هاوسەرانی پێغەمبەر . . . . . .
پێغەمبەری خودا لە ژیانی دا یازدە ژنی لە حاڵەتو ئاستە جودایەکاندا هێناوەو، ئەم کارەش تەنها پەیوەست بووە بە خۆیەوەو لە نێو قەومو نەتەوەکەشیدا هەر خۆی لەلایەن خوداوە ئەو کارەی پێسپێردراوە واتە (هێنانی یازدە ژن). دوانیان هەر لە تەمەنی خۆیدا کۆچی دواییان کردوە، کە خاتوو (خديجة بنت خويلد)و خاتوو (زينب بنت خزيمة) بوون.
ژن هێنانی پێغەمبەر گومانی تێدا نیە هەمووی دەکەونە بازنەی سۆزو بەزەییو ڕەفتاریی میهرەبانیانەیەوە، هێنانی هەندێکیانی بەرژەوەندی گەورەی بۆ ئیسلامو سەرخستنی موسڵمانان مسۆگەر کرد.
بۆ نموونە پێغەمبەری خودا ویستوویەتی چەند مامۆستایەکی ژن پێبگەیەنێت تاکو ئافرەتانی دی فێری حوکمە شەرعیەکان بکەن، ئێ خۆ ئافرەتانیش نیوەی کۆمەڵنو لە ئیسلامدا هەمان ئەرکو فەرمان کە بەسەر پیاواندا دراوە، بەسەر ئەوانیشدا دراوە، بێگومان لەوسەردەمەدا زۆربەی ئافرەتان شەرمیان دەکرد گەر دەربارەی چەند مەسەلەیەکی تایبەت بەخۆیان پرسیار لە پێغەمبەر بکەن، بەتایبەتی ئەو مەسەلەو حاڵەتانەی کە تەواو پەیوەستن بە ژنان خۆیانەوە وەک سووڕی مانگانە (الحيض)و لەشگرانی (الجنابة)و کاروباری دیکەی هاوسەریو ژنو مێردایەتی، لەبەر ئەوە باشتر بوو ئەو پرسیارانە بە هاوسەرەکانی بگەیەننو ئەوانیش ئاڕاستەی پێغەمبەری هاوسەریان بکەنو پاشان وەڵامەکانیان بە ئافرەتان بگەیەننەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە کاروباری یاسادانان لەسەر بنچینەی قورئانو سوننەت بووە، سوننەتیش پێک هاتووە لە فەرموودەو کردارو بڕیاردانی پێغەمبەر (قَولُهُ وفِعلُهُ وتَقريرُه)، جا ئایا جگە لە هاوسەرانی، کێیدی توانیویەتیی هەڵسو کەوتی پێغەمبەر لەناو ماڵدا بە ڕەفتارو گفتارییەوە بە موسڵمانان بگەیەنێت؟(1) ئەوەبوو پاش ماوەیەک هەندێک لە هاوسەرانی بوونە جەند مامۆستایەکی لێهاتوو و بە هەموو ئەمانەتو دەستپاکییانەوە یاساو ڕێبازی پێغەمبەریان بە موسلمانان گەیاند.
هەروەها جگە لەم لایەنەش چەندی حیکمەتی دیکە لە کاری هێنانی چەند ژنێک لە ژیانی پێغەمبەردا هەبووەو سوودی بە کاروباری (یاساڕێژیو کۆمەڵایەتیو سیاسی) گەیاندووەو لەکاتی باسکردنی پوختەیەک لە ژیانی هەر یەکە لە هاوسەرانیدا ئاماژەی بۆ دەکەین.
لێرەدا بۆ وەڵامی پڕوپاگەندەی دوژمنان کە گوایە (پێغەمبەری خودا ژیانی بە ئارەزووبازی بردۆتە سەر)!! زۆر بە سانایی ئاماژە بۆ ئەو نموونە زیندووەی ژیانی دەکەینو دەڵێین: هەر خودی ئەو ژیانەی (مُحَمَّد ) لە منداڵیەوە تا پیری باشترین نموونەیە کە بە مرۆڤیکی بە حەیاو داوێن پاک ناسرابوو هیچ کەسێک لێی نەبینیوە کە ئەو ڕۆژێک لەڕۆژان لە هەڕەتی لاوییدا خۆی بەدەم ئارەزووی (جنس)ییەوە دابێت، هەروەها لێیشی نەبیستراوە کە ئەو حەزی لە بەزمی گۆرانیو مەی خواردنەوەو مێبازیو هاوڕێیەتی کردنی ئافرەتان بووبێ، تەنانەت هیچ کەسێکیش لە دوژمنانی سەردەمی خۆی تۆمەتیکی لەو جۆرانەی نە خستۆتە پاڵ، لەکاتێکدا ئەو دوژمنانەی زۆر سووربوون لەسەر دۆزینەوەی هەر خەوشو شوورەیییەک تێیدا تاکو گەورەتری بکەن بۆیو جاڕبدەن لە دژیو گومان لەدڵی خەڵکیدا لەسەر پێغەمبەرایەتییەکەی دروست بکەن.
(خديجة بنت خويلد): یەکەمین هاوسەری پێغەمبەر بووە کە خواستوویەتیو بێوەژنێک بوو لەتەمەنی (٤٠) ساڵیدا، بەڵام تەمەنی پێغەمبەر (٢٥) ساڵ بوو هەتا (خَديجَة)ش مابوو ژنی دیکەی نەهێنا. (خَديجَة) پێش هیجرەتی پێغەمبەر کۆچی دواییی کرد.
پێغەمبەر چەند کوڕو کچێکی لە (خَديجَة) بوو، کوڕەکانی (قاسم، طيب، طاهر، عبدالله) هەر زوو و بە منداڵی مردوون، کچەکانیشی (زينب، رقيّة، ام كلثوم، فاطمة) مێردیان کردووەو منداڵیان بووە.
پێغەمبەر نزیکەی (٢٥) ساڵ لەگەڵ (خَديجَة)ی تاکە هاوسەریدا بەسەربرد، سەرەڕای ئەوەش لە وڵاتی عەرەبەکانی ئەو سەردەمەدا وا باوبوو کە پیاو چەند ژنێکی هەبێت، کەچی پێغەمبەر ژنی دیکەی بەسەر (خَديجَة)دا نەهێناو لەگەڵ ئەوەدا کە بە تەمەنو بە ساڵاچوو بوو، بەڵام خۆشەویستترین هاوسەر بوو لای پێغەمبەر هەردەم یادو باسو خواسیی لەسەر زمان بوو، تەنانەت لەلای ئەو هاوسەرانەشی باسی دەکرد کە دواتر خواستبوونیو کە ئەوانیش جۆرە (غَيْرَة)و دەمارگیرییەکیان لە دڵدا بۆ دروست دەبوو لەکاتی باس کردنی (خَديجَة)دا بەو ڕادەیە.
(سودة بنت زمعة): پاش وەفاتی (خديجة) پێغەمبەر مارەی کردوە کە بێوەژنێک بووەو یەکێک بوو لەوانەی کۆچیان کرد بۆ (حبشة)، (سودة) پێش ئەوەی ببێتە هاوسەری پێغەمبەر خێزانی ئامۆزایەکی خۆی بووە بەناوی (السَّكْران بن عَمْرو بن عَبْد شمس) کە لە (حبشة) مردووە.
(عائشة بنت أبي بكر الصديق): پێغەمبەری خودا لە (مکة) خواستیو لە (مدینة) هێنای، لە خێزانەکانی پێغەمبەر تەنها (عائشة) کچ بووە و خۆشەویستترین مرۆڤ بووە لە دڵیدا، لە هەموو خێزانەکانی دیکەی پێغەمبەر زیرەکتر بووەو لە هەموویان زیاتر زانستی شەرعیی لەبەربووە، هەر بۆیەش زۆر کەس لە گەورەهاوەڵان دەربارەی هەندێک لەو حوکمە شەرعییانە پرسیاریان لێدەکرد کە ئاڵۆزو گران دەبوو لەسەریان.
(حفصة بنت عمر بن الخطاب): مێردەکەی لەنێوان جەنگی (بدر)و (أُحُد)دا وەفاتی کرد، پێغەمبەر لە ساڵی سێیەمی کۆچیدا مارەی کردو هێنای.
(زينب بت خزيمة): مێردەکەی ناوی (عبدالله بن جحش) بوو کە لە جەنگی (أُحُد)دا شەهید کرا، پێغەمبەریش لە ساڵی (٤)ی کۆچیدا خواستی، پاش مێردکردنی بە پێغەمبەر بە دوو مانگ یان سێ مانگ وەفاتی کرد.
(أُم سَلَمة): اتە (هند بنت أبي أمية) ژنی (أبو سَلَمة) بوو، لە مانگی (جُمَادَى الآخِرَة)ی ساڵی (٤)ی کۆچیدا (أبو سَلَمة) وەفاتی کرد، لە مانگی (شوال)ی هەمان ساڵدا پێغەمبەر مارەی کرد.
(زینب بنت جحش): دایکی ناوی (أُمَيمة)یە پوری پێغەمبەرە لەپێشدا خێزانی (زيد بن حارثة) بوو کە خزمەتکاری خۆی بوو و، بەکوڕی (مُحمَّد ) بانگی لێدەکرا، تەڵاقی دا.
دوای ئەوەی (زینب) تەڵاق درا خودای گەورە فەرمانی بە پێغەمبەرەکەی کرد کە (زینب) بخوازێو بیکا بە هاوسەری خۆی تاکو ئەو بیدعەو دابو نەریتە شێواوی نەفامی (جاهلیة) بسڕێتەوە کە بیدعەی بەکوڕدانان (بدعة التّبنّي) بوو، چونکە لەوەوبەر بەپێی ئەو دابو نەریتە کوێرانەیە کە (زید) بەکوڕی (مُحمَّد ) داندرابوو، (مُحمَّد ) بۆی نەبوو هاوسەری تەڵاق دراوی (زید) مارە بکاتەوە، لەبەر ئەوەی گوایە (ژنی کوڕەکەی خۆی مارە دەکا)، بەڕاستی ئەو دابو نەریتەی ئەوسای عەرەبەکان زۆر نابەجێ بوو، جا بۆ ڕیشەکێش کردنی ئەو جۆرە دابو نەریتو بیدعە ناشیرینەش دەبوایە پێغەمبەر لەخۆیەوە دەست پێبکات تاکو ئەو عادەتە نەفامییە هەڵوەشێنێتەوەو ڕێساکانی ئیسلامیش بەو جۆرە جێگیرو پەیڕەو بکات کە خودا دەیەوێتو فەرمانی پێکردوە لەم فەرمایشتەدا کە پێی فەرمووە: {{ . . . . . . وَتَخْشَى النَّاسَ وَاللَّـهُ أَحَقُّ أَن تَخْشَاهُ ۖ فَلَمَّا قَضَىٰ زَيْدٌ مِّنْهَا وَطَرًا زَوَّجْنَاكَهَا لِكَيْ لَا يَكُونَ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ حَرَجٌ فِي أَزْوَاجِ أَدْعِيَائِهِمْ إِذَا قَضَوْا مِنْهُنَّ وَطَرًا ۚ وَكَانَ أَمْرُ اللَّـهِ مَفْعُولًا ﴿٣٧﴾}} الأحزاب. واتە: (ئەی مُحمَّد) تۆ لە خەڵکی دەترسیت، بەڵام خودا هەر خۆی شایستەی ئەوەیە لێی بترسیتو فەرمانی جێبەجێ بکەیت، (لەبەر ئەوە) کاتێک کە (زید) خواستیو بوو بە هاوسەری (پاشان ڕێک نەکەوتنو جودا بوونەوەو تەڵاق کەوتە نێوانیان)، ئێمە (زینب)مان لەتۆ مارە کرد، تاکو ئیدی هیچ عەیبو شەرمەزارییەک نەمینێ لەسەر ئەوانەی کە کوڕی دیکەیان کردوە بە کوڕیان بەپێی دابو نەریتە نەفامییەکەو ئیدی گوناه نەبێ لەسەریان گەر هاوسەرە تەڵاق دراوەکەی ئەو کوڕە (بەکوڕداندراوەکەی خۆیان) مارە بکەنەوە.
پاشان پێغەمبەر لە مانگی (ذي القعدة)ی ساڵی (٥)ی کۆچیدا (زینب)ی مارە کرد و کردی بە هاوسەری خۆی. بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەتەکە، تکایە بڕۆ بۆ لاپەڕی "٢" . . .
M U S L I M G U I D E . S E ©
پەیوەندی: tajweed.kurdi@gmail.com