کاتێک موشریکەکانی (مەککە) هاوەڵانی پێغەمبەریان () دەبینی خۆیان ئامادە کردووەو دەردەچنو، ماڵو منداڵو سامانەکەیان لەگەڵ خۆیاندا دەبەن بۆ (يثرب) واتە بۆلای هەردوو هۆزی (ئەوسو خەزرەج)، وە دوای ئەوەی هەواڵیان پێگەیشت کەوا موسڵمانەکان لەلایەن ئەو دوو هۆزەوە پیشوازییان لێکراوەو حەوێنراونەتەوەو پشتیوانیی کراون، هەروەها (قوڕەیش) دەیانزانی کە پێغەمبەر () بنکەیەکی جەماوەریو قەڵایەکی مەحکەمی بۆ دروست بووەو ئەویش هەر کاتێک بیەوێ دەچێتە نێو هاوەڵانی لە (يثرب)و کاری گەورەی لەدەستدێ، وە لەوێ بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ بداتو ئەو قۆناغەی گرتنە بەسەر بچێو، موسڵمانان بچنە قۆناغێکی دیکەی ئامادەیی جەنگو قبووڵ نەکردنی ئەشکەنجەوە، ئەمەیان بە مەترسییەکی گەورە زانی کە هەڕەشەی لە قەوارە ئابووریو بتپەرستییەکەیان دەکرد، وە دەرکیان کردبوو بە گەورەیەتی کەسێتی پێغەمبەر () وە کاریگەرێتیی لەسەر خەڵک، ئەو لێهاتنو هیممەتو گیان فیداییەی هاوەڵانی هەیانبوو لە ڕیگەکەیداو ئەو تواناو هێزو دەسەڵاتەی (ئەوسو خەزرەج) هەیانە.
هەروەها دەیانزانی کە (يثرب) شوێنێكی ستراتیجی گرنگە بۆ کاروانی بازرگانیان کە بە کەناری دەریای سووردا لە (یەمەن)ـەوە بەرەو شام دەڕوات، خەڵکی (مەککەش) ساڵانە بری یەک چارەگە ملیۆن دیناری زێڕ بازرگانیان بەرەو شام دەبرد، ئەمە جگە لەو بڕەی دەستی خەڵکی (طائف)و شوێنەکانی دی دەکەوت، دیاریشە کە بنەڕەتی بازرگانیی لەو شوێنەدا پشتی بە ئاسایشی ئەو ڕێگەیە بەستبوو.
ئیدی موشریکەکان بەتەواوی هەستیان کرد بەو مەترسییەی هەڕەشە دەکات لە قەوارەیان، دەگەڕان بە شوێن باشترین ئامڕازدا کە ئەو مەترسییە لەخۆیان دوربخەنەوە، کە هۆ سەرەکییەکەی هەڵگری ئاڵاکەیەتی ئەویش پێغەمبەری ئیسلامە ().
بۆیە لە مانگی (صَفَر)ی ساڵی (١٤)هەمی پێغەمبەرێتیدا، وە پاش نزیگەی تێپەڕبوونی دوو مانگو نیو لە سەر پەیمانی دوومی (عَقَبة)دا، پەرلەمانی مەککە (دارِ النَدوَة) (1) لە سەرەتای ڕۆژەکەیدا ترسناکترین کۆبوونەوەیان ئەنجامدا لە مێژووی خۆیاندا، لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەری هەموو تیرە (قوڕەیش)یەکان ئامادە بوونو دەستیان کرد بەڕاوێژو ڕاگۆڕینەوە بۆ گەیشتن بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە کە هەڵگری بانگەوازە ئیسلامییەکە لەناو بەرێتو، بۆ هەتا هەتایە نووری تیشکەکەی بکوژێننەوە، شایانی باسیشە ئەوانەی لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداربوون سەرکردەو ناودارانی هەموو (قوڕەیش) بوون.
ئەوەبوو هەندێک لە سەرانی (قوڕەیش) پێشنیاری دەربەدەرکردنیان بۆ دانا، هەندێکی دیکەشیان ئاماژەیان بۆ دەستگیرکردنو بەندکردنی کرد، کە بە کەلەپچەی ئاسن دەستو پێی ببەستنەوەو چاوەڕێ بکەن تا لە ژوورێکدا دەمرێ، وەک چۆن شاعیرانی پێشوو وەک (زهير بن أبي سلمى)و (ألنّابغة الذبياني) کە تووشی لادان بوون، بەو شێوەیە زیندانی کراون تا مردوون، بەڵام ئەو پێشنیارانە ڕەت کرانەوە.
کۆدەنگی لەسەر بڕیارێکی زاڵمانە بۆ کوشتنی پێغەمبەر () . . . . . . . .
پاش ئەوەی پەرلەمانی (قوڕەیش) ئەو دوو پێشنیارەی ڕەت کردەوە، پێشنیارێکی گوناهکارانەی خرایە بەردەست، هەموو ئەندامەکانی ڕەزامەندییان نواند لەسەری، ئەو پێشنیارە سەرکردەی تاوانبارەکانی مەککە (أبو جهل) خستیە ڕوو.
(أبو جهل) پێشنیاری کوشتنی بۆدانان بەشێوەیەک کە لەدواییدا هۆزەکەی پێغەمبەر () توانای تۆلەسەندنەوەیان نەبێت، ئەوەش بەو ڕەنگەی هەر هۆزێک لاوێکی بەهێزو خاوەن نەسەبو خانەدان هەڵبژێرێتو پاشان هەریەکە لەو لاوانە شمشێرێکی بڕەندەو تیژیان بدرێتە دەستو هەموویان پێکەوە (بەیەک جار، وەک یەک پیاو) بە شمشێرەکان لێی بدەنو بیکوژن، ئەگەر وایان کرد خوێنەکەی بەنێو هەموو تیرەکانی عەرەبدا بڵاو دەبێو (بَنُو عَبْدِ مَنَاف) ناتوانن بجەنگن دژ بە سەرجەم خزمانیانو تۆڵە لەو هەموو هۆزانە بکەنەوە، وە ناچارانە بە (ديّة)(2) ڕازی دەبنو ئەوانیش خوێنەکەی دەدەنو کۆتایی پێدێت.
دوای ئەو کۆبوونەوەیەیان لە (دارِ النّدوَة) بڵاوەیان لێکردو هەمووشیان ڕێکەوتبوون لەسەر ئەو ڕاو بۆچوونەو ئەو پێشنیارەی (أبو جهل) کردی سەبارەت بە کوشتنی پێغەمبەر ().
خوای گەورە () باسی ئەو سێ پێشنیارەی کافرەکان دەکاتو دەفەرموێ: {{وَإِذْ يَمْكُرُ بِكَ الَّذِينَ كَفَرُوا لِيُثْبِتُوكَ أَوْ يَقْتُلُوكَ أَوْ يُخْرِجُوكَ ۚ وَيَمْكُرُونَ وَيَمْكُرُ اللَّـهُ ۖ وَاللَّـهُ خَيْرُ الْمَاكِرِينَ ﴿٣٠﴾}} ألأنفال. واتە: ئەی (محمد!) یادی ئەو کاتە بکەوە کە ئەوانەی بێباوەڕ بوون پیلانیان دەگێرا کە زیندانییت بکەن، یان بتکوژن، یاخود دەرت بکەن، ئەوان پیلانیان دەگێڕاو خواش وەڵامی پیلانەکەی دانەوەو نەخشەی بۆ دەکێشای، خوا باشترین نەخشە دانەرە.
کاتێک کە بڕیارە تاوانکاریەکە دەرچوو بە کوشتنی پێغەمبەر ()، هەر ئەو ڕۆژە خوای گەورە (جبریل )ی نارد بۆ لای پێغەمبەر () تا ئەو هەواڵە تازەیەی پێبگەیەنێت ئاگاداری کردەوە لەو پیلانەی گەلەکەیو هەواڵیشی دایە کە خوای گەورە مۆڵەتی پێداوە کۆچ بکاتو کاتی کۆچەکەشی بۆ دیاری کردوەو، پێی فەرموو: ئەم شەو لەسەر ئەو جێگەیەی کە جاران تێیدا دەخەوتی مەمێنەوە (3).
M U S L I M G U I D E . S E ©
پەیوەندی: tajweed.kurdi@gmail.com