قال ابن القيم: هُوَ الْفَتْحِ الْأَعْظَمِ الَّذِي أَعَزَّ اللَّهُ بِهِ دِينَهُ وَرَسُولَهُ، وَجُنْدَهُ وَحِزْبَهُ الْأَمِينَ، وَاسْتَنْقَذَ بِهِ بَلَدَهُ وَبَيْتَهُ الَّذِي جَعَلَهُ هُدًى لِلْعَالَمِينَ مِنْ أَيْدِي الْكُفَّارِ وَالْمُشْرِكِينَ، وَهُوَ الْفَتْحُ الَّذِي اسْتَبْشَرَ بِهِ أَهْلُ السَّمَاءِ، وَضَرَبَتْ أَطْنَابُ عِزِّهِ عَلَى مَنَاكِبِ الْجَوْزَاءِ، وَدَخَلَ النَّاسُ بِهِ فِي دِينِ اللَّهِ أَفْوَاجًا ، وَأَشْرَقَ بِهِ وَجْهُ الْأَرْضِ ضِيَاءً وَابْتِهَاجًا (1). واتە: إبن القيم دەڵێ: ڕزگارکردنی (مكة) ئەو فەتحە گەورەیە بوو، کە خودای مەزن بەهۆیەوە ئایینو پێغەمبەرەکەیو سەربازو کۆمەڵگەی سەرخستو ماڵەکەی خۆی پێ پاککردەوەو کردیە سەکۆی هیدایەتی هەموو جیهانیانو ڕزگار کرد لەدەست موشریکان، ڕزگارکردنی (مكة) ئەو فەتحە بوو کە فریشتەکانی ئاسمان مژدەیان پێدەداو ورشەو جاونی بە ئەستێرەکانی ئاسمانیشو بەخشیو بەهۆیەوە پۆل پۆل خەڵکان هاتنە سەر ئاینی پیرۆزی ئیسلامو زەوی پێ ڕووناک بوویەوە.
قورەیش پەیمانەکە دەشکێنن . . . . . .
وەک پێشتر باسمان کرد یەکێک لە بەندەکانی (حديبية) ئەوەبوو هەر کەسێک هاوپەیمانی لایەنێک بێت دەبێت بەبەشێک لەو لایەنە، لایەنی سەرەکی بەرپرسیارە لە کاروکردەوەی هاوپەیمانەکانی، ئەوەبوو هۆزی (بني بكر) بوونە هاوپەیمانی (قورەیش)و (خزاعة)ش بوون بە هاوپەیمانی پێغەمبەر .
لە ساڵی (٨)ی کۆچیدا ڕووداوێکی وا هاتە ئاراوە کە هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەکەی (حديبية)ی پێویستو شیاوکردو بەم پێیەش جاڕی جەنگی لەدژی (قورەیش)یش ڕەواکرد، ڕووداوەکەش بەم شێوەیە بوو: ڕۆژێکیان هەندێک لە (بني بكر) بە یارمەتی (قورەیش)و بە فەرماندەیی (نوفل بن معاوية الديلي) هێرش دەکەنە سەر (خزاعة) لەکاتێکدا کە ئەوان چەکیان پێ نابێ لەسەر ئاوێک پێی دەڵێن (ألوتير)و زیاتر لە (٢٠) کەسیان لێ دەکوژن، بۆیە (خزاعة)ییەکان پەنا دەبەنە بەر (بیت الحرام)و دەچنە ئەوێ، بەڵام (بني بكر) لەوێش وازیان لێ ناهێنن! دوایی (خزاعة)ییەکان بە (نوفل) دەڵێن: {يا نوفل إنَّا قد دخلنا حرم إلهك}، واتە: ئەی نەوفەل ئێمە هاتووینە نێو حەرەمی پەرستراوی تۆوە، (نوفل)یش قسەیەکی زۆر خراپی لەدەم دەرچوو و گوتی: {لا إله اليوم يا بني بكر خذوا ثأركم}، واتە: ئەمڕۆ هیچ پەرستراو نین، ئەی (بني بكر) تۆڵەی خۆتان بستێننەوە(2). دیارە تاکە ڕێگە چارەی (خزاعة)ییەکانیش ئەوەبوو (٤٠) کەسیان لەگەڵ (عمرو بن سالم الخزاعي)دا نارد بۆلای پێغەمبەر و هەواڵی ئەو ڕووداوەیان پێگەیاندو، ئەوەشیان پێ گوت: کە (قورەیش) یارمەتی (بني بكر)ی داوە لەو هێرشەدا، پێغەمبەریش زۆر بەکورتیو پوختی دەفەرموێ: «نُصِرْتَ يَا عَمْرُو بْنَ سَالِمٍ». واتە: ئەی (عمرو بن سالم) یارمەتیتان دەدرێو پشتگیرییتان دەکرێ، (یانی: ئێمە خاوەنی پەیمانو بەڵێنی خۆمانین). پێغەمبەر هەر ئەوەندە دەفەرموێت، چونکە ئەوە مانای زۆر هەڵدەگرێ، شتێکیش پێغەمبەر فەرمووبێتی ڕاست دەرچووە.
ناردنی (أبو سفيان) بۆ (مدينة) بۆ تازەکردنەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ پێغەمبەر دا . . . . . .
کە (قورەیش)یەکان بۆیان دەرکەوت ئەو کارەیان پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی (حديبية)یەو، دەبیستن (خزاعة)ییەکان سکاڵای خۆیان بردۆتە لای پێغەمبەر ، خێرا سەرکردەی خۆیان (أبو سفيان بن حرب) دەنێرن بۆ (مدینة) بەمەبەستی چارەسەری کێشەکەو تازەکردنەوەی ڕێککەوتننامەو درێژکردنەوەی.
(أبو سفيان) دەچێ بۆلای پێغەمبەر و قسەی لەگەڵدا دەکات، بەڵام پێغەمبەر وەڵامی ناداتەوە، دوایی دەچێ بۆلای (أبو بكر ) بەڵکو تکا بکات لای پێغەمبەر قسەی لەگەڵدا بکات، بەڵام (أبو بكر) گوتی: من شتی وا ناکەم.
(أبو سفيان) دوای ئەوەی لەلای (أبو بكر) هیچی چنگ ناکەوێ، دەچێ بۆلای (عمر )و، دەڵێ: بۆ شتێکی ئاوا هاتووم، بەڵکو تەکلیفم بۆ لە پیغەمبەر بکەی کە ئەو هودنەو ڕێککەوتننامەیە پتەوتر بکەینو ماوەکەشی درێژ بکەینەوە، بەڵام (عمر) زۆر بە توندی وەڵامی دایەوە. سەرەنجام دەچێ بۆلای (علي ) ئەویش بە هەمان شێوە وەڵامی دەداتەوە، ئەویش بەنائومێدی گەڕایەوە بۆ (مکة).
خۆ ئامادە کردن بۆ ئازادکردنی (مكة)و هەوڵی ئاشکرا نەکردنی . . . . .
پێغەمبەری خودا خۆی ئامادە دەکاو فەرمان بە موسڵمانانیش دەکا کە خۆیان ئامادە بکەن، بەڵام لەپێشەوە بەکەسی نەگوت بۆ کوێو بۆچی دەچێ، هەتا نزیکترین کەسی خۆشی نەیدەزانی بۆ چ لایەک دەڕۆن، تەنانەت (أبو بكر )یش کە نزیکترین کەس بووە لە پێغەمبەرەوە نازانێ(3)، بەڵگەش ئەوەیە کە (أبو بكر) دەچێنە ماڵی (عائشة)ی کچی ــــ خوا لێیان ڕازی بێ ــــ ، دەڵێ: کچم هەست دەکەم پێغەمبەر خۆی ئامادە دەکاتو شتی بۆ دەپێچیتەوە! نازانی بۆ کوێیە؟! ئەویش دەڵێ: نەخێر بابە گیان بەمنیشی نەگوتوە!
کەواتە: پێغەمبەر خۆ ئامادەکردنەکەی بە ئەندازەیەک نهێنی بووە، کە بە خۆشەویستترین کەسیشی نەگوتوە، تاکو ئەو هەواڵە بڵاو نەبێتەوە نەبادا (قورەیش) پێبزاننو خۆیان ئامادە بکەن بۆ جەنگ، پێغەمبەریش بەتەمای جەنگو کوشتار نەبوو و حەزی بەخوێن ڕشتنیش نەدەکرد.
دوایی کە پێغەمبەر سوپاکەی ئامادە کرد، پێی گوتن کە بەرەو (مكة) دەچێتو دووعاشی کردو فەرمووی: «اللَّهُمَّ خُذْ الْعُيُونَ وَالْأَخْبَارَ عَنْ قُرَيْشٍ حَتَّى نَبْغَتَهَا فِي بِلَادِهَا»(4). واتە: خودایە هەموو هەواڵو نهێنیو دەنگو باسێکمان لە (قورەیش) بشارەوە، تاکو کتوپڕ بەسەریاندا دەدەین لە وڵاتی خۆیاندا.
دیارە پێغەمبەر لەو دووعایەدا زیاتر مەبەستی ئەوە بوو کە کوشتار ڕوو نەداو خوێن نەڕژێ. بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەتەکە، تکایە بڕۆ بۆ لاپەڕی "٢" . . .
M U S L I M G U I D E . S E ©
پەیوەندی: tajweed.kurdi@gmail.com