پێغەمبەری خوا سێزدە ساڵ لەنێو بێباوەڕانی (مەککە)دا تووشی چەندەها جۆر ئازارو ئەشکەنجە بوو و خۆیو هاوەڵانو شوێنکەوتوانی بە هەموو شێوازێک ئاردەدرانو وەڕس دەکران، وە پێغەمبەر هەر لە سەرەتای قۆنغی (مەککە)وە موسڵمانانی لەسەر گیانی فیراکارییو بەرەنگاربوونەوەو زوڵم قبوڵ نەکردن بار هێناوە، نەک لەسەر گیانی مل نەوی کردنو قبوڵکردنی ژیانی زەلیلی.
بەڵام بۆیە پێغەمبەر هەمیشە پێی دەفەرموون: ئارام بگرنو هیچ مەکەن، وە دەستی دەگرتن، چونکە فەرمانی خوا وابووە، وەک خوای گەورە دەفەرموێ: {{أَلَمْ تَرَ إِلَى الَّذِينَ قِيلَ لَهُمْ كُفُّوا أَيْدِيَكُمْ وَأَقِيمُوا الصَّلَاةَ . . . . . . . ﴿٧٧﴾}} ألنِّساء. واتە: تەماشای ئەوانە ناکەن کە پێیان دەگوترا: دەست بگرنەوەو (کاتی جەنگ نیە) نوێژ بەرپا بکەن! دیارە ئەو کاتە هاوەڵان پێویستیان بەوە بووە پێیان بگوترێ دەست بگرنەوە، هەر بۆیەش کاتێک کە خوای دادگەر مۆڵەتی دان کە جەنگ بکەن هەریەکەیان شێرێک بوون لە بیشەیەک هاتبوونە دەر.
لەو ماوەیەدا ئایەتەکانی قورئانیش کە بۆی دەهاتە خوارێ هەر ئەو ئەرکەی بۆ ڕوون دەکردنەوەو هەڵسوکەوتو مامەڵەی لەگەڵ خەڵکیدا بۆ دیاری دەکردن، وەک ئەم ئایەتەو هاوشێوەکانیان، خودای گەورە دەفەرموێ: {{ادْعُ إِلَىٰ سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ ۖ وَجَادِلْهُم بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ ۚ . . . . . . }} ألنَّحل {{فَاصْبِرْ كَمَا صَبَرَ أُولُو الْعَزْمِ مِنَ الرُّسُلِ . . . . . . . ﴿٣٥﴾}} ألأحقاف
جا کاتێک زوڵمو ستەمی کافران لەسەریان توندوتیژتر ببوو و گەیشتبووە ئەوەی پیلان لەسەر کوشتنی پێغەمبەر بگێڕن (وەک چۆن پێشتر باسمان کرد)، ئیدی کۆچی کرد بۆ (يثرب) تا بگا بەو کۆچکەرانەی کە پێش خۆی ڕۆیشتبوون.
(أحمد والحاكم والترمذي) لە (إبن عبّاس)ـەوە دەگێڕنەوە گوتوویەتی: خَرَجَ النَّبيُّ من مَكّة، فقال أبوبكر: أخْرَجوا نَبِيَّهُم، لَيَهْلِكُنَّ، فأنزل الله: {{أُذِنَ لِلَّذِينَ يُقَاتَلُونَ بِأَنَّهُمْ ظُلِمُوا ۚ وَإِنَّ اللَّـهَ عَلَىٰ نَصْرِهِمْ لَقَدِيرٌ ﴿٣٩﴾}} ألحجّ واتە: پێغەمبەر لە (مەککە) چووە دەر، (أبوبكر)یش گوتی: کافرەکانی قوڕەیش پێغەمبەریان لە (مەککە) دەرکرد، لەبەین دەچن، یەکسەر خوا ئەو ئایەتەی ناردە خوار لەگەڵ کۆچکردنی پێغەمبەردا ، واتە: بەڕێوە بووە کە ئەم ئایەتەی بۆ هاتەخوار، واتە: مۆڵەت دراوە بەو ئیماندارانەی شەڕیان پێدەگێڕنو زوڵمیشیان لێدەکرێ، وە بێگومان خوا لەسەر سەرخستنی ئەوان بەتوانایە، هەروەها (ابن هشام)(1)یش ئەوەی هێناوە کە ئەم ئایەتە وە سێ ئایەتەکەی دواشی هەموویان بەو بۆنەیەوە هاتنە خوار کە پێغەمبەر لە (مەککە) دەرکرا، کەواتە لەسەرەتاوە تەنیا مۆڵەتیان پێدرا کە جەنگ بکەن، بەڵام دوایی لەسەریان فەرزکرا.
(قوڕەیش)یەکان دوای ئەوەی پێغەمبەر و هاوەڵانیان ناچار بە کۆچ کردن کرد لە شاری (مەککە)، هەندێک لەو هاوەڵانەی لە (مەککە)دا مابوونەوە لەبەر چەند هۆیەک نەیانتوانیبوو دەرچن کەوتبوونە بەر مامەڵەیەکی توندتری خەڵکی (مەککە)وە، وە کەوتبوونە بەر هێرشو سووکایەتی تێکڕای بێباوەڕانو بەکۆمەڵ ئازاریان دەدانو ڕۆژ بەڕۆژ سزای سەختتر دەدران تا وای لێهات ئارامیان لێبڕاو زۆر لە خودا دەپاڕانەوەو داوای کۆمەکو فریاگوزاریی بەپەلەیان لێدەکرد، (قوڕەیش)یەکان هەر بەوە نەوەستان بەڵکو کەوتنە ئاژاوە نانەوە لە شاری (مدينة)شداو هەڕەشە کردن لە موسڵمانە کۆچکەرەکان.
لەبەر ئەوە موسڵمانانی شاری (مدينة) سەبارەت بە هەڕەشە گەورەکانی (قوڕەیش)و دوژمنی سەرسەختی سێزدە ساڵەی لەمەو پێشیان، ئەوەبوو کە هەموو موسڵمانانی بەڕێزی شاری (مدينة) پشتیوانانو کۆچکەران پێکەوە شەوو ڕۆژیان دەکردەوە بە چەکەوە، هەمیشە چەکیان پێبوو بۆ هەموو جێگەیەک هەتا شەویش بە چەکەکانیانەوە دەخەوتن.
لە (أُبَيّ بن كَعب)ـەوە دەفەرموێت: کاتێک پێغەمبەر و هاوەڵانی گەیشتنە شاری (مدينة) و کاتێک پشتیوانان ئەوانیان گرتە خۆ، هەموو عەرەب دژ بە خەڵکانی ناو شاری (مدينة) وەستانو موسڵمانانیش شەو بە چەکەکانیانەوە نەبێ نەدەخەوتنو بە ڕۆژیش بە چەکەکانیانەوە نەبێت نەدەسوڕانەوە، ئەوان لەبەر خۆیانەوە دەیانگوت: تۆ بڵێی ڕۆژێک بەچاوی خۆمان ببینین کە ئێمە ئارامینو لەخۆمان ناترسین؟ تۆ بڵێی ڕۆژیکی وا بێتە پێش؟ ئەوە لەو کاتەدا بوو کە خوای گەورە ئەم ئایەتەی ناردە خوار کە دەفەرموێ: {{وَعَدَ اللَّـهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنكُمْ وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ لَيَسْتَخْلِفَنَّهُمْ فِي الْأَرْضِ كَمَا اسْتَخْلَفَ الَّذِينَ مِن قَبْلِهِمْ وَلَيُمَكِّنَنَّ لَهُمْ دِينَهُمُ الَّذِي ارْتَضَىٰ لَهُمْ وَلَيُبَدِّلَنَّهُم مِّن بَعْدِ خَوْفِهِمْ أَمْنًا ۚ يَعْبُدُونَنِي لَا يُشْرِكُونَ بِي شَيْئًا ۚ وَمَن كَفَرَ بَعْدَ ذَٰلِكَ فَأُولَـٰئِكَ هُمُ الْفَاسِقُونَ ﴿٥٥﴾}} ألنُّور (2). وە هەروەها پێغەمبەر لەبەر ئەو هەڕەشانەی (قوڕەیش)و جولەکەکانی ناو شاری (مدينة)و بت پەرستەکانی ناو شاری (مدينة) هەموو شەوێک پاسەوانی دەکرا نەوەک دوژمنان زەفەری پێببەن.
M U S L I M G U I D E . S E ©
پەیوەندی: tajweed.kurdi@gmail.com