێمەش دوای دەکەوین‌و لەگەڵ ئەودا دەتانکوژین وەک چۆن هەردوو گەلی (عاد)و (إِرَم) کوژران).
  6. (ألسيرة النبوية ....)، ج٢، ص ٢٢١، ط١ دار بن الهيثم.
  7. چونکە ئەو کات سزا شەرعی‌یەکان نەهاتوونە خوارێ.
  8. صحيح البخاري، برقم (١٨) و (٣٨٩٢).

    بۆ سەرەوە
 
 

www.muslimguide.se
      خەلیفەکانی ڕاشیدین

عومەری کوڕی عبدالعزیز

 

M U S L I M G U I D E . S E ©

پەیوەندی:   tajweed.kurdi@gmail.com