(ألإسراء) واتە شەوڕۆیی، (المعراج) واتە: بەرزبوونەوە، شەوڕۆیەکە لە (مەککە)وە بۆ (بیت المقدس) بووە، وە بەرزبوونەوەکەش لە (بیت المقدس)ـەوە بۆ ئاسمانەکانو پشت ئاسمانەکان بووە.
ئەو ڕووداوە گەورەو گرنگە ساڵێک پێش کۆچکردنی پێغەمبەر () بۆ (مدینە) بووە، جا بێگومان ئەو سەفەرە گەورەو سەرسوڕهێنەرە لە لایەکەوە دڵخۆشکەرێکی گەورە بووە بۆ پێغەمبەر ()، بەو ڕێزە تایبەتەی کە خودای گەورە لە پێغەمبەرەکەی () ناوە، لە لایەکی دیکەشەوە وزە وەبەرخستنو توانا تێدا پەیداکردنی زیاتر بووە بۆی تاکو بتوانێ لە قۆناغەکانی دواییدا دەوری زیاترو کاریگەرتر ببینێو لەسەر بانگەوازەکەی بە عەزمو جەزمتری کات، بۆیە خوای گەورە ئەو سەفەرە گەورەیەی بە پێغەمبەر () کردوە (کە یەکێکە لە ـــ معجزة ـــ گەورەکان) بۆ ئەوەی زیاتر دڵخۆشبێ بەوەی کە خوای پەروەردگار ڕێزی لێدەگرێو، بێڕێزیی کافرو بێبڕوایەکان زۆر کار نەکاتە سەر دڵو دەروونی موبارەکی.
خوای گەورە () لەبارەی شەوڕۆی پێغەمبەرەوە () فەرموویەتی: {{سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَىٰ بِعَبْدِهِ لَيْلًا مِّنَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِلَى الْمَسْجِدِ الْأَقْصَى الَّذِي بَارَكْنَا حَوْلَهُ لِنُرِيَهُ مِنْ آيَاتِنَا ۚ إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ ﴿١﴾}} ألإسراء (1) (2) (3). واتە: پاکییو بێگەردیو ستایش بۆ ئەو زاتەی کە شەوڕۆیی کرد لە بەشێکی شەوی کەمدا بە بەندەی خۆی لە مزگەوتی (ألحرام)ـەوە بۆ مزگەوتی (الأقصى) کە دەوروبەریمان پیرۆزو پڕ بەرەکەت کردوە، بۆ ئەوەی لە نیشانە گەورەکانی خۆمانی نیشان بدەین، بێگومان خوا بیسەرو بینەریشە.
جا کاتێک پێغەمبەری خوا () بەو ماوە هیجگار کەمە گەیاندرایە (بیت المقدس) لەوێ (إبراهيمو موسیو عیسی)و چەندین پێغەمبەری دی بینیو پێشنوێژیی بۆ کردن و لە گەڵیاندا پێکەوە سوجدەیان بۆ خوا برد، پاشان دوو قاپی بۆهات کە قاپێکیان (مەی) تێدابوو، وە قاپەکەی دیکەش (شیر)ی تێدابوو، پێغەمبەری خوداش () دەستی برد بۆ قاپە شیرەکەو لێی خواردەوە، بەڵام قاپە (مەی)ـەکەی فەرامۆش کرد. لەو ساتەدا مەلائیکەتی خودا جبریل () پێی فەرموو: ئەی محمد، بەڕاستی تۆ بە فیطرەتو سروشتی ساغیی خۆت ڕێنمایی کراویت، بێگومان نەتەوەکەشت هەر ئاوا ڕێنمایی کراونو سروشتێکی ساغیان هەیە، هەروەها (مەی)یشتان لێ حەرام کراوە.
ئەوە بە نیسبەت قۆناغو بەشی یەکەمی ئەو سەفەرە بەفەڕو گرنگە، بەشی دووەمی سەفەرەکەش بریتی بوو لە بەرزبوونەوە (معراج) کە پێغەمبەر () لە (بیت المقدس)ـەوە لەگەڵ جبریل () بەرەو ئاسمان بەرزکرایەوە، لە فەرموودە (صحيح)ــە کانی (بخاري و موسلم)دا هاتووە کە پێغەمبەر () لە هەر ئاسمانێک پێغەمبەرانو فریشتەکان لەپێشوازیی دابوون، تاگەیشتە (سدرة المنتهى). ئیدی لەوێوە پێنج نوێژ (بە پاداشتی پەنجا نوێژ) لە شەوو ڕۆژیکدا لەسەر ئوممەتەکەی فەرزکرا.
(معراج) بە فەرموودەی (صحيح) سەلمێندراوەو قابیلی ئینکارکردن نییە، ئەوەی فەرمانی بەم کارە کردوەو ئەنجامی داوە خوای پەروەردگارە، هەروەها ئەو ئایەتانەی قورئانی پیرۆز بەڵگەی سەلماندنی ئەو ڕووداوەیە، خوای بێوێنە () لەوبارەوە دەفەرموێ: {{مَا كَذَبَ الْفُؤَادُ مَا رَأَىٰ ﴿١١﴾ أَفَتُمَارُونَهُ عَلَىٰ مَا يَرَىٰ ﴿١٢﴾ وَلَقَدْ رَآهُ نَزْلَةً أُخْرَىٰ ﴿١٣﴾ عِندَ سِدْرَةِ الْمُنتَهَىٰ ﴿١٤﴾ عِندَهَا جَنَّةُ الْمَأْوَىٰ ﴿١٥﴾ إِذْ يَغْشَى السِّدْرَةَ مَا يَغْشَىٰ ﴿١٦﴾ مَا زَاغَ الْبَصَرُ وَمَا طَغَىٰ ﴿١٧﴾ لَقَدْ رَأَىٰ مِنْ آيَاتِ رَبِّهِ الْكُبْرَىٰ ﴿١٨﴾}} ألنَّجم واتە: عەقڵی پێغەمبەر () بەهەڵەدا نەچووبوو لەوەدا کە بینی، (کە جبریل ـــ ی بینیوە لەسەر شێوەی خۆی)، ئایا ئێوە لە گوماندان (یان شەڕەقسەی لەگەڵدا دەکەن) لەبارەی ئەوەوە کە دەیبینێ، وە جارێکی دی (جبریل )ی بینی لەسەر شکلو شێوەی خۆی(4)، لەلای درەختی کۆتایی (کۆتایی هەموو مەخلوقات) لەلای ئەو درەختە بەهەشتی جێگەی تێدا حەوانەوەی (ئەهلی ئیمانی) لێیە، کە ئەو درەختە دادەپۆشێ ئەوەی کە دایدەپۆشێ (کە بەس خوا دەزانێ ئەو شتە چییە کە ئەو درەختە دادەپۆشێ) چاوی پێغەمبەر () لای نەدا، وە لە ڕێش دەرنەچوو (واتە ئەوەی بۆی دیاری کرابوو بیبینێ هەر ئەوەی بینی) وە سەرکێشیشی نەکرد، بێگومان ئەو (محمد ) لە نیشانە گەورەکانی خوای پەروەردگاری بینی.
پاشان پێغەمبەر () هەر ئەو شەوە گەرایەوە بۆ (مەککە)، سەر لەبەیانی لەگەڵ هەڵهاتنی خۆردا پێغەمبەری خوا () هەرچی دیبوو لەو شەوەدا بۆ گەلەکەی گێرایەوەو دوای تەواوکردنی باسی ڕووداوەکەی، هەندێک کەس باوەڕیان پێکردو هەندێک کەسی دیکەش لە (قوڕەیش) بەدرۆیان خستەوە، چەند کەسێکیش لەو باوەڕدارە سەرەتایییانەی کەوا باوەڕێکی لاوازیان هەبوو هەڵگەڕانەوە، هەندێک لە پیاوانیش خۆیان گەیاندە أبو بكر الصدّيق ()و ویستیان بزانن بیروڕای ئەو چۆنە لەو ڕووەوە! ئەویش لە وەڵامیاندا گوتی: (من باوەڕی پێدەکەم تەنانەت گەر ڕووداوی لەوە گرانترو گرنگتریش بگێرێتەوە). دیارە لەبەر ئەوەش ناوی لێنرا (الصدّيق) (5).
دوای ئەوە کافرانی (مەککە) ویستیان پێغەمبەر () تاقیبکەنەوەو لەڕاستییو ناڕاستیی ڕووداوەکە بکۆڵنەوە، ئەوەبوو داوایان لێکرد وەسفێکی (بیت المقدس)یان بۆ بکاتو باسی ئەو پیاوانەیان بۆ بکات کە لەو شوێنەدا بوون. پێغەمبەریش () وەسفی جێگە بەجێگەی بۆکردن، لەوکاتەدا هەندێکیان گوتیان : بەڕاستی وەصف کردنەکەی تەواو بوو پێکای . . . .
پاشان داوایان لێکرد هەواڵی ئەو کاروانە حوشترەیان پێبدات کە بەڕێوەیەو دێتەوە بۆلایانو کە شمەکی بازرگانییانی هەڵگرتوە. پێغەمبەریش () هەواڵی ئەو کاروانی بازرگانییەی خۆیانی پێگەیاندنو ژمارەکەشی بۆ دیاریکردنو فەرمووی: فڵان ڕۆژ ئەو کاروانە لەگەڵ هەڵهاتنی خۆردا بەڕێکەوتوونو حوشترێکی سپی کە کۆپانێکی ڕەش بەسەر پشتەوەیە لەگەڵ دوو مەشکەی رەشدا لەپێش کاروانەکەوە دەگەڕێتەوە لاتان بۆ شاری (مەککە). ئەوانیش بەردەوام لە چاوەڕوانیکردنی کاروانەکەدا بوون تا لەدواییدا گەیشتو بەو جۆرەش بینیان کە پێغەمبەر () بۆی باس کردبوون. کەچی سەرەڕای ئەوەش بێباوەڕیو سەرکەشیو نەفامییەکەیان زیاتر بوو.
M U S L I M G U I D E . S E ©
پەیوەندی: tajweed.kurdi@gmail.com