(ابن هشام) له (إبن إسحاق)ـەوە دەگێڕێتەوەو دەڵێ
(1):
قَالَ ابْنُ إسْحَاقَ: فَلَمَّا رَأَى رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مَا يُصِيبُ أَصْحَابَهُ مِنْ الْبَلَاءِ، وَمَا هُوَ فِيهِ مِنْ الْعَافِيَةِ، بِمَكَانِهِ مِنْ اللَّهِ وَمِنْ عَمِّهِ أَبِي طَالِبٍ، وَأَنَّهُ لَا يَقْدِرُ عَلَى أَنْ يَمْنَعَهُمْ مِمَّا هُمْ فِيهِ مِنْ الْبَلَاءِ،
قَالَ لَهُمْ:
«لَوْ خَرَجْتُمْ إلَى أَرْضِ الْحَبَشَةِ فَإِنَّ بِهَا مَلِكًا لَا يُظْلَمُ عِنْدَهُ أَحَدٌ، وَهِيَ أَرْضُ صِدْقٍ، حَتَّى يَجْعَلَ اللَّهُ لَكُمْ فَرَجًا مِمَّا أَنْتُمْ فِيهِ».
واتە کاتێک کە پێغەمبەر (

) بینی هاوەڵانی بەڕێزی بە چەندان شێوە ناڕەحەت دەکرێنو خۆشی لە جۆرێك لە سەلامەتی دایە، بەهۆی ئەوەوە کە خوا دەیپارێزێ لە هەندێک شت کە لایەقی پێغەمبەر (

) نییە کە بەسەری بێت، وە بەهۆی (أبو طالب)ی مامییەوە کە بەرگریی لێکردووە، وە ناتوانی بەرگریی بکات لە هاوەڵانی بەرێزی لەو بەڵاو ناڕەحەتییانەی کە بەسەریان دێت لەلایەن کافرەکانەوە، لەبەر ئەوە پێشنیاری بۆ کردنو فەرمووی: ئەگەر بچن بۆ خاکی (حەبەشە)، چونکە پادشایەکی لێیە هیچ کەس لەلای وی ستەمی لێناکرێ، وە پیاویکی دادگەرو باشە وە شوێنێکی باشیشە، هەتا خوای مەزن دەرووێکی ڕزگاربوونتان لەم حاڵەی ئێستا لێدەکاتەوە.
ئیدی ژمارەیەکی دیار لە موسڵمانان بەرەو خاکی (حەبەشە) با ئاینەکەیانەوەو لەڕێی خوادا هەڵاتن کە یەکەم کۆمەڵیان (١٢) پیاوو (٤) ئافرەت بوون، لەوانە: عثمان ـــ ى کوڕی عفان و خێزانەکەی کە روقەییە ـــ ی کچی پێغەمبەر بوو (
)، هەروەها زبیر ـــ ی کوڕی عەووامو عبدالرحمن ـــ ی کوڕی عەوف و عثمان ـــ ى کوڕی مظعون و عبدالله ـــ ى کوڕی مسعود، أبو سَلَمة و أُم سَلَمَة ـــ ی خێزانی . . . . ئەمە کۆچی یەکەمی موسڵمانان بوو بۆ (حەبەشە)، ئەوان کەشتییەکیان بەکرێ گرت بۆ گەیاندنیان. پاشان بەدوایاندا ژمارەیەکی دی لە موسڵمانان بەرەو (حەبەشە) کۆچیان کرد، یەک لەوانە (جعفر بن ابي طالب) بوو، هەتا لەدواییدا ژمارەی کۆچکردووەکان گەیشتە (٨٣) پیاوو (١٨) ئافرەت.
لەو ماوەیەدا لە (مەککە) چەندین کەس موسڵمان بوون، لەوانە (حمزة ـــ ی کوڕی عبدالمطلب) کە مامی پێغەمبەر بوو (
)، دوای ئەویش (عمر ـــ ی کوڕی خطاب) موسڵمان بوو. بە موسڵمان بوونیان موسڵمانان بەهێز بوونو بێباوەڕەکان دەترسان ئازاری زۆری موسڵمانان بدەن.
کافرەکان هەوڵی گەڕانەوەی کۆچکەرانی حەبەشە دەدەن . . . . .
کافرەکانی قوڕەیش کە هەواڵی کۆچکردنی ئەو ڕێژە زۆرەی موسڵمانەکانیان پێگەیشت کە ڕوویان کردۆتە (حەبەشە)و لەوێ قەراریان گرتووەو نیشتەجێ بوونو وەزعیان باشە، بۆیە بڕیاریاندا وەفدێک لە قوڕەیشدا بەدیارییەکی زۆرەوە بنێرن بۆلای پادشای حەبەشە (نەجاشی)، کە (عبدالله بن أبي ربيعة) و (عمرو بن العاص بن وائل)تێدابوون، ئەو دوو پیاوە زۆر قسەزانو بلیمەتو دیپلۆماسیو زیرەک بوونو، ئەو وەفدە چوو بۆ (حەبەشە) بۆ گێڕاندنەوەی کۆچکردووەکان بۆ (مەککە) تا سەرلەنوێ سزایان بدەنەوە.
جا کاتێک وەفدی قوڕەیش چووە لای (نەجاشی)، (عمرو بن العاص) ڕووی کردە (نەجاشی)و پێی گوت: چەند کەسێکی گەنجو بێعەقڵمان هەن کە لە دینەکەمان هەڵگەڕاونەوەو پەیڕەوی دینەکەی تۆش ناکەن، بەڵکو دینێکی تازەیان داهێناوە، ئێستاش ئەوانە هێندێکیان هاتوون بۆلای تۆ، بۆیە ئێمە داوات لێدەکەین کە ئەوانەمان تەسلیم بکەیەوە بۆ ئەوەی بیانگێڕینەوە لای خۆمان و ئاقڵیان بکەین.
نەجاشی (کە پیاوێکی زۆر ئاقڵو ژیر دەبێ) دوای بیستنی ئەو قسانە ڕای وابوو کارێکی دانایی نییە گەر ئەو کۆچکردوانەیان تەسلیم بکات پێش ئەوەی گوێ لەوانیش بگرێ، پێیان دەڵێ: با من بیانبینمو قسەیان لەگەڵدا بکەمو بزانم وتەو بەڵگەیان چییە؟ وە دینەکەیان چۆنە؟ ئەوانیش دەڵێن: پێویست ناکا بیانبینی چونکە ئەوان پیاوی مەجلیس نینو خەڵکی نەزانو نەفامن، بەڵام نەجاشی داکۆکیی لەسەر بینینیان دەکا، ئەوە بوو ناردی بەدوای هاوەڵانی پێغەمبەردا (
)و هاتنە لایو لێی پرسین: ئەو دینەی پەیداتان کردوە چییە؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەی نەجاشیدا (جعفر بن ابي طالب) لەنێو هاوەڵاندا (وەڵامێکی زۆر ئاقڵانەی دەداتەوەو بە کورتی باسی ئیسلامی بۆ دەکات)و دەڵێ:
{ئەی پادشا ئێمە کۆمەڵیکی شوێنکەوتووی نەفامی بووین، بتمان دەپەرستو مردارەوەبوومان دەخواردو، بەدڕەفتارییمان دەکردو، هەرچی کاری خراپو ناقۆڵایە دەمانکرد، پەیوەندی خزمایەتییمان دەپچڕاندو خراپەمان دەرهەقی دراوسێدا دەکرد، کێمان بەهێز بووایە بێهێزی هەڵدەلووشی، ئێمە لەسەر ئەو حاڵە خراپەدا بووین، هەتا خوا پێغەمبەرێکی لەخۆمان بۆ ناردین کە ڕەچەڵەکو بنەماڵەی دەناسینو بە پیاوێکی راستگۆو ئەمینو دەستپاکو داوێن پاک ناسراوە، ئەو بۆ لای خوا بانگی کردین، کە خوا بەتاک بگرینو تەنیا ئەو بپەرستینو، واز لەو بەردو بتانەی بابو باپیرمان دەیانپەرست فڕێیان بدەین، وە فەرمانی پێکردین کە ڕاستگۆبینو ئەمانەت پارێز بین، وە پەیوەندی خزمایەتی نەپچڕێنینو لەگەڵ دراوسێماندا باش بینو وازبێنین لە کاری حەرامو خوێنڕێژی، هەروەها کاری دزیو ناقۆڵای لێ قەدەغە کردین، هەروەها ڕیگریمان لێدەکات لە بەدکاریو قسەی درۆو بوختان هەڵبەستنو، خواردنی ماڵو سامانی هەتیوانو، بوختان بۆ ئافرەتانی ڕەوشتبەرز، دیسان فەرمانی پێکردوین کە هەر خوا بپەرستینو هیچ شتێک نەکەین بە هاوەڵی، جگە لەمانەش فەرمانی پێکردوین بە نوێژکردنو زەکاتدان و ڕۆژووگرتن . . . . . ئاوا هەرچی (کە ئەوکاتە هاتبوونە خوارێ) بۆی باس کرد، لە کۆتاییدا (جعفر) دەڵێ: ئێمەش بڕوامان پێی کردووە و ئیمانمان پێهێناوە، خوای پەروەردگارمان بە تەنیا پەرستو هاوبەشمان بۆ پەیدا نەکرد،
وە ئەوەی خوا قەدەغەی کرد، لەخۆمان قەدەغە کردو توخنی نەکەوتین، ئەوەشی کە خوا حەڵاڵی کردبو بەحەڵاڵمان داناو پەیڕەویمان کردووە. لە بەرانبەر ئەم کردەوەیانەماندا قەومەکەمان ئەشکەنجەو ئازاریان داین، وە زوڵمیان لێکردینو بەرپەرچی ئاینەکەمانیان داوەتەوە تاکو لەخواپەرستییەوە بمانگێڕنەوە بۆ سەر بتپەرستیو سەرلەنوێ ئەو شتە پیسو نابەجێیانە بە حەڵاڵ بزانین کە لەوەوپێش ئەنجاممان دەدا. دوای ئەوەی کە زوڵمیان لێکردینو چەوساندیانینەوەو وەزعیان لێ وەتەنگ خستینو ڕێگەی دیندارییان لێگرتین، ناچار بووین دەرچینو بێین بۆ وڵاتەکەی تۆ وە تۆمان بەسەر هەموو پادشاکاندا هەڵبژارد، چونکە بیستوومانە کە زوڵم قبووڵ ناکەیو پیاوێکی باشو دادپەروەری
}.
(نەجاشیی) گوتی: لەو قسانەی کە تۆ دەیڵێی ئەو پێغەمبەرەتان لەخواوە بۆی هاتۆتە خوار، هیچت پێیە؟!
(جعفر) دەڵێ: بەڵێ.
(نەجاشیی) گوتی: بۆم بخوێنە!
لەوکاتەشدا (جعفر) چەند ئایەتێکی لە سەرەتای سوورەتی (مَريَم)ی بۆ خوێندەوە، کە باسو مەدحی (عیسی)و (زکریا)و (مَريَم)ی تێدایە.
کاتێک، کە (نەجاشیی) ئەو ئایەتانەی بیستن، خۆیشیو ئەسقەفەکانیشی هێندە گریان هەتا ڕیشیان تەڕ بوو، ئینجا (نەجاشیی) گوتی: ئەوەی ئێوە دەیڵێنو ئەوەی (عیسی) پێی هاتوە، لەیەک سەرچاوە هاتوون، سوێند بەخوا ئێوە تەسلیمی (قورەیش)یەکان ناکەمەوە، من نامەوێ چیایەک لە زێڕم هەبێو ئازاری ئێوە بدەم، بەڵکو ئێوە تا لێرە بمێننەوە، ئازادنو لەخۆتان ئەمین بن، دوایی بە دەورووبەرەکی گوت: کە ئەو شتەی وەفدی (قوڕەیش) هێنابوویان وەکو دیاریی (هدية) بیاندەنەوە، سەرەنجام بە ڕیسواییو دۆڕاویی، وەفدی (قوڕەیش) گەڕایەوە بۆ (مەککە)و، موسڵمانەکانیش بە سەرەبەرزیی براوەییو ڕێزەوە لەوێ مانەوە
(2).
ئەمەش هەوڵێکی نەزۆکی دیکەی کافرانی (مەککە) بوو دژی موسڵمانانو بانگەوازی ئیسلامی، کە پەنایان برد بۆ بەرتیلو قسەی هەڵبەستراو، بەڵام سەرەنجام هەقو ڕاستی سەرکەوتو، ئەوانیش شەرمەزار بوون.
بروانە: ألسيرة النبوية لابن هشام، ج١، ص ١٦٢
بڕوانە: ألسيرة النبوية لابن هشام، ج١، ص ١٦٩ ــــ ١٧١، ط١، دار بن الهيثم