(صَفِيَّة) دەبێتە هاوسەری پێغەمبەر . . . . . .
لە جەنگی (خیبر)دا (صَفِيَّة بنت حيي بن أخطب) لەوێ دەبێو دەکەوێتە دەستی موسڵمانان، کە کچی سەرۆکی بەشێک لە جوولەکەکان بوو، دوایی هاوەڵان بە پێغەمبەر دەڵین کە ئەوە کچی سەرۆک هۆزەکەیەو بۆ تۆ بێ باشە، ئەویش ئەو پێشنیازە قبووڵ دەکات، ئنجا ئازادی دەکاتو دوای ئەوەی کە موسڵمان دەبێ دەیکاتە هاوسەری خۆی، کە ئەمە کاریگەریی زۆر باشی هەبوو لەسەر هەموو هۆزەکە، (أَنَس) لەبارەی چۆنییەتی بەهاوسەرگرتنی پێغەمبەر بۆ (صَفِيَّة) دەڵێ: (سَبَى النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ صَفِيَّةَ، فَأَعْتَقَهَا وَتَزَوَّجَهَا)(4). واتە: پێغەمبەر (صَفِيَّة)ی بەدیلگرت، پاشان ئازادی کردو کردیە هاوسەری.
هەوڵێکی دیکەی تێرۆرکردنی پێغەمبەر . . . . . . .
لەدوای ئەو سەرکەوتنەی (خیبر)و ڕێککەوتن لەگەڵ جوولەکەو گەڕانەوەی ئاشتی بۆ ناوچەکە، ژنێکی جوولەکە بەناوی (زينب بنت الحارث)، مەڕێکی سورەوەکراوی بەدیاری بۆ پێغەمبەر هێناو دەیزانی پێغەمبەر حەزی لە دەستی پێشەوەیەتی، ئەویش ژەهری زیاتری لەو شوێنە کرد، هاوەڵیکی پێغەمبەر بەناوی (بشر بن البراء) لەگەڵی خوارد، پێغەمبەر دەستی برد بۆ شانەکەیو پاروویەکی خستە نیو زاریو خێرا تفی کردەوە، لەلایەن خوداوە ئاگادارکرایەوە، کە ژەهراوییەو نەیخوارد، بەڵام (بشر) خواردبوویو بەوە وەفاتی کرد، پاشان (زینب) بانگکراو دانینا بە تاوانەکەیداو، پێغەمبەر لێی پرسی: بۆچی ئەوەت کرد، گوتی: ( أَرَدْنَا إِنْ كُنْتَ كَاذِبًا أَنْ نَسْتَرِيحَ مِنْكَ، وَإِنْ كُنْتَ صَادِقًا لَمْ يَضُرَّكَ)(5). واتە: ویستمان ئەگەر تۆ درۆزن بی ڕزگارمان دەبێ لە دەستت، ئەگەر پێغەمبەریش بی، ئەو شتە زەرەرت لێنادات. دوایی پێغەمبەر لە خوێنی (بشر)دا ئەو ژنەی کوشتەوە.
لە جەنگی (خیبر)دا دەوری (٢٠) کەس لە موسڵمانان شەهید بوون، کە زۆربەیان لە پشتیوانان (ألأنصار) بوون، وە لە جوولەکەکانیش دەوری (٩٣) کەس کوژران(6).
M U S L I M G U I D E . S E ©
پەیوەندی: tajweed.kurdi@gmail.com