لەو هۆزانەی کە پێغەمبەر () چووە بۆ لایانو خۆی پێناساندوونو داوای سەرخستنی لێکردون بۆ ئایینی خوا، عەشیرەتی (كندة) بووە، کە گەورەو سەرۆك هۆزەکەیان ناوی (ملیح) بووە، پێغەمبەر () بانگی کردوون بۆلای خوای گەورەو خۆی پێناساندوونو باسی ئیسلامی بۆ کردوون، بەڵام لێیان وەرنەگرتوە (2).
خێڵی (بنو کلب)، پێغەمبەر () چوە لای تیرەیەکیان، پێی دەڵێن (بني عبدالله) لە مەنزڵگای خۆیان، بۆلای خوا بانگی کردوونو خۆی پێناساندوونو باسی ئیسلامی بۆ کردوون، ئەوانیش ئەو بانگەوازەیان لێوەرنەگرتوەو بەرپەرچیان داوەتەوە.
(بنو حنيفة)، چوە ناو ماڵەکانیان، بانگی بۆلای خواو خۆی پێناساندوون، بەڵام لە عارەباندا هیچ کەس وەکو ئەوان وەڵامی توندو خراپو ناقۆڵای نەبووەو زۆر بە شێوەیەکی ناشیرین وەڵامی پێغەمبەریان () داوەتەوە. هەروەها چووە لای (بنو عامر بن صعصعة)، بانگی کردن بۆلای خواو خۆی پێناساندن، (بيحرة بن فراس) کە یەکێک بوو لە پیاوەکانیان گوتی: وَاَللَّهِ، لَوْ أَنِّي أَخَذْتُ هَذَا الْفَتَى مِنْ قُرَيْشٍ، لَأَكَلْتُ بِهِ الْعَرَبَ، ثُمَّ قَالَ: أَرَأَيْتَ إنْ نَحْنُ بَايَعْنَاكَ عَلَى أَمْرِكَ، ثُمَّ أَظْهَرَكَ اللَّهُ عَلَى مَنْ خَالَفَكَ، أَيَكُونُ لَنَا الْأَمْرُ مِنْ بَعْدِكَ؟ قَالَ: الْأَمْرُ إلَى اللَّهِ يَضَعُهُ حَيْثُ يَشَاءُ، قَالَ: فَقَالَ لَهُ: أَفَتُهْدَفُ نَحُورُنَا لِلْعَرَبِ دُونَكَ، فَإِذَا أَظْهَرَكَ اللَّهُ كَانَ الْأَمْرُ لِغَيْرِنَا لَا حَاجَةَ لَنَا بِأَمْرِكَ، فَأَبَوْا عَلَيْهِ (3). واتە: وەڵڵاهی ئەگەر ئەو گەنجەی (قوڕەیش) بگرم هەموو عەرەبی پێ قووت دەدەم! پاشان گوتی: ڕات چییە ئەگەر ئێمە پەیمانمان بەتۆ دا پاشان ئەگەر خوا تۆی سەرخست بەسەر نەیارەکانتدا، ئایا کاروباری دوای تۆ (واتە سەرۆکایەتی ئەو دینە) بۆ ئێمە دەبێت؟ پێغەمبەر () فەرمووی: ئەوە پەیوەندی بەخواوە هەیە ویستی لەسەر کێبوو، لەسەر ئەوی دادەنێ. ئەویش گوتی: ئێمە سینگی خۆمان بکەینە قەڵغان لە بەرانبەر عەرەبداو دوای ئەوە کە خوا تۆی سەرخست، ئەو زەعامەتو گەورەییە بۆ غەیری ئێمە بێت؟! بڕۆ ئیشمان بەکاری تۆ نییە، گوێیان پێنەدا.
ئینجا (إبن إسحاق) ئاوا کۆتایی بە باسەکەی خۆی دێنێ: ئینجا پێغەمبەر () لەسەر کاری خۆی بەردەوام بوو هەر کاتێک خەڵک لەکاتی حەجدا کۆدەبوونەوە، دەچوو بۆلایانو هۆزەکانی بانگ دەکرد بۆلای خواو خۆی پێدەناساندن، وە ئەو هیدایەتو ڕەحمەتەی کە پێی نێردرابوو دەیخستەڕوو، وە هیچ کەس نەبوو لەوانەی کە پلەو پایەو شەڕەفێکیان هەبوو لەنێو عەرەبدا کە دەهاتن بۆ (مەککە)، نەچێ بۆلایانو بانگیان نەکات بۆلای خوا، وە ئەوەی کەپێی بوو بۆی باس دەکردن (4).
بەڵام لەهەموو ئەو هەوڵانەدا پێغەمبەر () بە نائومێدیی گەڕاوەتەوەو باوەڕیان پێنەهێناوە.
هەروەها لەو چەند مانگەی ساڵی(١١)یەمی پێغەمبەرایەتیدا، پێغەمبەر () لەگەڵ (١٥) تیرەو هۆزەدا قسەی کردوەو باسی ئیسلامی بۆ کردوون، وە پێغەمبەر () لەگەڵ هەر کامێکیان کە قسەی دەکرد دەیفەرموو: چ پیاوێک هەیە ڕێگەم پێبداو لەگەڵ خۆیم بەرێ بۆ نێو تیرەو هۆزەکەی خۆیو پشتگیرییم لێبکات، بۆ ئەوەی پەیامی پەروەردگارم ڕابگەیەنم، چونکە (قوڕەیش)یەکان ڕێگەم لێدەگرن کە پەیامی پەروەردگارم ڕابگەیەنم؟! (أبو لَهَب)یش کە لە دوای دەڕۆیشت دەیگوت گوێی لێ ڕامەگرن ئەوە درۆزنە (5).
هەروەکو پێغەمبەر () باسی ئیسلامی بۆ خێڵو شاندەکان دەکرد، خۆی بە تاکە تاکەی خەڵکیش دەناساند، لەلای هەندێکیان وەڵامی باشی دەستکەوت، چەند پیاوێکیش پاش ماوەیەکی کەم لەو وەرزە باوەڕیان پێهێنا، لەوانە: (سويد بن صامت): شاعیرێکی ژیری خەڵکی يثرب (مدينة) بوو. (أياس بن معاذ)، خەڵکی يثرب (مدينة) بوو. (أبوذر الغفاري)، خەڵکی دەرەوەی يثرب (مدينة) بوو. (الطفيل بن عمرو الدوسي)، شاعیرو ژیرو سەرۆکی تیرەی (دوس) بوو. (ضماد بن ثعلبة الأزدي)، لە خێڵی (أَزْدِ شَنُوءَةَ )ی یەمەن بوو.
M U S L I M G U I D E . S E ©
پەیوەندی: tajweed.kurdi@gmail.com